مه‌لا به‌ختیار: ئیمزای هه‌موو به‌رپرسه‌كانی یه‌كێتیم لایه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ریفراندۆم بوون

‌مەلا بەختیار

وێستگه‌ نیوز ـ
مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رایگه‌یاند، "دوای كاردانەوەی دەوڵەتانی جیهان‌ و دەوڵەتانی ئیقلیمی ‌و كارەساتی كەركوك، داڕمانێكی دەرونیی چاوەڕواننەكراو هاتووەتە ئاراوە، لەژێر كاریگەرییەكانیدا بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتی و لایەنەكان هەر وەك نە بایان دیبێ‌‌ و نە باران، خۆیان وا پیشاندەدەن كە لە نووكەوە تا كۆتایی ریفراندۆمیان قبوڵ نەبووە. ئەمەش سەراپا پێچەوانەی راستییەكانە. بەندە، دەتوانم بەڕەهاییەوە بڵێم یەك ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیش نادۆزیتەوە دژی ریفراندۆمی بووبێ، واژۆی هەموویانم لەلایە".


مەلا بەختیار، لە وتارێکدا کە لە ژمارەی ئەمڕۆ دووشەممە 27ی تشرینی دووه‌می2017 ی رۆژنامەی چاودێر بڵاویکردووەتەوە، نووسیویەتی: "دوو مانگ بەسەر ریفراندۆمدا تێپەڕی، هێشتا دووكەڵی پیلانگێڕی رەش رەش ئاسۆی راستییەكانی لەنێو حكومەت‌ و یەكێتی داپۆشیوە. هەڵبەتە نە لەنێو كورددا كێشەی حكومەت ‌و نە کێشەکانی نێوان هەرێم ‌و بەغدا لەدوای ریفراندۆمه‌وە دەستپێدەكەن، نە تەنگژەی یەكێتیش زادەی ریفراندۆمه‌، هەموو ئەوانەی پێیانوایە حكومەتەكەمان ‌و ئەزموونەكەمان، لە عیراق ‌و باشووری كوردستاندا تەنیا ریفراندۆم گەیاندوویەتییە ئەم دۆخە نالەبارەی ئێستا، لەگەڵ ویژدانی خۆیان ‌و رای گشتی راستناكەن. ئەوانەی پێشیانوایە دۆخی نێو یەكێتی لەدوای ريفراندؤم گەیشتووەتە پیلانی شەممەی (4/11-2017)، ئەمانەش دەیانەوێ‌ مەرامە جۆراوجۆرەكانی جەمسەرەكانی نێو یەكێتی داپۆشن".

هەر پەیوەست بە ریفراندۆم زیاتر نووسیویەتی: "ئەگەر باوەڕ ناكرێ‌ هەموو سەرکردەکانی یەکێتی لەگەڵ ریفراندۆم بوون، رێكکەوتنی نێوان یەكێتی ‌و گۆڕان بخوێننەوە، بە راشكاوی باسی ریفراندۆم ‌و سەربەخۆیی كوردستان كراوە. ئەگەر ئەمەش كۆن بووبێ‌، ئەوەی گومانی هەیە، با نەخشەڕێگاكەی یەكێتی بۆ پارتی بخوێنێتەوە. بزانن چۆن باس لە ریفراندۆم و سەربەخۆی ی‌و باس لە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كەركوك‌ و ناوچە كێشەلەسەرەكانیش كراوە. ئەگەر هەبێ‌ دڵی بەمانەش ئاونەخواتەوە، با راگەیةندراوی دوا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی ‌و مەكتەبی سیاسی پێش ئەنجامدانی ريفراندؤم لە (7-9-2017)و (23-9-2017) بخوێنێتەوە و دیقەت بدات، ئایا یەکێتی ملیمەترێك لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی پاشەكشەی كردووە. لەوماوە دورودرێژەش، یەك ئەندامی سەركردایەتی ‌و مەكتەبی سیاسی نییە پێش ریفراندۆم وتارێكی دژی ریفراندۆم نووسیبێ‌، یان لێدوانێكی دژی ریفراندۆم دابێ‌. بۆ؟ چونكە لە كۆبوونەوە رەسمییەكاندا، دەنگیان بە ریفراندۆم داوە. تەنانەت ئەگەر بۆچونی جیاوازیشمان لەسەر بەدیلی ريفراندؤم ‌و نەكردنی ريفراندؤم لە كەركووك هەبووبێ‌، مەكتەبی سیاسی جەختی كردووەتەوە كە بە رێكکەوتن لەگەڵ پارتی ئەم ئەركە ئەنجامبدرێت، نەك بە جیا وەك یەكێتی".

بەڕای مەلا بەختیار ريفراندؤم خیانەت نییە و یەكەمین ئەزموونی دیموكراسییە كە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و كوردستاندا گەلێكی ستەملێكراو ئەنجامی دابێ‌. دەشڵێت: "ئێمە وەك مافی دیموكراسی باوەڕمان بە ريفراندؤم و هەڵەمان نەكردووە، بەڵام لە خوێندنەوەی هاوكێشەكان و تەرازوی هێزی ناوچەكە و دونیا، لیژنەی باڵای ریفرادۆم بەهەڵەدا چوو. وەك یەكێتی لە خوێندنەوەی هاوكێشە سیاسییەكان ‌و كاردانەوەكانیشدا لە كۆبونەوە داخراوەكان ‌و كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا، بەهەڵە نەچووین، بەڵام هەڵوێستە دروستەكانمان، پاڵی پێوەنەناین لەنێو رای گشتی گەلەكەمان دژی ريفراندؤم هەڵوێست وەربگرین، هاوسەنگییەكەمان لەنێوان كۆبوونەوەكان ‌و هەست ‌و هەڵوێستی رای گشتیدا راگرت".

بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی باسی ئەوەی کردووە کە لە هیچ كۆبوونەوەیەكی سەركردایەتی‌ و مەكتەبی سیاسی نەگوتراوە یەكێتی لە بڕیاری لایەنە سیاسییەكان دوركەوێتەوە و گوێ نەداتە ئەنجامی لێكترازانی هێزە كوردستانییەكان، "هەموو ئەوانەی ئەیانەوێ‌ ئەنجامی ريفراندؤم لە ئۆباڵی شاندی دانوستانی یەكێتی بئاڵێنن، رۆژێكی نزیك دێ‌ بەڵگەنامەكان بە واژوی خۆیان بڵاودەكرێنەوە و راستییەكان بۆ رای گشتی ساخدەكرێنەوە".

هــ. ر


PM:02:18:27/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 4635 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو