مه‌سرور بارزانی سكاڵایه‌ك له‌دژی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ دادگای فیدڕاڵیی عێراق تۆمار ده‌كات


وێستگه‌ نیوزـ

ئەمڕۆ دووشەممە سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەڕێگەی پارێزەرەکەیەوە لە دادگای باڵای فیدراڵی، سکاڵای لە دژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارکرد.

له‌ سكاڵاكه‌یدا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم داوا دەکات رێکارەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان رابگیرێت.

مه‌سرور بارزانی له‌رێگه‌ی پارێزه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ به‌ناوی "ئه‌یاد ئیسماعیل محه‌مه‌د" ئاماژەی بەوە کردووە، "کۆمیسیۆن لە دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن، سەرپێچی دەستوور و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کردووە، چونکە کۆمیسیۆن لە دابەشکردنی ژمارەی کورسیی بازنەکان، پشتی بە ژمارەی دەنگدەران بەستووە نەوەک ژمارەی دانیشتوانی ئەو بازنانە، ئەمەش پێچەوانەی دەقی ماددەی 49ی دەستوری عێراقە".

هەر لە سکاڵاکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە، "ماددەی تانەلێگیراو سەرپێچی بڕگەکانی دەستوری کردووە، کە تیایدا هاتووە رەچاوی نوێنەرایەتی تەواوی پێکهاتەکانی گەل بکرێت"، دەشڵێت "راستە ئەم بڕگەیە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، بەڵام بنەمایەکە دەستوور پەسەندی کردووە و پێویستی نوێنەرایەتی پێکهاتەکانە لە تەواوی دەسەڵاتەکانی یاسادانانن، بۆیە پێویستبوو کۆمیسیۆن رەچاوی هاوسەنگی بکات، بە دیاریکراوی تایبەت بە پێکهاتەکانی تورکمان و مەسیحی".

مەسرور بارزانی لە سکاڵاکەیەدا داوا لە دادگای باڵای فیدڕاڵی دەکات، بڕیارێکی بەپەلە دەربکات بۆ راگرتن و هه‌ڵپه‌ساردنی ئه‌و رێوشوێنانه‌ی كه‌ كۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان گرتویه‌تییه‌ به‌ر".


PM:06:06:06/05/2024










ئه‌م بابه‌ته 1664 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت