مه‌لا به‌ختیار روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌


وێستگه‌ نیوز ـ
مەلا بەختیار، بەرپرسی‌ دەستەی‌ کارگێڕی‌ مەکتەبی‌ سیاسیی‌ یەکێتی‌ نيشتماني كوردستان رایدەگەیەنێت پێویستە سەركردایەتیی سیاسیی‌ کوردستان - عێراق تەنها بۆ ماوەیەكی كاتیی بێ‌، تا دانوستانەكان دەربارەی ریفراندۆم، ساغدەبنەوە.

مەلا بەختیار، بەپرسی‌ دەستەی‌ کارگێڕی‌ مەکتەبی‌ سیاسیی‌ یەکێتی‌ راشیگەیاندووە، بۆئەوەی هەر هەڵەتێگەیشتنێك، بەرامبەر ئەم سەركردایەتییە سیاسییە یان هەر كاڵ‌وكرچییەك لەچۆنیەتی پێكهێنانیدا هەبێ‌، بڕەوێتەوەو پێشگیری لە روداوی نەخوازراویش بكرێ‌، پێشنیاز دەكەم، سەركردایەتی سیاسی كوردستان-عێراق كۆببێتەوەوتاوتوێی‌ ئەوەبکات کە  سەركردایەتییەكە، تەنها بۆ ماوەیەكی كاتی بێ‌، تا دانوستانەكان دەربارەی ریفراندۆم، ساغدەبنەوە.

ئەوەشی‌ وتووەکە پێویستە لەو ماوەیەدا، دەسەڵاتە سیاسیەكانی سەركردایەتیەكە، لەچەند پێشنیازێكدا، بخریتە بەردەم پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمان، سەرپشك بکرێ‌ لە قبوڵكردنی سەركردایەتیەكە یان رەتكردنەوەی، یاخود هەر ئاڵوگۆڕێك لەدەسەڵاتەكانی، تەنانەت لە پێكهاتەی سەركردایەتیەكەش.

راشیگەیاندووە کە پێویستە كۆبونەوەی‌ سەرکردایەتیی‌ سیاسیی‌ کوردستان – عێراق هەر ئەم هەفتەیە ئەنجامبدرێ‌، هەتا لەم دۆخە هەستیارەدا، كات بەفیڕۆنەدرێ‌‌و بواریش نەدەین، نان‌و تەڕەپیاز، بەكێشەی لاوەكیەوە بخورێ‌.

دروستکردنی‌ ئەو سەرکردایەتییە ژمارەیەک کاردانەوەی‌ جۆراجۆری‌ لێکەوتووەتەوە و هاوکات هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، پێکهێنانی ئەنجومەنی سەركردایەتی سیاسی‌ كوردستان- عيراقی بە "مەجلیسی قیادەی سەورە – عيراق" شوبهاندووە و رایگەیاندووە لە پێکهێنانی ئەو ئەنجومەنەدا نەگەڕاونەتەوە بۆ سەرکردایەتی حزبەکان.

وتوشیەتی "وەک ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەگەڵ درووستکردنی ئەنجومەنی سیاسی کوردستان – عيراقدا نیم و نابم".

رۆژی 1ی‌ تشرینی‌ یەکەمی 2017 ئەنجومەنی‌ باڵای‌ ریفراندۆم لە سەڵاحەدین بە سەرپەرشتیی‌ بارزانی‌ کۆبوویەوە و کۆتایی‌ بە کارەکانی‌ خۆی‌ هێنا.

لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاری دامەزراندنی‌ سەرکردایەتیی‌ سیاسیی‌ کوردستان – عيراق درا و سەرکردایەتییەکە بە سەرۆکایەتیی‌ بارزانی‌ دامەزرێندرا بۆ تاوتوێکردنی‌ پرسە گرنگەکانی داهاتووی هەرێمی کوردستان. 

هەر لەو کۆبوونەویەدا تاوتوێی دەستپێشخەرییەکانی عەلی سیستانی و ئەیاد عەلاوی کراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و سەرکردایەتیی‌ سیاسیی‌ کوردستان – عيراق رایگەیاند، هیچ هەڕەشەیەک لە بڕیاری 25ی ئەیلول پاشگەزیان ناکاتەوە و پێشوازیش لە بانگەوازی ئایەتوڵا سەید عەلی سیستانی لەمەڕ گرتنەبەری دیالۆگ دەكات و بە شێوەیەكی فەرمیش وەڵامی ئەو بانگەوازەی ئایەتوڵڵا سەید سیستانی دەدەنەوە.

رۆژی7ی مانگی حوزەیرانی 2017 بارزانی و لایەنەکان بەبێ بە شداری گۆڕان و کۆمەڵ کۆبوونەوە و 25ی‌ ئەیلولی 2017 یان بۆ ئەنجامدانی‌ ریفراندۆم دیاریکرد و لەهەمان کاتیشدا ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆمیان راگەیاند بۆ سەرپەرشتی کردنی پرۆسەکە.


دەقی روونکردنەوەکە:

تكایە.. لەسەر (سەركردایەتی سیاسی كوردستان- عێراق)

وردببنەوە !
مەلا بەختیار
 
ساڵەهایە، حزبە كوردستانییەكان، پێش سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆن‌و دوای ئەوەش؛ پێش داخستنی پەرلەمان‌و دوای ئەوەش، ناوبەناو كۆبونەوەی سیاسییان كردووە، بەفراكسیۆنەكانی گۆڕان‌و كۆمەڵیشەوە. هاوكات پەرلەمانیش لەگەرمەی راپەڕاندنی ئەركەكانی بووە.. دوای داخستنی پەرلەمان، زۆربەی كۆبونەوەكان كە دەكران، بۆ چارەسەركردنی كێشەی لایەنە سیاسیەكان‌و چۆنیەتی كاراكردنەوەی پەرلەمان بووە. هەمیشە یەكێتی لەو كۆبونەوانەدا، جەختی لەسەر یەكڕیزی نیشتمانی‌و كاراكردنەوەی پەرلەمان (بێ مەرج) كردۆتەوە. لەم رێبازەشدا، سەركەوتن بەدەست هات.

كاتێك، بۆچونەكانی ساڵەهای هەموولایەك (بێ‌ جیاوازی) سەبارەت بە ریفراندۆم‌و سەربەخۆیی، لەسەرەتای ئەمساڵەوە، هاتەوە گۆڕێ‌، سەرەنجامی گفتوگۆكان، ئێمەی نوێنەرانی یەكێتی، بەردەوام دەمانگوت:

ریفراندۆم‌و سەربەخۆیی، مافی ستراتیژی‌و چارەنوسی گەلەكەمانە، بەڵام لەدیاریكردنی كاتەكەی، دەبێ‌ وریا بین. بەڵام دەشمانگوت: ناكرێ‌، رێكەوتنە نێودەوڵەتیەكان لەسەر ناوچەكە، لەنێوان حكومەتەكان‌و زلهێزەكاندا، مۆربكرێ‌‌و دوای كۆتایی شەڕی داعش، ئیتر هەلەكەمان لەدەستبچێ‌. دەشمانگوت: كورد، جەنگاوەری ئازا نییە، هەتا دوای شەڕ خەڵاتمان بكەن‌و بچینەوە ماڵی خۆمان. دەمانگوت: لەشەستەكانەوە، تێكۆشەری پێناوی ئازادی بوین‌و هەین.

لەو كۆبونەوانەدا، كە زۆربەی لایەنەكان بەئامادەبونی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە، (7/6/2017) بڕیاری ریفراندۆم درا، نوێنەرایەتی یەكێتی هەندێك رونكردنەوەی پێویستمان سەبارەت بە دۆخە سیاسیەكە دا. كە بڕیاری رۆژی ریفراندۆمیش پەسەند كرا، ئیتر ناوی (ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم) هاتەئارا. لەكۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی ناوبراویشدا، یەكێتی جەختمان كردوە كە: (مادام پێشنیازی بەدیل لەم وڵات‌و ئەو وڵات.. پێشكەش دەكرێن‌و گەورەبەرپرسانی وڵاتانی گەورەش. دێن، هەقوایە پرۆژەیەكمان بۆ بەدیلی ریفراندۆم هەبێ‌).. بەگشتی ئەم بۆچونەمان پەسەند كراو پەیگیری بەدیل لەگەڵ وڵاتانی دۆستی ئیقلیمی‌و دەرەوە، لەلایەن گروپێكی باڵاوە لەبەرێزان (نێچیرڤان بارزانی، قوباد تاڵەبانی، د.فوئاد حسێن) پەیتا پەیتا دەكرا. كە بەداخەوە، حكومەتی عێراق، بەربەستی لەبەردەم ئەو بەدیلە دڵخوازەی لیژنەی باڵای ریفراندۆم دادەنا. كورتیەكەی:

حكومەتی عێراق، بەتایبەتی هەندێكی هێزە شیعەكان، دەیانویست وەكو ساڵانی رابوردوو، گفتوگۆ بكرێ‌‌و قسە تەنها لەسەر دەستكەوت‌و چارەسەری كێشەكانی رابوردوو بكرێ‌، لیژنەی باڵای ریفراندۆمیش، جەختیان دەكردەوە، كە متمانە لەنێوان هەرێم‌و بەغدادو ئەم چەشنە حوكمڕانی‌و سیستەمەو چۆنیەتی شەراكەتە، زۆر لاوازە. بۆیە، پێویستە بگوازینەوە بۆ قۆناغی باڵای گفتوگۆو رێكخستنەوەی عێراق. مەخابن، تائێستا، لەنێوان هەرێم‌و بەغداد، بۆ تێگەیشتنی هەمەلایەنە لەسەر دۆخی دوای شەڕی داعش‌و ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم‌و رێكخستنەوەی عێراق‌و هەرێم‌و مافە دەستورییە راستەقینەكانی گەلی كوردستان، بۆچونی هاوبەش گەلاڵە نەبووە. هەموو ئەو هەوڵانەی دراشن، بۆ دۆزینەوەی چارەسەری دیموكراسییانەی راستەقینە، سەریان نەگرت.

لەو ماوەیەدا، یەكێتی، پاشەكشەی لەئامانجەكانی ریفراندۆم نەكرد، بەڵام تایبەتمەندی سیاسەتەكانی خۆشی دەربارەی بەدیل، لەكۆبونەوەكاندا، قەت نەدەشاردەوە.

كە ریفراندۆمیش ئەنجامدرا، یەكێتی، بەرپرسیارێتی نەتەوەیی‌و دیموكراسی خۆی، ئەنجامدا.

ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم، كارەكانی كۆتاییهات. لەكۆبونەوەی (30/9/2017) دا، لەنێوان (پارتی، یەكگرتوو، یەكێتی) بەئامادەبونی بەرێز بارزانی، تەنها وەكو بیروڕایەك باسی ئەوە كرا، ئایا، ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم بمێنێ‌، یان هەڵبوەشێتەوە. 

وەكو بیرۆكە وا پەسەند كرا، بەهەندێك تێبینیشەوە لەسەر چۆنیەتی (ئەنجومەنە باڵاكە!) كە كێشەكانی دوای ریفراندۆم، بەردەوام پێویستیان بە راوێژی سیاسی لایەنە سیاسیەكان هەیە. بەبێ‌ ئەوەی بڕیاری پێشوەخت لەئارادا بێ‌. یان بەرنامەو پرۆگرام بۆ ئەنجومەنەكە ئامادەكرابێ‌، یاخود تەنانەت بیریش لە رێسای سەركردایەتیەكەو رابەرایەتیەكەی، یان پەراوێزخستنی هیچ لایەك كرابێ‌، نەخواستە بیر لەوە كرابێتەوە، شكۆی پەرلەمان كەمبكرێتەوە، لە دوا كۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم، ناوی ئەنجومەنەكە بە (سەركردایەتی سیاسی كوردستان-عێراق) گۆڕدرا.

ئەم ناوگۆڕینە، بەبێ‌ ئەوەی لە دێڕێكیشدا، پرەنسیپی بۆ دانرابێ‌، یاخود هەر پێشنیازیش كرابێ‌، هەتا ببێتە مایەی ئەم هەموو نیگەرانییە. قبوڵ كراوە.

ئێستا.. ئەم سەركردایەتیە سیاسییەش، وەكو هەموو روداوێكی تری كوردستان، گەورە بێ‌ یان گچكە، لێكدانەوەی جیاوازی بۆ كراوە. بەڵكو ناكۆكیەكانی پێ‌ قوڵدەكرێتەوە.

ئێمە دەزانین لەمێژوو، لەدۆخی نەخوازراودا، بەمەرام، لایەنەكان ئاراستەی ململانێكان هەڵدەگێڕن.. روداوی نەخوازراویش لەناو ئەم كێشمەكێشە سیاسی-سایكیۆلۆژیەدا، زۆرجار كارەساتیشیان لێكەوتۆتەوە.

بۆئەوەی، هەر هەڵەتێگەیشتنێك، بەرامبەر ئەم سەركردایەتییە سیاسییە، یان هەر كاڵ‌وكرچییەك لەچۆنیەتی پێكهێنانیدا هەبێ‌، بڕەوێتەوەو پێشگیری لە روداوی نەخوازراویش بكرێ‌، پێشنیاز دەكەم، سەركردایەتی سیاسی كوردستان-عێراق كۆببێتەوەو ئەم پیشنیازانەش بۆ كۆبونەوەكە دەخەمەڕوو:
یەكەم: سەركردایەتییەكە، تەنها بۆ ماوەیەكی كاتیی بێ‌، هەتا دانوستانەكان دەربارەی ریفراندۆم، ساغدەبنەوە.

دووەم: لەو ماوەیەدا، دەسەڵاتە سیاسیەكانی سەركردایەتیەكە، لەچەند پێشنیازێكدا، بخریتە بەردەم پەرلەمانی كوردستان.

سێهەم: پەرلەمانی كوردستان، سەرپشك بێ‌ لە قبوڵكردنی سەركردایەتیەكە یان رەتكردنەوەی، یاخود هەر ئاڵوگۆڕێك لەدەسەڵاتەكانی، تەنانەت لە پێكهاتەی سەركردایەتیەكەش.
ئومێدەوارم، كۆبونەوەكە هەر ئەم هەفتەیە ئەنجامبدرێ‌، هەتا لەم دۆخە هەستیارەدا، كات بەفیڕۆنەدرێ‌‌و بواریش نەدەین، نان‌و تەڕەپیاز، بەكێشەی لاوەكیەوە بخورێ‌. كێشەی سەرەكی ئێمە، لەم دۆخەدا، چۆنیەتی بەدیهێنانی ئامانجەكانی ریفراندۆمە. ئەمەش، بە دەستپێكردنی سیاسەتێكی دیپلۆماسی‌و پرۆژەیەكی هەمەلایەنەی دانوستان‌و چارەسەركردنی تەنگوچەڵەمە ئابوری‌و سیاسیەكان دەكرێ‌. نەك رێگای تری نەخوازراو!.

هـ. ر


PM:01:36:03/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 20612 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو