مه‌لا به‌ختیار: داوای مافی په‌نابه‌رێتیم له ئه‌وروپا نه‌كردووه
مه‌لا به‌ختیار.. وێنەکان لە ماڵپەری پیوکەی میدیا وەرگیراون
وێستگه نیوز ـ
مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، رایگه‌یاند، رۆژێكی پێشمه‌رگایه‌تی و سه‌نگه‌ری به‌رگری له میلـله‌ته‌كه‌ی ناگۆڕمه‌وه به هه‌موو خۆشییه‌كانی ئه‌وروپا، ره‌تیشیكرده‌وه داوای مافی په‌نابه‌رێتی له ئه‌وروپا كردبێت.
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 3ی كانوونی یه‌كه‌می2017، له باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی له شاری سێمانی، مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی، پێشوازی له كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رگه‌ی دێرینی ده‌ڤه‌ری رانیه‌ی حزبه‌كه‌ی كرد.
میدیاكانی یه‌كێتی بڵاویانكرده‌وه: مه‌لا به‌ختیار، له وته‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به دۆخی ئێستای كوردستان و دۆخی ناوخۆی یه‌كێتی كرد‌و، رایگه‌یاندووه، ئه‌م كۆبوونه‌وانه له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه دێرینه‌كان له‌سه‌رجه‌م ناوچه‌كان به گرنگی ده‌زانن.
مه‌لا به‌ختیار وتیشی: "كۆمه‌ڵێك قسه‌و دۆخێك له ئارادان له كوردستان و ناوچه‌كه‌و عیراق، هه‌موو ئه‌مانه پێویستیان به هه‌ڵسه‌نگاندن هه‌یه، له دوای هه‌ڵسه‌نگاندنیش پێویسته وه‌ك یه‌كێتی ئه‌ركه‌كانمان دیاری بكه‌ین، هه‌ر یه‌كه‌و به‌پێی ئه‌و به‌رپرسیارێتیه‌ی ده‌كه‌وێته سه‌ر شانی، ئه‌ركی خۆی راپه‌ڕێنێت".
مه‌لا به‌ختیار، جه‌ختیشیكرده‌وه: "ئێمه بۆ ئه‌وه یه‌كێتی نین كه له خۆشییه‌كان له‌گه‌ڵی بینین و له قۆناغێكی سه‌خت و ناخۆش به‌جێی بهێڵین، بۆیه ده‌بێت هه‌موو تێكۆشه‌ره‌كان پابه‌ندی حزبه‌كه‌ی، رێبازی رابه‌ره‌كه‌ی كه جه‌نابی مام جه‌لال-ه بن و به‌رگه‌ی كێشمه‌كێش، ناخۆشییه‌كانیش بگرێت".
راشیگه‌یاند: "هه‌ندێك به ئه‌نقه‌ست ده‌یانه‌وێت كێشه بۆ یه‌كێتی سه‌ركرده‌كانی دروست بكه‌ن و تۆمه‌تی ناڕه‌وا ده‌ده‌ن پاڵ تێكۆشه‌ره‌كانی، ئه‌مڕۆ بۆ من و حاكم قادر درۆیان بڵاوكردوه‌ته‌وه گوایه داوای په‌ناهه‌نده‌یمان كردوه".
وتیشی: "هیچ كاتێك بڕوام به‌وه نه‌بووه ته‌نانه‌ت له ئه‌نفاله‌كانیشدا، كوردستان جێبهێڵم و بچم له ئه‌مریكاو ئه‌وروپا بژیم".
مه‌لا به‌ختیار، وتیشی: "رۆژێكی پێشمه‌رگایه‌تی، سه‌نگه‌ری به‌ره‌نگاری، سیاسی، رۆشنبیری، به‌رگری له میلـله‌ته‌كه‌م ناگۆڕمه‌وه به هه‌موو خۆشییه‌كانی ئه‌وروپا".
ته‌ئكیدیشیكرده‌وه: "پێویسته هه‌موو تێكۆشه‌رانی یه‌كێتی، پێكه‌وه درێژه به خه‌بات بده‌ین، چونكه تائێستا پیلانگێڕی و ئامانجی به‌دینه‌هاتووی گه‌لی كورد ماوه كه به‌دیانبهێنین".
له‌باره‌ی په‌یڕه‌وكردنی رێبازی سه‌رۆك مام جه‌لال له گوتاره‌وه بۆ كردار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، رایگه‌یاند: په‌یڕه‌وكردنی رێبازی مام جه‌لال به لاف لێدان نییه، رێبازی مام جه‌لال قورسه، ئه‌ركێكی مێژووییه، هێشتا به‌شێك له رێبازه‌كه‌ی مام به‌دیهاتووه.
راشیگه‌یاند: "رێبازی مام جه‌لال، سه‌ربه‌خۆییه، به‌دیهێنانی دیموكراسی، دادپه‌روه‌ری، دژایه‌تیكردنی گه‌نده‌ڵیه، به‌ره‌و خانوه قوڕه‌كانه، (مانمان، سه‌روه‌ریمان، گه‌شه‌كردنمان به‌نده به یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه) ئه‌مانه رێبازی مام جه‌لال-ن، هێشتا زۆری ماوه به‌دیبێت، ئه‌گه‌ر هه‌شبێت تێنه‌گات كه رێبازی مام جه‌لال چییه، ئه‌وا پێشمه‌رگه دێرینه‌كان باش ده‌زانن كه ئه‌و رێبازه چییه. رێبازی مام به ته‌كه‌تول و هه‌لپه‌رستی و گه‌نده‌ڵی ناپارێزرێت".
له‌باره‌ی كۆنگره‌شه‌وه، مه‌لا به‌ختیار، وتی: "ده‌بێت كۆنگره‌كی ته‌ندروست، دور له پیلانگێڕی ببه‌ستین و پێكهاته‌و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌به‌ردنی یه‌كێتی بگۆڕین".
لای خۆشیانه‌وه، پێشمه‌رگه دێرینه‌كان، رایانگه‌یاند: "ئێمه هاتوینه‌ته ئێره بۆ ئه‌وه‌ی داوات لێ بكه‌ین كه یه‌كڕیزی ناو ماڵی یه‌كێتی له تێكده‌رانی ناو یه‌كێتی بپارێزن، ده‌ست به چه‌پكه گوڵه‌كه‌ی (مام)ه‌وه بگرن، چونكه ئێمه هه‌موومان له‌ناو یه‌ك كه‌شتین، ئه‌گه‌ر نقوم بێت، هه‌مووان پێكه‌وه نقوم ده‌بین".
هــ. ر
PM:11:58:03/12/2017
ئه‌م بابه‌ته 21938
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت