سروه عه‌بدولواحید: باشترین فشار بۆسه‌ر به‌غدا كشانه‌وه‌یه له پرۆسه‌ی سیاسی
سروه عه‌بدولواحید، سه‌رۆكی فراكسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
وێستگه نیوزـ رۆژگار
سه‌رۆكی فراكسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق جه‌ختده‌كاته‌وه كه له‌كاتی چاره‌سه‌رنه‌كردنی كێشه‌ی كورد له به‌غدا و جێگیركردنی رێژه‌ی 12% بۆ هه‌رێمی كردستان، باشترین بژارده ئه‌وه‌یه كورد له پرۆسه‌ی سیاسی بكشێته‌وه و ئیتر عیراق، عیراقێكی عه‌ره‌بی بێت بۆ عه‌ره‌به‌كان.
سروه عه‌بدولواحید، سه‌رۆكی فراكسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له لێدوانێكی تایبه‌ت به وێستگه نیوز تێبینییه‌كانی خۆی له‌سه‌ر دیاریكردنی پشكی رێژه‌ی 12% بۆ كورد له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق ئاشكراكرد و وتی: " تائێستا مه‌سه‌له‌ی بودجه له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه و نه‌هاتوه‌ته په‌رله‌مان، وه‌زیره‌كانیش تێبینیی خۆیان وتوه و ماوه‌ته‌وه حه‌یده‌ر عه‌بادی بیبینێت، چونكه عه‌بادی سه‌رپه‌رشتیی ئه‌وی كۆبونه‌وه‌یه‌ی نه‌كردووه كه تایبه‌ت بوو به بودجه‌ی 2018."
وتیشی: "ئه‌گه‌ر عه‌بادی سوور بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی 12% وه‌ك پشكی هه‌رێمی كوردستان جێگیر بكات، ئه‌وا ئێمه له په‌رله‌مان ناتوانین زیادی بكه‌ین و رێژه‌كه جێگیر ده‌بێت"، رونیشیكرده‌وه كه هه‌ر زیادكردنێك له بودجه‌دا له‌لایه‌ن دادگای فیدڕاڵییه‌وه ره‌تده‌كرێته‌وه، په‌رله‌مان ده‌توانێت بودجه كه‌مبكاته‌وه به‌ڵام ناتوانێت زیادی بكات، بۆیه پێویسته هه‌موو كاری ئێمه ئه‌وه بێت بوده‌كه له حكومه‌ته‌وه به‌و جۆره‌ی ئێستا نه‌یه‌ته په‌رله‌مان."
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی نوێنه‌رانی كورد له‌وكاته‌دا چ هه‌ڵوێستێكیان ده‌بێت، سه‌رۆكی فراكسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وتی: "ئه‌گه‌ر به‌و رێژه‌یه‌ش بێته په‌رله‌مان، به‌دڵنیاییه هه‌ڵوێستی خۆمان ده‌بێت و به‌رگری له مافی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، ئێمه‌ش كۆمه‌ڵێك فشارمان دروستكردووه و وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی گۆڕٍان باڵیۆزی ئه‌مریكا و نوێنه‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانمان بینیووه و هه‌وڵمانداوه فشار دروست بكه‌ین بۆئه‌وه‌ی حكومه‌تی عیراق رێژه‌ی 12% جێگیر نه‌كات."
ئاشكرایكرد كه وه‌ك كورد ده‌نگ به پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2018 ناده‌ن، به‌ڵام وتی: "به رای من ده‌كرێت فشارێكی دیكه دروست بكه‌ین و باشترین فشاریش ئه‌وه‌یه كه كورد له پرۆسه‌ی سیاسیی عیراق واته له په‌رله‌مان و حكومه‌ت بكشێته‌وه و بڕیاریش بده‌ین به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو نه‌كه‌ین."
وتیشی : " له‌دوای 14 ساڵ له شه‌راكه‌ت له‌گه‌ڵ عیراق، ئه‌گه‌ر كورد ئێستا پێگه‌یه‌كی ئه‌وتۆی له به‌غدا نه‌مابێت، ئه‌وا مانه‌وه و نه‌مانه‌وه‌ی وه‌ك یه‌كه، وه‌ك رای شه‌خسیی خۆشی جه‌ختی كرده‌وه كه "باشترین بژارده كشانه‌وه‌یه له پرۆسه‌ی سیاسیی عیراق و با ئیتر عیراق، عیراقێكی عه‌ره‌بی بێت بۆ خۆیان و كوردیش به‌شداری له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو نه‌كات."
وتیشی: من نازانم مانه‌وه‌ی كورد له به‌غدا له‌م حاڵه‌ته‌دا چه‌ند پێویسته كه نه‌توانین مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان به‌ده‌ستبهێنین و كێشه‌كانی چاره‌سه‌ر بكه‌ین، بۆخۆشم پێموایه ئه‌گه‌ر بتوانین له‌م ماوه‌یه‌دا موچه‌ی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان دابین بكه‌ین، ره‌نگه ئه‌مه ده‌ستكه‌وتێك بێت بۆ نوێنه‌رانی كورد له به‌غدا.
سروه عه‌بدولواحید رونیشیكرده‌وه كه ده‌بێت به‌غدا ئه‌وه بزانێت له دیاریكردنی پشكی كورد له‌م بودجه‌یه‌دا زیاتر پشت به رێژه‌ی كورد له پرۆسه‌ی نه‌وت به‌رامبه‌ر خۆراك-ی سه‌رده‌می سه‌دام به‌ستراوه.
ئه‌وه‌شی به‌بیرهێنایه‌وه كه ئێستا رێژه‌ی دانیشتوانی كورد له‌چاو سه‌رده‌می نه‌وت به‌رامبه‌ر خۆراكی ساڵی 1990 زیادیكردوه و به‌وجۆره‌ی ئه‌وكاته نه‌ماوه، ئه‌مه جگه‌له بونی ئاواره‌یه‌كی زۆر له هه‌رێمی كوردستان كه ژماره‌یان ده‌گاته نزیكه‌ی دوو ملیۆن كه‌س، ئه‌مانه رێگاوبان و نه‌خۆشخانه و كه‌رته خزمه‌تگوزارییه‌كانی هه‌رێم به‌كار ده‌هێنن، بۆیه ده‌بێت به‌غدا ئه‌مه له‌به‌رچاو بگرێت و ئه‌گه‌ر وابزانێت رێژه‌كه نه‌گۆڕدراوه، ئه‌وا ئه‌مه كاره‌ساته حكومه‌تی به‌غدا ده‌یكات.
له وه‌ڵامێكی دیكه‌ی وێستگه نیوز له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر رێژه‌ی 17%ش بۆ كورد جێگیر بكرێت، به‌ڵام له 2014ه‌وه موچه و بودجه‌ی كورد بڕدراوه و 17%ش سودی بۆ هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان نه‌بووه، سروه عه‌بدولواحید له‌وباره‌یه‌وه رایگه‌یاند كه به‌داخه‌وه هه‌رله ساڵی 2003ه‌وه به ته‌واوه‌تی بودجه بۆ خه‌ڵك خه‌رج نه‌كراوه، به‌ڵكو ته‌نها موچه‌ی لێدراوه و هاوڵاتی سودمه‌ند نه‌بوون تیایدا، راسته ئه‌و موچه‌یه‌ش له‌دوای ساڵی 2014 راگیرا و نه‌ما، به‌ڵام جه‌ختیكرده‌وه كه "ئه‌مه مانای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت سازش له رێژه‌ی بونی كورد له عیراق بكه‌ین، چونكه ئه‌م رێژه‌یه به‌لای ئێمه‌وه وه‌ك رێژه‌ی بونی كورد وایه له عیراقدا.
سه‌باره‌ت به كۆده‌نگی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان بۆ ئه‌گه‌ری كشانه‌وه له پرۆسه‌ی سیاسیی عیراق، سروه عه‌بدولواحید، وتی: "ئه‌مه ته‌نها رای شه‌خسیی خۆم و هاوڕێیه‌كی دیكه‌ی فراكسیۆنی گۆڕانه و رای ره‌سمیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش نییه، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه ده‌كرێت بزوتنه‌وه‌كه كاری له‌سه‌ر بكات"، وتیشی: فراكسیۆنه كورده‌كانی دیكه پێیان باشه له پرۆسه‌ی سیاسی‌دا بمێننه‌وه تا بتوانن له به‌غدا شه‌ڕی كورد بكه‌ن.
پێشتر ده‌نگۆی ئه‌وه بڵاوبوه‌وه كه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق له پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2018 پشكی 12%ی بۆ هه‌رێمی كوردستان دیاریكردووه، په‌رله‌مانتارانی كوردیش به‌نیازن كه پرۆژه‌كه ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان كرا، هه‌ڵوێست له‌وباره‌یه‌وه وه‌ربگرن و داكۆكی بكه‌ن بۆ هێشتنه‌وه‌ی پشكی كورد به‌رێژه‌ی 17% له بودجه‌ی گشتیی عیراقدا.
PM:05:04:07/11/2017
ئه‌م بابه‌ته 33736
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت