سروه‌ عه‌بدولواحید بۆ عه‌بادی: سه‌ركردایه‌تیی وڵات وانابێت

‌سروه‌ عه‌بدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان

وێستگه‌ نیوزـ

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا لەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە وتارەکەی ئەمڕۆیدا بە بۆنەی ڕۆژی "سەرکەوتنی گەورەوە" بەسەر داعشدا ناوی پێشمەرگەی نەهێناوه‌ و پێی راگه‌یاند كه‌ "سه‌ركردایه‌تیی وڵات وانابێت".

 لە بەیاننامەیەکدا كه‌ ئەمڕۆ شەممە بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، سروه‌ عه‌بدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان پیرۆزبایی لە گەلی عیراق بە بۆنەی سەرکەوتنی گەورە بەسەر داعشدا كردووه‌ و وتویه‌تی: "زۆریش سەرم سوڕماوە لە وتارەکەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان کە باسی پاڵەوانییەتەکانی پێشمەرگەی نەکرد، کە شان بە شانی سوپای عێراق دژی چەکدارانی داعش جەنگاوە."

ئاماژەی بەوەشکرد، قوربانییەکانی پێشمەرگە کەم نییە تا فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لە بیری بکات، ئەگەر ئەو پاڵەوانێتی و بەرگرییانە نەبوایە و پشتیوانی لە هێزەکانی عێراق نەکردایە سەرکەوتن بەدی نەدەهات.

جەختیشکردووەتەوە "بۆ زانیاری فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان نزیکەی دوو هەزار شەهید و زیاتر لە پێنج هەزار بیرندارمان هەیە لە شەڕی داعشدا، ئەو کەسانە قوربانیان بە گیانی خۆیاندا بۆ بەرگری کردن لە خاکی عیراق، بە تایبەت هێزەکانی پێشمەرگە بەشداری تەواوی ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵی کردووە".

لە وتەکانیدا سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان کە ئاراستەی عەبادی کردووە و وتوویەتی "ئەگەر ئەو خۆگێلکردنە بەرنامە بۆ داڕێژراوبێت لای تۆوە، ئەوە بزانە کە سەرکردایەتیکردنی وڵات وانابێت، چونکە یەکێتی بە ڕێزگرتن لەسەرجەم پیکهاتەکان دەبێتن بەس چیتر سەرکەوتن و دەستکەوتەکانی گەلەکەت قۆرغ مەکە، وا پێویست بوو ئەو سەرکەوتنە بۆ سەرجەم عیراقییەکان بێت بە کورد و عەرەب و تورکمان و موسڵمان و مەسیحی و ئیزدییەکان و سابیئەو سەرجەم پیکهاتەکانی عیراقەوە".

لە کۆتاییدا جارێکی تر نیگەرانی خۆی نیشانداوە لەوەی کە عەبادی ناوی پێشمەرگەی نەهێناوە کە بە هیچ شێوەیەک شتی وای لێ چاوەڕوانەکردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە '"دەرتخست ناتوانێت پارێزگاری لە یەکێتی عێراق بکەیت". 

سەرۆک وەزیرانی‌ عیراق لە وتاری‌ سەرکەوتن بەسەر داعشدا، سەرەڕای‌ سوپاسکردنی‌ هێزە عیراقیەکان، ناوی‌ پێشمەرگەی‌ نەهێنا.

 ئێوارەی‌ رۆژی شه‌ممه‌ 9ی كانونی یه‌كه‌می 2017، حەیدەر عەبادی‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی وتاری سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاریی به‌سه‌ر رێكخراوی داعشدا خوێنده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ "سەرکەوتنە گەورەیە" پارێزگاریکردنە لە یەکێتی خاکی عیراق و داواشی لە سیاسییەکان کرد ڕێگری بکەن لە گەڕانەوەی داعش و وتارە تایەفییەکانیان بوەستێنن."

ر.ع


PM:08:56:09/12/2017


ئه‌م بابه‌ته 11456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو