گوڵستان سەعید: لەپڕۆژەكەی یەكێتی دا هیچ میكانیزمێك دیارینەكرابوو بۆ جێبەجێكردنی خاڵەكان

‌گوڵستان سەعید ئەندامی شاندی گۆڕان بۆ کۆبونەوە لەگەڵ یەکێتی

وێستگە نیوز- دانيار فاروق

نیوەڕۆی ئەمڕۆ، شاندێکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەردانی مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕانی كرد لە سلێمانی و بەپێی زانیاریەكان شاندەكە دوا پەیامی کۆبوونەوی دوێنێی سەرکردایەتی یەکێتی بە بزووتنەوەی گۆڕان راگەیاند.

دوا بەدوای كۆبوونەوەكەش گوڵستان سەعید ئەندامی شاندی گۆڕان بۆ کۆبونەوە لەگەڵ یەکێتی بۆ راگەیاندنەكان ئاشكرایكرد: "ئەوان لەگەڵ ئەو پڕۆژەیەی یەكێتی وێك دێنەوە، هاوكات خاڵە هاوبەشەكانیان خاڵی زۆر باشن، كە خزمەت بە پڕۆسەی سیاسی و خزمەت بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكات، وە ئەوان وەكو بزوتنەوەی گۆڕان پشتیوانی لەو پڕۆژەیەی ئەوان دەكەن".


گوڵستان سەعید وتيشى: "ئەوەی كە گرفت بووبێت لای ئەوان وەك گۆڕان، لە ئەجێنداكەی ئەوان و لەوەی كە ئەو پڕۆژەیەیان هێناوە بۆ ئەوان، هیچ میكانیزمێك دیاری نەكرابوو بۆ جێبەجێكردنی ئەو خاڵانە، لەبەرئەوەی ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سەركردایەتی بزوتنەوەی گۆڕان كە جڤاتی نیشتیمانیە، لە جڤاتەوە بڕیار لەوە بدرێت چ میكانیزمێك بگرینەبەر بۆ جێبەجێكردنی ئەو خاڵانەی كە لە پڕۆژەكەدا باسی لێوەكراوە، سەبارەت بە مووچەی پاشەكەوتكراوی خەڵك و بژێوی و قووتی هاوڵاتیان هەروەها سەبارەت بە كاراكردنەوەی پەرلەمان و یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و وە سندوقی داهاتە نەوتییەكان و دروستكردنی سندوقێك بۆ ئەو داهاتە".

ئەو ئەندامەی شاندی گۆڕان بۆ کۆبونەوە لەگەڵ یەکێتی ووتيشى: "تەنها خاڵی ناكۆك لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئەوەیە، كە دەبێت میكانیزمی كاراكردنەوەی پەرلەمان لەدوای كۆبوونەوەی هەر پێنج حزبەكە دەستنیشان بكرێت، بۆئەوەی كۆكبن لەسەر ئەوەی بە چ شێوازێك پەرلەمان كارا بكرێتەوە، هاوكات ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگە ئەوەیە، پەرلەمانی كوردستان سێ‌ ئەركی گرنگی هەیە، یەكەمیان دەركردنی یاسایە، دووەمیان چاودێری حكومەتە، سێیەمیان پەسەندكردنی بوودجەیە، ئەگەر بۆ ئەو سێ‌ خاڵە پەرلەمان كارابكرێتە بە فیعلی ئەوان لەگەڵیدان، چونكە ئەوان بەدوای سیستمێكی پەرلەمانیدا دەگەڕێن، ئەگەر پەرلەمان كارانەبێتەوە ئەوا ئەو یاسایەش جێبەجێ‌ ناكرێت".

ڕاشیگەیاند، ئەوانە لەگەڵ ئەوەدان کە پەرلەمان لە چ کاتێکدا پەکخرا بگەڕێتەوە هەمان کات و بە هەمان دەستەی سەرۆکایەتییەوە کارەکانی دەستپێبکاتەوە.


پێشتریش كوێستان محه‌مه‌د، ئه‌ندامی به‌شداربووی كۆبونه‌وه‌كه‌و ئه‌ندامی جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕایگه‌یاند: وه‌فده‌كه‌ی یه‌كێتی به‌یانێكی حه‌وت خاڵیان خسته‌ڕوو، ئێمه‌ش بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و خاڵانه‌ داوای كاتمان كرد.


وتیشی: "یه‌كێتی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ و پارتی كۆببێته‌وه‌، تاوه‌كو گه‌ڕی ئه‌و كۆبونه‌وانه‌ ته‌واو ده‌كه‌ن، ئێمه‌ش وه‌ڵامه‌كان ئاماده‌ ده‌كه‌ین و ئاراسته‌یان ده‌كه‌ین".


ئەوەش لەکاتێکدایە کە دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی یەکێتی و گۆڕان لە سلێمانی، لە ئێستادا سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەگەڵ عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی لە کۆبوونەوەدایە لە هەولێر و پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان تاوتوێ دەکەن.

ئەو پەیامەی كە وەفدەكەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بردیە سەر مێزی گفتوگۆكردن لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان ئەو چەند خاڵەی خوارەوەبووە:


1. ئاساییكردنەوەو كاراكردنەوەی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان.

2. لەپێناو‌ بەدیهێنانی‌ هاوسەنگی‌ لەنێوان مووچەی‌ پلەباڵاكان‌ و مووچە كەمەكاندا، پێویستە پاشەكەوتكردنی‌ مووچە لەڕێگەی‌ پەسندكردنی‌ پرۆژەیاسایەكی‌ تایبەت لاببرێت‌ و گەرەنتی‌ دانەوەی‌ مووچە پاشەكەوتكراوەكانی‌ مووچەخۆران بكرێت.

3. متمانە بەخشین بە سەرۆك‌ و ئەندامانی‌ ئەنجوومەنی‌ سندوقی‌ داهاتە نەوتی‌ ‌و غازییەكان.

4. هەمواری‌ یاسای‌ هەڵبژاردن ‌و دەستەبەركردنی‌ مافی‌ دەنگدانی‌ دانیشتووانی‌ ناوچە دابڕێندراوەكان، بۆئەوەی‌ نوێنەری‌ راستەقینەی‌ خۆیان هەبێت لە پەرلەمانی‌ كوردستان.

5. پەسندكردنی‌ یاسای‌ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی‌.

6. لیژنەی‌ ئامادەكردنی‌ دەستوور بۆ راپرسی‌، متمانەی‌ پێببەخشرێتەوە بۆ ئامادەكردنی‌ دەستووری‌ دەوڵەتی‌ كوردستان.

7. هەمواری‌ یاسای‌ سەرۆكایەتیی‌ هەرێمی‌ كوردستان، ژمارە (1)ی‌ ساڵی‌ (2005).


PM:04:19:08/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 4036 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو