مالیکی: ناردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت

‌نوری مالیكی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا

وێستگه‌نیوزـ

دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێم، نوری مالیكی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا رایگه‌یاند، وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوام دەبێت لە ناردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.


له‌ دووه‌م رۆژى سه‌ردانیدا بۆ به‌غدا، به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 28ی نیسانی 2024، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ عه‌ممار حه‌كیم، سه‌رۆكی ره‌وتی نیشتمانی حیكمه‌، د. له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆك كۆمارى عێراق، عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری عێراق و نووری مالیكی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا كۆبوه‌وه‌.
 
دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌، نووری مالیكی، به‌ رۆژنامه‌نووسانی رایگەیاند: "وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوام دەبێت لە ناردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان".

وتیشی: "چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق ئاسانە، لەبارەی هەڵبژاردنیش دەڵێت: "پرسی هەڵبژاردن تەكنیكییە و لە دەسەڵاتی هەرێمی كوردستانە".

باسی له‌وه‌شكرد، "سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئیرادەیەکی بەهێز و پتەوی لەگەڵ خۆی هێنابوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. گەشبینم بەم سەردانە و ئەو پیاوە چارەسەری لەگەڵ خۆی هێناوە".

ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، کە ئێوارەی دوێنێ گەیشتە بەغدا، 20 کۆبوونەوەی لەگەڵ زۆربەی سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی شیعە و سوننە لە بەغدا دەبێت.
 
کۆمەڵێک بابەتی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا، لەوانە؛ پرسی بودجە و مووچە، هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ئەجێندای سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندان.


PM:12:30:28/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 4360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت