مه‌سرور بارزانی: ڤیتۆمان له‌سه‌ر هیچ لیست و لایه‌نێك نییه‌

‌دیمەنێک لە دانیشتنەکە

وێستگه‌ نیوز ـ
راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێ، وەک هەرێمی کوردستان ڤیتۆیان له‌سه‌ر هیچ لیست و لایه‌نێك نییه‌ و خواستی ئەوان جێبەجێکردنی دەستوورە.


ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 10ی نیسانی 2018، لە هەولێر، مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مه‌كسیم ماكسیمۆڤ، باڵیۆزی روسیا لە عیراق و شاندێکی یاوه‌ری کۆبووەوە.

بەپێی راگەیه‌ندراوێکی نووسینگەی بارزانی، لە کۆبوونەوەکەدا كه‌ به‌ئاماده‌بوونی ڤیكتۆر سیماكۆڤ، كونسوڵی گشتیی رووسیا له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چووە، بیروڕا له‌باره‌ی په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و ئه‌منییه‌كانی ناوچه‌كه‌ ئاڵوگۆڕكراوە و هەردوولا جەختیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی كوردستان و رووسیا له‌ گشت بواره‌كان کردووەتەوە.

بەپێی راگەیه‌ندراوەکە، لەبارەی هه‌وڵه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و گرفته‌كان و دانوستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، باڵیۆزی رووسیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ پێشکەوتنی دانوستاندنەکانی نێوان هەردوولا دەربڕیوە و هیوای خواستووە هەڵبژاردنەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان بە سەرکەتوویی بەڕێوەبچن و ببن بە دەستپێکی قۆناخێکی نوێ بۆ چارەسەریی گشت کێشەکان.

لەوبارەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هه‌ڵبژاردنه‌كان و هه‌نگاوه‌كانی دواتر كردووە، کە وه‌ك هه‌رێمی كوردستان ڤیتۆیان له‌سه‌ر هیچ لیست و لایه‌نێك نییه‌ و جه‌ختی له‌ گرنگی رێزگرتن و پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستوور و هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ كردووەتەوە.

مەسرور بارزانی کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانە، بەپێویستی زانیوە هەوڵبدرێت دۆخی عیراق بەجۆرێک ئاسایی بکرێتەوە کە گشت پێکهاتەکان هەست بە دڵنیایی بکەن، دووپاتیشی لەوە کردووەتەوە کە خواستی هەرێمی کوردستان پابه‌ندبوون و جێبەجێکردنی دەستوورە وه‌ك رێگه‌چاره‌ی به‌دیهێنانی سه‌قامگیری.

لەبارەی جەنگی دژی تیرۆرەوە، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان وتوویەتی:‌ "هێشتا هەڕەشەی تیرۆریستان لە ناوچەکەدا ماوە و به‌م دواییه‌ش چالاكییه‌كانیان له‌ هه‌ندێ ناوچه‌ په‌ره‌یانسه‌ندووه"‌.

هـ. ر


PM:02:19:10/04/2018


ئه‌م بابه‌ته 2060 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو