مەسروور بارزانی: لە دۆخی کریستانەکانی دەشتی نەینەوا نیگەرانین

‌دیمەنێک لە دانیشتنەکە

وێستگه‌ نیوز ـ
مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، بەرامبەر رەوشی کریستیانه‌کانی دەشتی نەینەوا و ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەریان دەکرێت نیگه‌رانن و جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک بەرامبەر بەم کردەوانە بێدەنگ نابێت.

ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه‌ 16ی تشرینی دووه‌می 2017، له‌ كاتی پێشوازیكردنی له‌ بەشار مەتی وەردە، سەرۆكی كەنیسەی كاسۆلیكی كلدانی لە هەولێر، مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پاڵپشتیی تەواوی بۆ داواکاریەکانی کریستانەکانی دەشتی نەینەوا ده‌ربڕی و وتی: "هەموو رێکارە یاسایی و دەستووریەکانیش بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی هەموو پێکهاتەکانی ئەو ناوچانە دەگیرێتەبەر و هیوایخواست، کریستانەکان خۆراگربن و وڵات بەجێ نەهێڵن و رێگری لەو پیلانانە بکەن کە ئامانجیان سڕینەوەی ناسنامەی ناوچەکانیانە".

له‌ دیداره‌كه‌دا سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکی هەولێر باسی پەرەسەندنەکانی ئه‌و ناوچانه‌ی كرد كه‌ كریستیانه‌كانی تیادا ده‌ژین، بە تایبەت رەوشی کریستانەکانی دەشتی نەینەوا و ئاماژەی بەوە دا کە "ئەم رەوشەی ئێستای دەشتی نەینەوا بووەتە هۆی ئەوەی ئاوارە کریستانەکان نەتوانن بۆ ناوچەکانی خۆیان بگەرێنەوە، هەروەها ئەو ئابڵوقە ئاسمانیەی سەر هەرێمیش بووەتە هۆی ئەوەی هەموو هاوکاریە نێودەوڵەتیەکان بۆ یارمەتیدان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی دەشتی نەینەوا رابگیرێت".

مەتران وەردە، دوپاتی کردەوە، کە "تاکە ناوچەی ئارام بۆ کریستانەکان هەرێمی کوردستانە و ئاواتی خواست کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کاراتر پاڵپشتی لە هەرێم و کریستانەکان بکەن".

هــ. ر


PM:02:35:16/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 3004 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو