مه‌سرور بارزانی: هیوادارین به‌غدا وه‌ڵامی ئه‌رێنی بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ هه‌رێم هه‌بێت

‌دیمەنێک لە دیدارەکە

وێستگه‌ نیوز ـ
راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ باڵیۆزی نوێی به‌ریتانیا له‌ عیراق، هیوای خواست هەرچی زووتره‌ بەغدا بە رێزگرتن لە دەستوور وەڵامی ئەرێنی بۆ هەوڵەکانی هەرێم لە پێناو دەستپێکردنی گفتوگۆ هەبێت.  

ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 19ی تشرینی دووه‌می 2017، مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جۆناتان ویلکس، باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عیراق و شاندی یاوەری کرد.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌نی میدیاكانی پارتی، لە میانەی ئەم دیدارەدا چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندیەکانی هەرێم و بەریتانیا تاوتوێکران و باڵیۆزی بەریتانیا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەیان پاڵپشتی لە مافە دەستووریەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و هاوکار دەبن بۆ ئەوەی هەرێم ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنێت و هەرچی زووتر پێشکەوتنی ئابوووری و دارایی و ئاوەدانی بە خۆیەوە ببینێتەوە.

باڵیۆزی بەریتانیا لە ئاماژە بە دوا رەوشی په‌یوەندیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەڵوێستی وڵاتەکەی بۆ پاڵپشتی دانوستانێکی ئاشتیانە لە سەر بنەمای دەستوور بۆ چارەسەریی گشت کێشەکانی نێوان هەردوولا دووپات کردەوە.

لە بەرامبەردا مه‌سرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێێ بەریتانیا خواست و جەختی لە بەردەوامی و بەهێزترکردنی پەیوەندی دوولایەنە کردەوە. 

لە  بارەی دوا رەوشی ناوچه‌کە، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم پێگیری هەرێمی بە بەشداری لە هاوپەیمانی جەنگی دژی تیرۆر دووپات کردەوە و ئاواتی خواست بە چارەسەریی بنەڕەتیی کێشەکان و ره‌واندنەوەی گرژییەکان بتوانرێت زەمینەی سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی لە دەڤەرەکە لەناو ببردرێت.

راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش پاڵپشتیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بۆ دەستپێکردنی دیالۆگێکی ئاشتیانەی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا لە پێناو چارەسەریی کێشەکان بە گرنگ زانیی و ئاواتی خواست هەرچی زووتر بەغدا بە رێزگرتن لە دەستور وەڵامی ئەرێنیی بۆ هەوڵەکانی هەرێم لە پێناو دەستپێکردنی گفتوگۆ هەبێت.  

هــ. ر


PM:09:58:19/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 2248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو