فراكسیۆنی یه‌كێتی: پێویسته‌ به‌غدا سنوورێك بۆ په‌لاماره‌كانی توركیا دابنێت

‌چوار شەهیدەکە

وێستگه‌ نیوز ـ
فراكسیۆنی یه‌كێتی لە پەرلەمانی عیراق لەبارەی شەهیدبوونی چوار هاوڵاتی لە باڵەکایەتی بەهۆی بۆردوومانی تورکیا راگەیه‌ندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، پێویستە بەغدا سنوورێک بۆ پەلامارەکانی تورکیا دابنێت.


فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌ پەرلەمانی عیراق دەڵێت، کاتژمێر 1:00ی شه‌وی رابردوو، جارێكی دیکە فرۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا ئاسمانی عیراقیان به‌زاندەوه‌ و بۆردوومانی گونده‌كانی دۆڵی باڵه‌یان-یان له‌ قه‌زای چۆمانی سه‌ربه‌ به‌ پارێزگای هه‌ولێر كرد، بەو هۆیەوە له ‌گوندی سه‌ركان چوار هاوڵاتی شەهید بوون.

فراكسیۆنی یه‌كێتیی لە بەغدا دەڵێت: "به‌تووندی ئیدانه‌ی ئه‌م كرده‌وه‌یه‌ ده‌كه‌ین. داواكارین حكومه‌تی عیراق ‌و كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ئاست به‌زاندنی سنوور ‌و سه‌روه‌ری خاكی عیراق ‌و هه‌رێمی كوردستان بێنه‌ ده‌نگ‌ و سنوورێك بۆ ئه‌مجۆره‌ په‌لامارانه‌ی ده‌وڵه‌تی توركیا دابنێن".

لە راگەیه‌ندراوەکەدا، فراكسیۆنی یه‌كێتی دەڵێت، پێویستە توركیا قه‌ره‌بووی ماددی ‌و مه‌عنه‌وی هاونیشتمانیانی زیانلێكه‌وتوو بكاته‌وه‌.

به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 22ی ئازاری 2018، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە گوندەکانی دۆڵی باڵەیانی سەربە قەزای چۆمان ده‌ستییان به‌ بۆردومان كرد و له‌ ئه‌نجامدا چوار هاوڵاتی شه‌هید بوون.

به‌پێی زانیارییه‌كان بۆردومانەکە کاتژمێر 1ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجام دراوە و گوندەکانی وەسان و سەرکان و ماونای سەر بە شارەدێی قەسرێ-یان لە سنوری چۆمان لە دۆڵی باڵەیان-ی پارێزگای هەولێر کردووەتە ئامانج.

هاوکات ماڵپەڕی رۆژ نیوز ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو چوار کەسەی شەهید بوون لە گوندی سەرکان بوون و دوانیان پێشمەرگەن، هەروەها بۆ سەیران روویان لە ماڵە گەشتیارییەکانی ئەو گوندە کردووە و هەرچواریان هاوڕێی یەکتر بوون.

هاوکات کاتژمێر 4:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەرمەکانیان رەوانەی پزیشکی دادی سۆران کراون.

لای خۆیه‌وه‌ فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ بەیاننامەكه‌دا ده‌ی‌ڵێت: "دەوڵەتی تورکیا جارێکی تر بە بەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و حکومەتی بەغدا و هەرێمی کوردستانەوە پەلاماری دڕندانەی کردەوە سەر هاونیشتمانیانی سڤیل و، لە قەسرێ و دەوروبەری چوار ھاونیشتمانی شەھید كرد".

ده‌ڵێت: "ئێمە وەک فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، بەتوندی ئیدانەی ئەم کۆمەڵکوژییە دەکەین و شەرمەزاری دەکەین".

فراكسیۆنی گۆڕان داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنجومەنی ئاسایش و وڵاتانی یەکێتی ئەورپا دەکات رێگریبکەن لە شاڵاوی "مرۆڤکوژانەی" دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر گەلی کوردستان.

ده‌شڵێت: "پێویستە حکومەتی بەغدا دەستبەجێ لەبارەی سنوربەزاندنی ئاسمانی و زەمینی عیراقەوە و بەرپرسیارێتی دەستورییانەی خۆی لەئاستی نێونەتەوەییدا جێبەجێبکات.

هــ. ر


PM:01:41:22/03/2018


ئه‌م بابه‌ته 1936 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو