بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی داوای پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی له‌ هه‌رێم ده‌كات


وێستگه‌ نیوز ـ

بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان داوای  پێكهێنانی‌ بەرەیەكی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ سیاسی‌ هاوبەشی‌ خاوەن كارنامەو ئامانجی‌ دیارو روون كە سەرچاوەی‌ لە خواستەكانی‌ خەڵك و داواكارییەكانی‌ شەقامی‌ كوردستانەوە گرتبێت ده‌كات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پڕۆژه‌یه‌ك پێشكه‌شی لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان ده‌كات.


له‌ پڕۆژه‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ وێستگه‌ نیوز نێردراوه‌، تیایدا هاتووه‌: "بەداخەوە پرۆسەی‌ سیاسی‌ و ئەزموونی‌ حوكمڕانی‌ لە هەرێمی‌ كوردستاندا لەبەردەم كۆمەڵێك قەیرانی‌ گەورە و مەترسیداردایە كە خەریكە كۆمەڵگەكەمان بەرەو فەوزاو ئاژاوەیەكی‌ ترسناك دەبات">

دوشڵێت: "كابینەی‌ هەشتەمی‌ حكومەتی‌ هەرێم دوای‌ چوارساڵ لە خوڵقاندنی‌ بارودۆخێكی‌ نائارامی‌ سیاسی‌ و ئابووری‌ و دەروونی‌ بۆ جەماوەر و بەدەمەوەنەهاتنی‌ خواستی‌ خەڵك، ئامادە نەبوو هیچ گۆڕانكارییەك لەخۆی‌ و ئەدای‌ كاریدا بەدی‌ بێنێت و هەموو پرۆژە و پێشنیازی‌ دۆستان و هێزو لایەنە سیاسییەكانی‌ كوردستانیشی‌ بەهەند نەگرت بۆ چاكسازی‌ و باشككردنی‌ ژیانی‌ خەڵك".

ئه‌وه‌شی وتووه‌: "ئێمە هەر لەسەرەتای‌ پێكهێنانی‌ كابینەی‌ هەشت و دەنگدان لەسەری‌ لەپەرلەمانی‌ كوردستان دەستمان بۆ بەرز نەكردەوەو متمانەمان پێ نەبەخشی‌ و ئۆپۆزسیۆنبوونی‌ خۆمان راگەیاند، تاكە پەرلەمانتارەكەی‌ بزووتنەوەی‌ ئیسلامی‌ شوان قەڵادزەیی‌، بەئەندازەی‌ فراكسیۆنێكی‌ گەورە هەڵوێست و پرۆژەو قسەی‌ هەبوو بۆ چاكسازی‌ و خاوەنی‌ گوتارێكی‌ بەهێزی‌ رەخنگرانەبوو بەرامبەر بەدەسەڵات و هێزە بەهەژموونەكانی‌ ناو حكومەت".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی پڕۆژه‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیدا هاتووه‌: ئێستاش كە دوو هێزی‌ سەرەكی‌ ناو كابینەی‌ هەشتەمی‌ حكومەتی‌ هەرێم كشاونەتەوەو بوونە ئۆپۆزسیۆن، پێویستە ئەم گۆڕانكاری‌ و پێشهاتە سیاسی‌ و جەماوەریانە كاریگەری‌ هەبێت و لەئاستی‌ ئەم هەلومەرجە هەستیارەی‌ ناوخۆی‌ هەرێمدابێت.

ئه‌وه‌شی راگه‌یاندووه‌: "نابێت دەنگی‌ ئۆپۆزسیۆن تەنها میدیایی‌ و دووربەدوور لە خەڵك بێت و دەبێت مەیدانیانە دەستبەكاربن بۆ گۆڕانكاری‌ و وەرچەرخانی‌ ئیجابی‌ لە كوردستاندا بەشێوەیەكی‌ ئاشتیانەو دوور لەفەوزاو توندوتیژی‌ و حاڵەتە نەخوازراوەكانی‌ ئەم ڕۆژانە، بۆ ئەم مەبەستە بزووتنەوەی‌ ئیسلامی‌ وەك هێزێكی‌ سیاسی‌ ئۆپۆزسیۆن داوا لەلایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانیتری‌ كوردستان دەكات پێكەوە چالاكی‌ و كارو كارنامەی‌ خۆیان بەم شێوەیە رێك بخەن".

بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی به‌م جۆره‌ داوای رێكخستنی گوتاری ئۆپۆزسیۆنه‌كانی هه‌رێم ده‌كات:

یەكەم: پێكهێنانی‌ بەرەیەكی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ سیاسی‌ هاوبەشی‌ خاوەن كارنامەو ئامانجی‌ دیارو ڕوون كەسەرچاوەی‌ لەخواستەكانی‌ خەڵك و داواكارییەكانی‌ شەقامی‌ كوردستانەوە گرتبێت.

دووەم: ئەم ئۆپۆزسیۆنە بەشێوەیەكی‌ مەیدانی‌ بێتە ناو خەڵك و پێشەنگایەتی‌ ناڕەزایەتییەكانیان بكات بۆ ئەوەی‌ فەوزاو بێ ئەزموونی‌ بەلاڕێدا نەیبات و لەحاڵەت و دیاردەكانی‌ توندوتیژی‌ و سوتاندنی‌ بارەگاو دام و دەزگا فەرمییەكان دەربازی‌ بكات.

سێیەم: لەهەموو شارو شارۆچكەكانی‌ كوردستانداو بەهەماهەنگی‌ لەگەڵ دام و دەزگاكانی‌ پۆلیس و ئاسایش شوێنی‌ تایبەت بۆ گردبوونەوەو خۆپیشاندان و ئەدای‌ ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان دیاری‌ بكرێن.

چوارەم: لایەنەكانی‌ ئۆپۆزسیۆن بەفەرمی‌ ئەندام و لایەنگرانی‌ خۆیان ئاراستە بكەن بەشداربن و لیژنە هاوبەشەكانی‌ بەڕێوەبردنی‌ چالاكی‌ و گردبوونەوەو خۆپیشاندانەكان پێك بهێنن و لەدوورەوەو لە رێگای‌ لێدوانی‌ رۆژنامەوانی‌ و میدیاكانیانەوە بێلایەنانە مامەڵە نەكەن و تەنها پشتیوانی‌ رابگەیەنن.

پێنجەم: تائێستا خۆپیشاندان و گردبوونەوەكان سنووری‌ پارێزگاكانی‌ سلێمانی‌ و هەڵەبجەو ئیدارەكانی‌ گەرمیان و بتوێن و پشدەری‌ تێنەپەڕاندووەو پارێزگاكانی‌ هەولێرو دهۆك بەهەرهۆیەكەوە بێت بێ دەنگن كە ئاشكرایە قەیران و نەهامەتییەكان گشتین و بەرۆكی‌ هەموو خەڵكی‌ كوردستانی‌ گرتووەو ئەم حكومەتە لێی‌ بەرپرسیارە، بۆیە (بەرەی‌ ئۆپۆزسیۆن)ی‌ پێكهاتوو لەو حزب و لایەن و رەوتانەی‌ خۆیان بەئۆپۆزسیۆنی‌ ئەم حكومەتە دادەنێن بەفەرمی‌ و بە هاوبەشی‌ داوای‌ مۆڵەت بداتە لایەنە پەیوەندیدارەكان لە هەردوو پارێزگای‌ هەولێرو دهۆك و شارو شارۆچكەكانیان كە شوێنی‌ تایبەتیان بۆ دیاری‌ بكات و رێوشوێنی‌ ئەمنی‌ بگیرێتە بەر بۆ پاراستنی‌ ئەمنیەتی‌ خەڵك و شوێنەكان، پێشتر هیچ لایەنێكی‌ سیاسی‌ ئەم داوایەی‌ نەكردووەو دەسەڵاتیش لەو دوو پارێزگایە ئەمەی‌ بەهەل زانیوە كەڕێگا بەهیچ گردبوونەوەو چالاكییەكی‌ جەماوەری‌ نەدات.

هــ. ر


PM:12:05:22/12/2017


ئه‌م بابه‌ته 1680 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو