سودانى ستایشی حه‌ماس ده‌كات بۆ رازیبوونی به پێشنیازی ئاگربه‌ست
محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق
وێستگهنیوزـ
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 8ی ئایاری 2024، محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ستایشی حه‌ماس-ی كرد به‌وه‌ی به پێشنیازی ئاگربه‌ست له غه‌ززه رازیبووه.
له‌م باره‌یه‌وه نووسینگه‌ی سودانی به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكردووه‌ته‌وه و تیایدا هاتووه: "سودانی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی، له لایه‌ن ئیسماعیل هه‌نیه، سه‌رۆكی مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌له‌ستینی، پێگه‌یشتووه سودانی له‌و په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌دا، جه‌ختی له‌وه كردووه‌ته‌وه كه بڕیاری رازیبوونی بزووتنه‌وه‌كه به ئاگربه‌ست، بڕیارێكی به‌رپرسیارانه‌یه و له به‌رز راگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای گه‌لی فه‌له‌ستینه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه عێراق پشتگیری ئه‌م هه‌نگاوه ده‌كات كه ده‌بێته هۆی راگرتنی ئێش و ئازاره‌كانی گه‌لی فه‌له‌ستین، هاوكات ئه‌و هه‌نگاوه، "به‌ده‌مه‌وه‌هاتنه بۆ هه‌وڵ و تواناكانی برا عه‌ره‌به‌كان، له پێناو كۆتاییهێنان به نه‌هامه‌تییه‌كانی گه‌لی فه‌له‌ستین".
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق جه‌ختی له‌وه كردووه: "پێویسته كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی، بۆ راگرتنی شه‌ڕی غه‌ززه، هه‌ڵوێستیان هه‌بێت. هه‌روه‌ها پێویسته ده‌وڵه‌ته گه‌وره‌كان، بۆ رێگریكردن له به‌رده‌وامی ده‌ستدرێژییه‌كان، به ئه‌رك و به‌رپرسیاره‌تی خۆیان هه‌ستن، به تایبه‌ت له به‌رامبه‌ر پێداگری هێزه‌كانی داگیركه‌ر، له‌سه‌ر هێرشكرنه سه‌ر ده‌روازه‌ی ره‌فه‌ح و روودانی كاره‌ساتێكی مرۆیی و به‌رده‌وامبوون له ئه‌نجامدانی تاوانی قێزه‌ون، دژ به هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی".
ئیسماعیل هه‌نیه، لای خۆیه‌وه و له میانه‌ی په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا، "سه‌باره‌ت به بڕیاری بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس بۆ رازیبوون به ئاگربه‌ست له پێناو راگرتنی شه‌ڕی غه‌ززه و وه‌ك به‌ده‌مه‌وه‌چوونێك بۆ هه‌وڵه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی، روونكردنه‌وه‌ی وردی خستووه‌ته‌ڕوو. له هه‌مانكاتدا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئه‌و پشتگیرییه‌ی عێراق ده‌ربڕی كه له لایه‌ن حكومه‌ت و گه‌لی عێراقه‌وه پێشكهشیانكراوه، چ له‌سه‌ر ئاستی هه‌ڵوێستی سیاسی بێت یان له میانه‌ی ناردنی یارمه‌تییه مرۆییه به په‌له‌كان بێت بۆ هاووڵاتیانی گه‌مارۆدراو له غه‌ززه".
PM:08:41:08/05/2024
ئه‌م بابه‌ته 544
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت