پێشه‌وا هه‌ورامانی: چاوه‌ڕێی به‌غداین مووچه‌ی مانگی چوار بنێرێت

‌پێشەوا هەورامانی

وێستگه‌نیوزـ

پێشه‌وا هه‌ورامانی، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند، کە باس لە هەژماری من، مووچە، گەنمی جووتیاران و پرسی فەرمانبەرانی گرێبەست کراوە.

ئه‌مڕۆ چوارشەممە 8ی ئایاری 2024، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: "هەرچی پێوست بێت لەسەر حکومەتی هەرێم و ئەو داهاتانەی بدرێنە بەغدا دەدرێن".

پێشەوا هەورامانی، لەبارەی پرسی فەرمانبەرانی گرێبەست رایگەیاند: 30 هەزار فەرمانبەری گرێبەست لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە کە تياندایە 15 ساڵە خزمەت دەکەن، سەرۆکی حکومەت بە مافی ئەوانی دەزانێت بکرێنە هەمیشەیی و تیمێکی راسپارد لە ماوەی 15 رۆژدا پۆلێنی فەرمانبەرانی گرێبەست بکرێت و لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ قسە بکرێت هاوشێوەی ئەو یەک ملیۆن فەرمانبەرەی لە عێراق دامەزراون، ئەوانیش بەپێی یاسا فەرمانبەرانی گرێبەست بکرێنە فەرمانبەری هەمیشەیی.

لەبارەی دواکەوتنی مووچەی مانگی نیسان، پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوەکرد، "پەیوەندی هەبوو بە پرۆسەی تەوتین و داهاتی ناوخۆوە، هیچ بەربەستێک لەبەردەم ناردنی مووچە نەماوە و ئێستا بانکێکی حکومیش بەشدارە لە پرۆژەی هەژماری من و لەبارەی داهاتی ناوخۆشەوە پێشتر رێککەوتن کراوە، بۆیە چاوەڕێ دەکەین لە زووترین کاتدا، وەزارەتی دارایی فیدراڵ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکات".

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتیشی: "سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە سەرپەرشتیارانی پرۆژەی هەژماری من کردووە، هاوکاربن لەگەڵ بانکی تی بی ئای و کارئاسانییان بۆ بکەن بۆ ئەوەی پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچە دەست پێبکات و هیچ فەرمانبەرێک ناچار ناکرێت".

پێشەوا هەورامانی جەختی کردەوە، ئەم کابینەیە بووەتە کابینەی بیانوو بڕین و هیچ پاساوێک بۆ دروستکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەماوە.


PM:06:28:08/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 11092 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت