سه‌لاحه‌دین به‌هادین: كەمتەرخەمی بەرامبەر ئەقسا كەمتەرخەمییە بەرامبەر كەعبە

‌ سەلاحەدین محەمەد بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان

وێستگه‌ نیوزـ

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، سەڵاحەدین محەمەد بەهادین هەڵوێستی حزبەكەی لە بارەی بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ ناساندنی قودس وەك پایتەختی ئیسرائیل راگه‌یاند.

سەلاحەدین محەمەد بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لەبارەی هەڵوێستی حزبه‌كه‌ی له‌سه‌ر ناساندنی قودس به‌ پایته‌ختی ئیسرائیل وتی: "قودس و مزگەوتی ئەقسا بۆ موسڵمانان و ئومەتی ئیسلامی بە گشتی یەكێكە لە موقەدەساتەكان، موقەدەساتیش شتێك نییە موساوەمەی لەسەر بكرێت یان چاوپۆشی لێبكرێت، ئەم بڕیارەش بڕیارێكی هەڵە و خەتایە بەرامبەر بە ئومەتی ئیسلام و موقەدەساتی موسڵمانان، جگە لەوەش موقەدەساتی مەسیحییەكانیشە."

وتیشی: "كردنی قودس بە پایتەختی ئیسرائیل خزمەتێك ناكات تەنانەت بە ئیسرائیل خۆشی، دەبێتە هۆی زیاتركردنی گرژییەكان و ئەو ئاشتیەش كە بڕیارە ببێت و چەندین ساڵە قسەی لەسەر دەكەن هەمووی لەبار دەبات، هەڵوەشانەوەی زۆرێك لەو پلان و بەرنامانەشە كە بۆ ئارامكردنەوەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەكرێت".  

سەلاحەدین بەهادین راشیگه‌یاند: "بڕیارەكە هەڵەیەكی گەورەیە و رەنگە ئیسرائیلییەكان بۆ خۆیان بیریشیان لێنەكردبێتەوە كە بڕیارێكی وەها بدرێت بەم پەلەیە و بەو شێوەیەی كە درا، وەك خۆم و وەك حزبیش ئیدانەی ئەو بڕیارەمان كردووە و چەندین بەیاننامە و نوسینمان لەسەر ئەو پرسە بڵاوكردۆتەوە كە بە هەڵەیەكی گەورەی دەزانم، چونكە موسڵمانان هەرگزیش چاوپۆشی ناكەن لەوە و ئەگەری گرژی زیاتریش هەیە و دوور نیە بابەتەكە بچێتە چوارچێوەی ئابوری و سیاسی و دیبلۆماسییەوە، كەئەوەش خزمەت ناكات ". 

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان پێی وایه‌: "هەركەسێكی عاقڵی سیاسی دیراسەی ئەو بابەتە بكات، دەزانرێت كە بابەتەكە بێوەختە و نارێكە، بۆیە خوازیارین كە پاشگەز ببنەوە و بڕیارەكە هەڵبووەشێنرێتەوە و حساب بۆ هەست و شعووری موسڵمانان بكرێت، كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێندە كەم نییە تا ئەمەشی بۆ زیاد بكرێت، گرمۆڵەكردنی هەموو كێشەكانیش لە بابەتێكی ئاوەهادا كە بابەتێكی مێژوویی و موقەدەساتی و مەعنەوییە و تەنازولی لەسەر ناكرێت و كارێكی هەڵەیە". 

لە بارەی بێدەنگی و هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بەرامبەر بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا و كاردانەوە توندەكانی توركیاش بەرامبەر بڕیارەكە، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە نیگەرانییەوە وتی: "بەداخەوە ئەوەش نیشانەی ئەوەیە كە ترامپ زاتی ئەوەی كرد ئەو بڕیارە بدات لەلایەك، لەلایەكی تریش ئەوەی رژێمەكانی ناوچەكە بە هەرێمی كوردستانیشەوە نەیانتوانی هەڵوێستێكیان ببێت، یان ناوێرن یان ئەوەندە دەركی شتەكان ناكەن و هەست ناكەن ئەو هاوكێشەیە چەندە مەترسیدارە. دیارە دابڕانێكیش هەیە لە نێوان گەلانی موسڵمان و رژێم و كاربەدەستەكانیان، بەڵام ئەوەش لە بابەتەكە و حەقانیەتی بابەتەكە و لە حەقیقەتی مێژوویی مزگەوتی ئەقسا ناگۆڕێت كە یەكەم قیبلەی موسڵمانانە و موقەدەساتە، هەر كەمتەرخەمییەك بەرامبەر مزگەوتی ئەقسا كەمتەرخەمییە بەرامبەر كەعبە و مزگەوتی نەبەوی، چونكە ئەو سێ‌ مزگەوتە سێ‌ مزگەوتی موقەدەسی موسڵمانن".

چەند رۆژێک لەمەوبەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بڕیاری ژمارەی 478ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ساڵی 1980ی پێشێل کرد و قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند و وتی: "کاتی ئەوە هاتووە بە فەرمی دان بە قودس دابنێین وەک پایتەختی ئیسرائیل". 

ترەمپ راگەیاند کە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی راسپاردووە بۆ دەستکردن بە ئامادەکارییەکانی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شاری تەلئەبیبەوە بۆ قودس

سەرچاوە: ئاژانسی ئەنادۆڵ


ر.ع


PM:05:19:12/12/2017


ئه‌م بابه‌ته 2204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو