سه‌لاحه‌دین به‌هادین: ئێمە لە پشت بازرگانی کردنی (بتكۆین) و (وەنكۆین)ەوە نین

‌سه‌لاحه‌دین به‌هادین

وێستگه‌ نیوز ـ

سه‌لاحه‌دین به‌هادین، ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی له‌سه‌ر بابه‌تی (بتكۆین) و (وەنكۆین)  بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، دوور و نزیك یه‌كگرتوو په‌یوه‌ندی به‌م جۆره‌ بازرگانییه‌وه‌ نییه‌.


له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌ی سه‌لاحه‌دین به‌هادین، ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوودا هاتووه‌: "ماوەیەكە گفتوگۆ لەسەر بابەتی (بتكۆین) و (وەنكۆین) دەكرێت، كە گوایە كاسپییەكە لەناو یەكگرتووەكاندا رەواجی پێ دەدرێت و یەكگرتووی لە پشتەوەیه".

ئه‌وه‌شی وتووه‌: "بەهیچ جۆرێك دوور و نزیك ئەم بازرگانییە وەهمی و ناڕوونە، پەیوەندی بە حزبەوە نییەو، ئێمەش لە زاری خەڵكەوە بیستوومانە كە كەسانێك تووش بوون و مومارەسەی دەكەن و، بازاڕی بۆ گەرم ئەكەن، ئەوە كارێكی شەخسییەو خۆیان وەك شەخس بەرپرسن لە ئەنجام و بەرهەمی كارەكەیان".

ده‌شڵێت: "ئێمە ئامۆژگاری دەكەین كە ئەندامانی یەكگرتوو خۆیان بەم كاسبییە وەهمییەوە خەریك نەكەن و، پارەی حەڵاڵی خۆیان با كەمیش بێ، لەو زۆرە خەیاڵییە باشترە".

بیتکۆین پارەیەکی ئەلیکترۆنییە، واتە نەئاسنە و نەکاغەز تا بێتە هەژمارە بانکییەکانەوە یان دەست بەدەست بگات بە خەڵک، بەڵام بە پارە دەکڕڕێت. هەورەها بانکی نییە تیایدا هەڵگبیرێت. ئەوەیە کە لە نێوان کڕیار و فرۆشیارەکانیدا دەستاودەست دەکات، تەنها کۆدە و، مامەڵەکەش بە مۆبایلی زیرەک دەکرێت و، دەبێ ئەپەکەی دابەزێنرێت.

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌:

روونكردنەوەیەكی پێویست

ماوەیەكە گفتوگۆ لەسەر بابەتی (بتكۆین) و (وەنكۆین) دەكرێت، كە گوایە كاسپییەكە لەناو یەكگرتووەكاندا رەواجی پێ دەدرێت و یەكگرتووی لە پشتەوەیه، بۆ بەرچاو روونی و ئاگاداری هەموو لایەك دەڵێین:

1- لایەنی فیقهی و یاساییەكەی بەجێ دەهێڵم بۆ زانایانی شارەزا، كە فتوای ئاشكرایان لەسەر داوەو، بە كارێكی ناروون و شوبهەو بێ رەسید و بێ زەمانەت ئەیناسێنن و، كەسی موسڵمانی پابەند بە رزقی حەڵاڵ خۆی بەدوور ئەگرێ لە شتی وا گوماناوی..

2- لەبارەی پەیوەندی بە یەكگرتووە راشكاوانە رایدەگەیەنین، بەهیچ جۆرێك دوور و نزیك ئەم بازرگانییە وەهمی و ناڕوونە، پەیوەندی بە حیزبەوە نییەو، ئێمەش لە زاری خەڵكەوە بیستوومانە كە كەسانێك توش بوون و مومارەسەی ئەكەن و، بازاڕی بۆ گەرم ئەكەن، ئەوە كارێكی شەخسییەو خۆیان وەك شەخس بەرپرسن لە ئەنجام و بەرهەمی كارەكەیان.. ئێمەش تەوسییە ئەكەین كە ئەندامانی یەكگرتوو خۆیان بەم كاسبییە وەهمییەوە خەریك نەكەن و، پارەی حەڵاڵی خۆیان با كەمیش بێ، لەو زۆرە خەیاڵییە باشترە..

3- هەر لەو بارەیەوە جەخت لەوە دەكەینەوە كە مەرجەعی شەرعی ئەم جۆرە بابەتانە تەنیا زانایانی شەرعییە، نەك ئەو كەسانەی كە خۆیان تووش بوون و، بە كەمێك شارەزایی و رۆشنبیریی ئاینییەوە دەیانەوێ ئەم كارە گوماناوییە بشەرعێنن و، قسەی ئەهلی عیلم و فتواو پسپۆڕی پشتگوی بخەن..

سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین
ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان
2/1/2018


AM:10:01:02/01/2018


ئه‌م بابه‌ته 5204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو