یه‌كه‌م به‌رپرسی‌ كورد له‌سه‌ر رووداوه‌كانی‌ كه‌ركوك ده‌ستی‌ له‌كار كێشایه‌وه‌

‌شۆڕش قادر لەگەڵ بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم

وێستگه‌ نیوز –
وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك له‌به‌رامبه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان بۆ شاری‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كان، به‌رپرسێكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌ست له‌كار كێشایه‌وه‌.

شۆڕش قادر ره‌حیم نوێنه‌ری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ وڵاتی‌ سوید له‌ هه‌ژماری‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ تویته‌ر رایگه‌یاند كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2017/10/18 له‌ ڕێگه‌ی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانم له‌سه‌ر بڕیاردانم به‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌م وه‌كو نوێنه‌ر ئاگادار كرده‌وه‌.

شۆڕش قادر ده‌ڵێت: "بڕیاره‌كه‌م له‌ ده‌ره‌نجامی گۆڕانكارییه‌كانی بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان و به‌ تایبه‌تیش بارودۆخی شاره‌كه‌م، شاری كه‌ركوك و ده‌وروبه‌ری داوه‌".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "كار و چالاكیه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ كاری دبلۆماسیه‌وه‌ ده‌ستبه‌جێ ده‌وه‌ستێنم، به‌ڵام كاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌رده‌وام كاریان له‌سه‌ر ده‌كه‌م تا 2017/11/30".

به‌ره‌به‌یانی 16-10-2017 حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك، وه‌زیرانی عیراق هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی راسپارد بۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان له‌ پارێزگای كه‌ركوك، راشیگه‌یاند، سورن له‌سه‌ر پاراستنی‌ سه‌لامه‌تی‌ خه‌ڵكی كه‌ركوك و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ ئاسایش بۆ ئه‌و شاره‌، وتیشی "داوا له‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ین ئه‌ركه‌كانی‌ له‌ژێر فه‌رمانی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندیدا جێبه‌جێبكات".

له‌ به‌رده‌وامیی‌ جموجوڵی‌ هێزه‌ عیراقییه‌كاندا، ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ ئه‌و هێزانه‌ به‌ره‌و كه‌ركوك پێشڕه‌وییان كرد و ناحیه‌ی‌ تازه‌ و به‌شێك له‌ دوزخومارتو وبنكه‌ی‌ سه‌ربازیی‌ كه‌یوان و چه‌ند شوێنێكی‌ باشوری‌ شاری‌ كه‌ركوكیان كۆنتڕۆڵكرد، به‌پێی دوایین ئامار یه‌كێتی 86 شه‌هید و 162 بریندار و 37 ونبوو و دیلی هه‌یه‌.

به‌هۆی هێرشی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی بۆ سه‌ر ناوچه‌ دابڕاوه‌كان و كه‌ركوك له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ پاشه‌كشه‌یان كرد، ئێواره‌ی‌ 16-10-2017 هێزه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ گه‌یشتنه‌ شاری‌ كه‌ركوك و بینای‌ پارێزگایان كۆنتڕۆڵكرد و ئاڵای‌ كوردستانیان داگرت.

دوێنێ‌ سێشه‌ممه‌ش هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ مه‌خمور، گوێر، شه‌نگال، سنونێ‌، باشیك به‌نداوی موسڵ كشانه‌وه‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان چوونه‌ ئه‌و ناوچانه‌، هاوكات هێزه‌ عیراقییه‌كان چوونه‌ ناو خانه‌قین و جه‌له‌ولا و ئاڵای‌ عیراقیان له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ هه‌ڵكرد.

ئێواره‌ی دوێنێش بارزانی یه‌كه‌م په‌یامی دوای رووداوه‌كانی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند "ئه‌وه‌ی له‌ كه‌ركوك رویدا ده‌رئه‌نجامی بڕیاری تاكلایه‌نه‌ی چه‌ند كه‌سێكی نێو لایه‌نێكی سیاسیی ناوخۆی كوردستان بووه"‌.

هه‌روه‌ها حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی هه‌فتانه‌یدا رایگه‌یاند " ئه‌وان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستور داوای دیالۆگ ده‌كه‌ن و پێشتریش به‌ سه‌ركرده‌كانی كوردم وت ریفراندۆم یه‌كه‌مجار زیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هاوڵاتیانی كورد ده‌دات".

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق راشیگه‌یاند: "ئێستا ریفراندۆمه‌كه‌ی هه‌رێم كۆتایی هاتووه‌و بووه‌ به‌ به‌شێك  له‌ رابردوو".



PM:08:53:18/10/2017










ئه‌م بابه‌ته 117104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو