سیروان سیرینی: سبەی سەرۆکی پەرلەمان و نوێنەرانی کەرکوک کۆدەبنەوە


وێستگە نیوز-

ئەمڕۆ جارێکی دیکە ھەر پێنج فراکسیۆنەکەی کوردستان دانیشتنی پەرلەمانی عێراقیان بایکۆت کردو نوێنەرێکی کوردیش دەڵێت، بڕیارە سبەی سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ نوێنەرانی کەرکوک و فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆببێتەوە. ھاوکات ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئاشکرایکرد، بڕیارە پەرلەمانی عێراق دەست بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش ببات و کودەتا بەسەر یاسادا بکات.

لەوبارەیەوە سیروان سیرینی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمڕۆ فراکسیۆنە کوردستانیەکان دیسان کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقیان بایکۆت کرد و بەو ھۆیەوە نیسابی یاسایییان پێ تەواو نەکرا. ئێمەش پێکەوە لە ھۆڵێکی نێو پەرلەمان کۆدەنگیمان ھەبوو، سەرجەم پەرلەمانتارانی کورد پێکەوە بڕیاریماندا، ھەتا سەرۆکی پەرلەمان نەیەتە لامان و مەرجەکانی ئێمە قبووڵ نەکات، لە ھیچ کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی عێراقدا بەشدار نابین، دواتر سەرۆکی پەرلەمانی عێراق خۆی سەردانی پەرلەمانتارانی کوردی کردو بڕیارە دانوستان لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان بکرێت.''

لەبارەی ھەڵوێستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقەوە، سیروان سیرینی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: ''بڕیارە سبەی، یەکشەممە، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و نوێنەرانی کەرکوک لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆ ببنەوە و تێدا مەرجی ئێمە قبووڵ بکرێت، کە نابێت لە کۆبوونەوەکانی داھاتوودا ھیچ پڕۆژەیەک لە پەرلەمان بخرێتە ڕوو، کە پەیوەندیی بە کەرکوک و ھەرێمی کوردستانەوە هەبێت، ئەگەر ئەو مەرجەی ئێمە جێبەجێ کرا، بەشداریی کۆبوونەوەکان دەکەین و بەپێچەوانەوە بەشدار نابین.''

ئەمڕۆ بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد: ''ژمارەیەک ئیمزا بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆ کراونەتەوەو پەرلەمان دەیەوێت بە بڕیارێک ئەنجومەنەکە ھەڵبوەشێنێتەوە.''

لەلایەكی ترەوە ئەحمەد عەسکەری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووە: ''ڕێکارەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک تەواو پێچەوانەی یاسایەو ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەگۆڕێت، یان ھەڵیدەوەشێنتەوە، تەنیا ھەڵبژاردنەو ئەگەر ھەنگاوێکی وەھا بنێرێت، ئەوە دەبێتە کۆدەتا بەسەر یاسا و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکدا. لەبەرئەوە بەھیچ شێوەیەک وەک ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ناچینە ژێر باری بڕیارێکی وەھا و بە توندی ڕەتی دەکەینەوە''.
عەسکەری دەربارەی ئەو ھەنگاوەی پەرلەمانتارانی عێراق بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگا کەرکوک ھەڕەشەی کردو وتی: ''ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ھەڵبژێردراوی خەڵکی ڕەسەنی کەرکوکەو سبەی یەکشەممە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆدەبێتەوەو ھەڵوێستی فەرمیی خۆی دەربارەی پیلانگێڕیی سەر ئەنجومەنەکە ڕادەگەیەنێت، چونکە ئەنجومەن لە لایەن پەرلەمانەوە ھەڵنەبژێردراوە، تا لەلایەن ئەوانەوە ھەڵبوەشێندرێتەوە.''


PM:08:49:16/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 6717 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو