مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی له‌سه‌ر نه‌جمه‌دین كه‌ریم هاته‌ ده‌نگ


وێستگه‌ نیوز – مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بڕیاری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بۆ لادانی د. نه‌جمه‌ددین كه‌ریم له‌ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك ره‌تده‌كاته‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ هه‌ڵوێسته‌كانی به‌رز ده‌نرخێنن.

مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی‌ له‌سه‌ر لادانی د. نه‌جمه‌ددین كه‌ریم له‌ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌ "بڕیاری ناڕه‌وا و نایاسایی لادانی به‌ڕێز (دكتۆر نه‌جمه‌دین كه‌ریم) له‌ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك به‌ توندی ئیدانه‌ و ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌".

 مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ ده‌ڵێت: "به‌م بڕیاره‌ بێ بنه‌مایه‌ كه‌ هیچ ئیعتبارێكی نییه‌، جارێكی دیكه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا سه‌لماندییان كه‌ هیچ نرخ و به‌هایه‌ك بۆ شه‌راكه‌ت و شه‌رعیه‌ت و ته‌وافوق و ده‌ستوور و متمانه‌ی گه‌ل و ده‌نگ و ڕای هاووڵاتییان دانانێن و كۆی ئه‌و پرنسییانه‌یان ژێرپێناوه‌ كه‌ عیراقی نوێی له‌سه‌ر دامه‌زرا".

 ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "ئه‌م بڕیاره‌ نابه‌جێیه‌، ئاماژه‌یه‌كی روونه‌ بۆ ئه‌و سیستمه‌ سیاسییه‌ی ده‌یانه‌وێت به‌زه‌بری دیكتاتۆریه‌تی زۆرینه‌ بیسه‌پێنن و كۆده‌تایه‌كی بێمنه‌ته‌ به‌سه‌ر ده‌ستوور و دیموكراتی ته‌وافوقی و حوكمی ئیتیحادیی و به‌سه‌ر خودی په‌رله‌مانه‌كه‌ی عیراقدا".
 
مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "ئێمه‌ له‌ لای خۆمانه‌وه‌ ئه‌م جۆره‌ ده‌ستوه‌ردان و مه‌ركه‌زییه‌ته‌ ملهوڕانه‌یه‌ به‌ توندی ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌. پشتیوانی بێسنوریش بۆ جه‌نابی پارێزگاری كه‌ركوك (دكتۆر نه‌جمه‌دین كه‌ریم) ده‌رده‌بڕین و هه‌ڵوێسته‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی به‌رز ده‌نرخێنین".

دوێنێ‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری كه‌ركوكی له‌ پۆسته‌كه‌ی لابرد.

ئه‌شواق جاف، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی پارتی به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: "به‌ر له‌ ده‌ستپێكی دانیشتنه‌كه‌ داوامان له‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق كرد بڕگه‌ی لابردنی پارێزگاری كه‌ركوك نه‌خاته‌ ده‌نگدانه‌وه‌".

ئه‌شواق جاف وتی‌: "به‌ڵام ئه‌و داوایه‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ ره‌تكرایه‌وه‌ و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ متمانه‌ له‌ د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری كه‌ركوك وه‌رگیرایه‌وه‌".


AM:09:08:15/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 11426 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو