وەزارەتی‌ خوێندنی‌ باڵا لە هۆکار و زیانەکانی‌ ئاگرکەوتنەوەکەی‌ زانکۆی‌ چەرموو دەکۆڵێتەوە


وێستگه‌ نیوز

بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربون لە زەرەو زیانەکانی‌ ئاگره‌كه‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی زانكۆی چه‌رموو، لەسەر ڕاسپاردەی‌ د.یوسف گۆران، وەزیری‌ خوێندنی‌ باڵا و توێژینەوەی‌ زانستی‌، ئەمڕۆ دوشەممە، 2ی تشرینی یه‌كه‌می 2017، وەفدێکی‌ وەزارەتی‌ خوێندنی‌ باڵا و توێژینەوەی‌ زانستی‌ سەردانی‌ زانکۆی‌ چەرموو-یان کرد.

 وه‌فده‌كه‌ی وه‌زاره‌ت پێکهاتبوو لە د.خەتاب شێخانی‌ بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ فەرمانگەی‌ کارگێڕی‌ و دارایی‌ و، د.داود ئەتروشی‌ بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ فەرمانگەی‌ ئەندازە و پڕۆژەکان و، د.نوری‌ هەرزانی‌ بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ فەرمانگەی‌ دڵنیایی‌ جۆری‌ و متمانەبەخشین و، هێمن ئەمین شوانی‌ بەڕێوەبەری‌ ڕاگەیاندن.

لەسەرەتادا وەفدەکەی‌ وەزارەت سەردانی‌ باڵەخانەی‌ کۆلێژی‌ پەروەردەی‌ بنەڕەتیان کرد و لە نزیکەوە ئاشنایی‌ زەرەو زیانەکانی‌ کارەساتی‌ ئاگر کەوتنەوەکە بون، بۆ ئەوەش سەرۆکی‌ زانکۆ وتی‌: تیمەکانی‌ ئاگر کوژێنەوە و هاوڵاتیان هەماهەنگێکی‌ زۆریان کردین لە کۆنتڕۆڵکردنی‌ ئاگرەکە و دەربازکردنی‌ هەندێ کەلوپەل.

لە بەرامبەردا، د.خەتاب شێخانی‌ بەناوی‌ وەزارەتی‌ خوێندنی‌ باڵا و توێژینەوەی‌ زانستی‌ وتی‌: خۆشحاڵین کە ئەو کارەساتە هیچ زیانێکی‌ گیانی‌ بەدواوە نەبوە، بۆ زیانە مادییەکانیش ڕایگەیاند: ئەگەر چی‌ زیانە ماددییەکان زۆرن، بەڵام وەزارەت هەماهەنگ و پشتیوانی‌ زانکۆ دەبێ بۆ چارەسەرکردنی‌ کێشەکان.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، لە سەرۆکایەتی‌ زانکۆی‌ چەرموو کۆبونەوەیەک لە نێوان وەفدی‌ وەزارەت و ئەنجومەنی‌ زانکۆی‌ چەرموو بەڕێوەچوو، لە کۆبونەوەکەدا، د.سەڵاح ڕەزا، سەرۆکی‌ زانکۆی‌ چەرموو کورتەیەکی‌ لەبارەی‌ چۆنیەتی‌ ئاگرکەوتنەوەکە و تەشەنەکردنی‌ باسکرد، پاشان بەوردی‌ باسی‌  لە زیانەکان کرد و وتی‌: ڕوبەری‌ ئەو باڵەخانەیەی‌ کە سوتاوە لەسەرهه‌زار و 600 مەتر دوجا دروستکراوە.

 ئاشكراشیكرد كه‌ بەهۆی‌ ئەو ئاگرکەوتنەوەیە 10 تاقیگەی‌ زانستی‌ خوێندن سوتاون کە بریتین لە تاقیگەکانی‌ (فێزیا، مایکرۆبایلۆجی‌، کیمیای‌ شیکاری‌، کۆمپیوتەر لەگەڵ چەند سمارت بۆرد و داتاشۆی‌ دیجیتاڵی‌، کۆمپیوتەر لۆجیک، فیسۆلۆجی‌، ئۆرگانی‌ کیمیستەری‌، جیۆلۆجی‌، ئیکۆلۆجی‌) لەگەڵ هەموو کۆگای‌ تاقیگەکان، کە کەلوپەلی‌  یەدەگی‌ و کیمیای‌ لەگەڵ بوە سوتاون.

وتیشی کە هۆڵی‌ ڤیدیۆ کۆنفرانس بەتەواوی‌ کەلوپەلەکانی‌ ناوی‌ سوتاوە، لەگەڵ ژوری‌ مامۆستایان و، سەرۆکایەتی‌ بەشی‌ زانستەکان و بڕیاردەرەکەی‌، ئەوەشی‌ ڕونکردەوە کە تەواوی‌ باڵەخانەی‌ سێنتەری‌ توێژینەوەی‌ زانستی‌ تێکچوە و زیانیکی‌ زۆر بەرکەلوپەکانی‌ کەوتوە.

لە بەشێکی‌ دیکەی‌ کۆبونەوەکەدا، چەندین ڕاوبۆچون گەڵاڵەکران بۆ ئەوەی‌ بەزوترین کات ڕێگە چارەیەک دەستنیشان بکرێ تا پڕۆسەی‌ خوێندن لەو بەشانە ڕانەوەستێ، داواشیان کرد سەرۆکایەتی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران و وەزارەتی‌ دارایی‌ هەماهەنگ بێ تا بتوانن لە زوترین کاتدا ڕێگەچارەی‌ پێویست بگیرێتەبەر، بۆ ئەو مەبەستەش کۆبونەوەکە چەند ڕاسپاردە و پێشنیازێکی‌ گەڵاڵە کرد تا لە زوترین کاتدا کاریان لەسەر بکرێت.

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 1ی تشرینی یه‌كه‌می 2017 ئاگرێک لە کۆلێژی‌ پەروەردەی‌ بنەڕەتی‌ زانکۆی‌ چەرموو کەوتەوە، بەهۆیەوە زیانێکی‌ ماددی‌ زۆر بەر باڵەخانەی‌ کۆلێژەکە کەوت.

ر.ع


PM:07:07:02/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 3516 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو