لەمڕۆوە داواکاری بە سیستمی راستەوخۆی زانکۆیی دەستپێدەکات
وێستگه نیوزـ
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگهیاند لهمڕۆ سێشهممه 15ی ئابی 2017هوه، داواکاری بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان بەسیستمی راستەوخۆی زانکۆی لە 377 بەش و کۆلێژی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات.
عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێکدا رایگەیاند: دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو بەسەرکەوتوی توانرا سیستمی وەرگرتنی راستەوخۆی زانکۆیی جێبەجێ بکرێت، بۆیە وەزارەت بڕیاری فراوانکردنی ئەو سیستمەی دا و بۆ ئەمساڵ 377 بەشی زانستی بەسیستمی وەرگرتنی راستەخۆی زانکۆیی خوێندکار وەردەگرن، جگە لە کۆلێژەکانی کۆمەڵەی پزیشکی، ئەندازیاری، بەشی یاسا، بەشەکانی زیندەوەرزانی و کیمیا و کۆمپیوتەر لە کۆلێژەکانی زانست، بەشی زمانی ئینگلیزی لە کۆلێژ و سکوڵەکانی زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکان و ئەدەبیات کە وەک ساڵانی پێشو لە ڕێگەی (زانکۆلاین) خوێندکاران دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن، کە دواتر لەلایەن وەزارەتەوە کاتی کارابونی ڕادەگەیەنرێت.
وتیشی: لەوەرگرتنی ڕاستەوخۆی زانکۆیی رێژەی 30%ی کۆنمرە بۆ تاقیکردنەوەی بەش یان کۆلێژە دەبێت و ڕێژەی 70%ی کۆنمرەی پۆلی 12ی ئامادەییش هەژمار دەکرێت.
وتەبێژی وهزارهتی خوێندنی باڵا وتیشی: لەمڕۆوە داواکاری بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان بەسیستمی راستەوخۆی زانکۆی دەستپێدەکات و داواکاری راستەخۆ لە تۆماری کۆلێژ/ پەیمانگە دەبێت و خوێندکاران دەتوانن سەردانی ئەو کۆلێژ و پەیمانگەیانە بکەن کە ئارەزوی دەکەن، وتیشی لەیەک کاتدا دەتوانن داواکاری بۆ سێ بەشی جیا پێشکەش بکەن، لەهەمان کاتدا ئەو خوێندکارانەی کە تاقیکردنەوەیان بۆ خولی دووەم ماوە بەهەمان شێوە دەتوانن فۆرمی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەدەست بهێنن.
وتیشی لە هەمو زانکۆکان ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ پێشوازیکردن لە خوێندکاران، ئاگاداری خوێندکارانیش دەکاتهوه کاتێک کە سەردانی تۆماری کۆلێژ و پەیمانگەکان دەکەن بۆ خۆتۆمارکردن و بەدەستهێنانی فۆرم، دەبێت ژمارەی ئەزمونی و ئەنجامی پۆلی 12ی ئامادەیی پێشکەش بە تۆمار بکات، تا لەلایەن تۆماری زانکۆوە پۆلینی داواکارییەکان بەپێی مەرجەکان بکرێت.
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاشیگەیاند: بۆ ساڵی خوێندنی 2017-2018 وەزارەتەکەمان پلان و بەرنامەی تازەی بەئاراستەی بەرەوپێشبردنی رەوتی خوێندن لە هەرێمی کوردستان و بەرزکردنەوە ئاستی زانستی خوێندکاران و کواڵێتی خوێندن داڕشتووه و مەرج و رێنماییەکانی وەرگرتنی لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان هەرێمی کوردستان دەرکردووه.
PM:12:52:15/08/2017
ئهم بابهته 2136
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت