ئەنجامی وەرگرتنی‌ خوێندکاران لەڕێگەی‌ زانكۆلاین راگەیەندرا


وێستگه‌ نیوزـ
 
بۆ ساڵی خوێندنی‌ 2017-2018 لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکاندا حه‌وت هه‌زار و 273 خوێندكار لەڕێگەی‌ زانکۆلاین وەرگیران.

عەباس ئەکرەم، وتەبێژی‌ وەزارەتی‌ خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجامی وەرگرتنی خوێندكارانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە زانكۆ و پەیمانگەكان لەڕێگەی‌ زانكۆلاین راگەیاندو وتی: وەزارەتەکەمان ماوەیەكە بەچڕی و وردی كار بۆ وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەكات.

وتیشی: لەو چوارچێوەیەشدا ئەمساڵ دەرچووانی‌ خولی‌ یەکەم و دوەمی‌ قۆناغی‌ 12ی‌ ئامادەیی لە ڕێگەی زانكۆلاینەوە فۆرمی وەرگرتنیان لە زانكۆ و پەیمانگەكان پێشكەش كرد، بۆ ئەمەش حه‌وت هه‌زار و 273 خوێندكار لە زانكۆ و پەیمانگە حكومیەكان بۆ ساڵی‌ خوێندنی‌ 2017-2018 وەرگیران، جگە لەوەی كە 18 هه‌زار و 437 خوێندکاری‌ دیکە بەڕێگەی‌ سیستمی‌ ڕاستەوخۆی‌ زانکۆیی‌ لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیراون.

وتەبێژی‌ وەزارەتی‌ خوێندنی‌ باڵا و توێژینەوەی‌ زانستی‌ راشیگەیاند خوێندكارانی‌ 12ی ئامادەیی دەتوانن لە ئەمڕۆ سێ شەممە 24ی تشرینی یه‌كه‌می 2017، لە كاتژمێر 8ی شەو بەدواوە لە ڕێگەی وێبسایتی ئەلیكترۆنی (www.regayzanko.com) بەبەكارهێنانی هەمان ناوی‌ بەکارهێنەرو وشەی‌ تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) كە پێشتر فۆرمی (زانكۆلاین)یان پێ‌ بڕكردبوەو، دەتوانن ئەو شوێنە بدۆزنەوە كە لێیی وەرگیراون.

عەباس ئەکرەم راشیگەیاند: پێنج رۆژ دیاریکراوە بۆ تانەگرتن و سکاڵا، لەهەمان کاتدا داواش لە خوێندکاران دەکەین پەیوەندی بەو بەش و كۆلێژانەوە بكەن کە ناوەکانیان لێ هاتۆتەوە بۆ ڕاییكردنی مامەڵەكانیان دەستکردن بە پرۆسەی‌ خوێندن.

وتەبێژی‌ وەزارەتی‌ خوێندنی‌ باڵا و توێژینەوەی‌ زانستی‌ راشیگەیاند: لەگەڵ ڕاگەیاندنی‌ ئەنجامی‌ وەرگرتنی‌ خوێندکاران لە ڕێگەی‌ زانکۆلاین بۆ زانکۆ و پەیمانگەکان، لەمڕۆوە بۆ ماوەی‌ یەک هەفتە دەرچوانی‌ قۆناغی‌ 12ی ئامادەیی‌ دەتوانن داواکاری‌ لە تۆماری‌ کۆلێژ و پەیمانگەکان بۆ خوێندن بەشێوەی‌ پارالێل پێشکەش بکەن.

ر.ع


PM:08:09:24/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 4548 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو