له‌كاتی ئامادەکردنی شیری منداڵه‌كه‌ت ئه‌م هه‌ڵانه دووباره مه‌كه‌ره‌وه
وێستگە ستایل-
به‌شێك له دایكان گرفتی گرتنه‌وه و ئاماده‌كردنی شیری كۆرپه‌كه‌یان هه‌یه، دکتۆر سۆران پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی منداڵان له‌م بابه‌ته‌دا داوا له دایكان ده‌كات له‌كاتی ئامادەکردنی شیری منداڵه‌كه‌یان ئه‌م هه‌ڵانه دووباره نه‌كه‌نه‌وه.
یەکەم: ڕوون گرتنەوە و زیاد ئاو تێ کردن یان خەست گرتنەوە و کەم ئاو تێ کردن بە هەر مەبەستێک بێت هەڵەیە، پێویستە چۆن لەسەر قوتوەکە نوسراوە بەو شێوەیە ئامادە بکرێت نە زیاد و نە کەم، چونکە کاریگەری خراپی هەیە لەسەر گەشە و تەندروستی منداڵ.
دووەم: هەڵگرتنی شیری ماوە بۆ کاتێکی تر و دوبارە پێدانەوەی، نابێت ئەو شیرەی دەمێنێتەوە هەڵبگیرێت و جارێکی تر بدرێتەوە بە منداڵ بەهۆی مەترسی توش بونی بە هەوکردن.
سێیەم: بونی یەک دانە مەمە شوشە و پاک نەکردنەوەی بەشێوەیەکی دروست هەڵەیە و منداڵ توشی هەوکردنی ڕیخۆڵە و سکچون و ڕشانەوە دەکات، وا پێویستە چەند مەمە شوشەیەکی هەبێت و بە شێوەیەکی دروست و بە ئاوی گەرم و سابون پاکیان بکەیەوە دوای هەر شیر پێدانێک.
چوارەم: ئامادەکردنی شیر بە ئاوی ئاسایی (بەلوعە) هەڵەیە، پێویستە ئاوی کوڵاو دوای ئەوەی سارد دەبێتەوە بەکار بهێنرێت بۆ ئامادەکردنی شیر بۆ منداڵ تا یەک ساڵی دوای ساڵێک ئاساییە نەکوڵێنرێت.
پێنجەم: بەکارهێنانی مایکڕۆ وەیڤ بۆ گەرم کردنەوەی شیر هەڵەیە، ئەگەر پێویستی کرد شیر گەرم بکەیتەوە ئەوا مەمە شیرەکە دەخرێتە ناو ئاوی گەرم تا ئەو کاتەی گەرم دەبێتەوە.
شەشەم: بەکارهێنای شیری کیسە بۆ منداڵی کەمتر لە سێ ساڵی هەڵەیە، هەروەها زۆر گۆڕینی شیر و بەکارهێنانی شیری تایبەتی بەبێ ڕاوێژی پزیشکی پسپۆڕ هەڵەیە، هەر شیرێک لەسەری نوسراوە کە بۆ چ تەمەنێک و بۆ چ مەبەستێک گونجاوە.
PM:06:46:23/05/2022
ئه‌م بابه‌ته 1516
جار خوێنراوهتهوه