‌دەترسم توشی نەخۆشییەکی مەترسیدار بوبم

وێستگە ستایل-

یەکێک لەو حالەتە بەربڵاوە دەرونیانەی کە هەیە بریتییە لەوەی کە تاک وادەزانێت توشی نەخۆشییەکی مەترسیدار بووە یان دەترسێت و قەلەقە لەوەی کە توش ببێت، دكتۆر جه‌عفه‌ر پزیشكی ده‌رونی له‌م بابه‌ته‌دا ڕونكردنه‌وه‌ی‌ زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م نه‌خۆشییه‌ ده‌رونییه‌ ده‌دات.

ئەگەر نەخۆش مێشکی بەو بابەتە پربوەوە و بەردەوام بیریلێکردەوە و بەدوای ئەوەدا گەرا کە بزانێت نەخۆشە یان نا، بەو هۆیەشەوە سەردانی چەندین پزیشکی کردووە و هەمویان دلنیاییان داوە کە هیچ نەخۆشییەکی نییە، ئەوە لەم کاتەدا بە نەخۆشی دەرونی هەژماردەکرێت و پێویستی بە چارەسەر هەیە.

لە ولاتی ئێمەدا ئەو نەخۆشانەی ئەم حالەتەیان هەیە، زۆربەی کات قەلەقن سەبارەت بەوەی کە توشی نەخۆشی ئایدز ببن یان توشی نەخۆشی ژێرپەنجە ببن! لەکاتێکدا کە چەندین پشکنینیان کردووە و هەموو پشکنینەکان پاکن.

کەسەکە بەهۆی ئەو قەلەقی و ترسەوە، توشی نیشانەکانی قەلەقی دەبێت وەکو دڵەکوتە، بێئۆقرەیی، بیهێزی، تێکچونی تەرکیز، گێژبوون، .... لەوانەشە توشی خەمۆکی ببن بەو هۆیەوە.

چارەسەری ئەم حالەتە ئەوەیە کە لە نزیکەوە پزیشکی پسپۆری دەرونی کەسەکە ببینێت و دەستنیشانی حالەتەکەی بکات و دواتر بەگوێرەی جۆر و توندییەکەی چارەسەری بۆ دابنێت، جا دەرمان بیت یان چارەسەری دەرونی لای چارەسەرکاری دەروونی.

ئەم حالەتە بە چارەسەر تاک بەرەو باشبوون دەچێت و لەو ترس و قەلەقییە رزگاری دەبێت.


PM:04:25:20/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 39376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌