‌8 زانیاری گرنگ له‌سه‌ر به‌كتریای گه‌ده‌

وێستگە ستایل-

نزیکەی نیوەی دانیشتووانی جیهان تووشبووی بەکتریای گەدەن و زۆربەی ئەوانەی تووشبوون هیچ نیشانەیەکیان نییە، ئەم بەکتریایە توانای تووش کردنی هەوکردن یان درووست کردنی برین(قورحه) لە گەدە و دوانزەگرێی هەیە و تا ڕادەیەکی کەمتر شێرپەنجەی گەدە، دكتۆر ئومێد پسپۆری هەناو چه‌ند زانیاریه‌كی گرنگ له‌سه‌ر ئه‌م نه‌خۆشییه‌ی‌ گه‌ده‌ ده‌خاته‌ ڕوو.

1- ئه‌م نه‌خۆشییه‌ بڵاو دەبێتەوە لە ڕێگەی بەکارهێنانی خواردن و خواردنەوەی پیس بوو بە پاشەڕۆ یان لە دەمی کەسێکی تووشبووە، بۆیە لە کۆمەڵگا ھەژارەکان و شوێنە قەرەباڵغەکان زیاترە.

2- نیشانەکانی:ئازار لە بەشی سەرەوەی سک، کەمی ئارەزووی خواردن، هەست کردن بە زوو پربوونی گەدە پاش خواردنێکی کەم، هێلنج و ڕشانەوە، ڕەشبوونی ڕەنگی پیسایی(پاشەڕۆ) وکەم خوێنی لە کاتی بوونی خوێن بەربوون لە برینی گەدە (قورحە).

3- دەستنیشان دەکرێت لە رێگای پشکنینی پیسایی یان هەناسە یان خوێن.

4- بریاردان لەسەر جۆری پشکنین دەگۆڕێت بەپێ نەخۆش و بەکارهێنانی دەرمان بۆیە ئەبێت پزیشک بڕیاری لەسەر بدات چ جۆرە پشکنینێک بکرێت.

5- واباشترە پشکنین بۆ H. Pylori بکرێت لەو کەسانەی بە شێوەیەکی درێژخایەن دەرمانی ئەسپرین یان دەرمانی ئازارشکێن لە گروپی NSAID وەکو ناپروکسین، مۆبیک، پۆنستان... هتد بەکار دێنن، یان لەو کەسانەی کەم خوێنی بە هۆی کەمی ئاسنیان هەیە و هۆکارێکی روونی نیە.

6- ئەگەر کەسێک هیچ نیشانەیەکی نەبوو پێویست ناکات پشکنین بۆ H. Pylori بکرێت جگە لە چەند حاڵەتێکی دەگمەن.
7-بۆچارەسەرکردنی دوو دژە بەکتریا بەکار دێت لە گەڵ دەرمانی کەم کردنەوەی ترشەڵۆکی گەدە و جاری وا هەیە دەرمانی چوارەمیش زیاد دەکرێت بۆیە پێویستە لەژێر چاودێری پزیشکی بێت و نابێت سەربەخۆ دەرمان وەرگریت.

8-پاش وەرگرتنی چارەسەری گونجاو و لەناو بردنی، ئەگەری دووبارە تووشبوون لە 2% کەمترە.


PM:05:41:13/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 4452 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌