ئهوهی لهبارهی فرمێسكه ڕژێنهكانهوه نهتزانیوه
وێستگە ستایل-
1- فرمێسکەڕژێن ئەندامێکی بچوکە و شێوەی بادەمی هەیە، ئەکەوێتە بەشی سەرەوەی چاڵی چاو لە تەنیشتی دەرەوەی تۆپەی چاو.
2- لەم گلاندەوە فرمێسک دەڕژێت بەسەر چاودا و لە ڕێگەی دوو بۆریچکەوە لە چاوەوە دەڕژێتە ناو لوت.
3- ئەو دوو بۆریچەکەیە دەکەونە لێواری هەردوو پێڵووی چاو ، بەشی هەرەزۆری فرمێسک لەڕێگەی بۆری پێڵووی خوارەوە ڕادەکێشرێت بۆناو لوت.
4- درێژیی تێکڕای بۆری فرمێسک نزیکەی ۳ سانتیمەترە.
5- لە هەر شوێنێکی ئەم بۆرییانەدا بەربەست و گیران ڕوو بدات دەبێتە هۆی کۆبونەوەی فرمێسک و نەخۆشی.
6- دوای مانگێک لە لەدایکبوون ئینجا چاوی کۆرپە دەست ئەکات بە فرمێسک درووستکردن.
پێکهاتەی فرمێسک:
1- ئەو فرمێسکەی دەڕژێت بەسەرچاودا لە لایەن فرمێسکەڕژێن و چەند ڕژێنێکی تر، لە سێ چین پێکهاتووە: چینی چەوری دەرەوە، چینی ئاوی ناوەڕاست، و چینی لینجی ناوەوە کە ڕاستەوخۆ بەر گلێنەی چاوەکە کەوتووە.
2- نێوانی پێڵووەکان و ژێر پێڵووەکان جێی ۲۰ نانۆلیتر شلەی تیائەبێتەوە، بەڵام قەبارەی فرمێسکی ناوچاوەکە لەو کاتەدا نزیکەی ۷ نانۆلیترە و ئەوی تری بەهۆی چاوتروکانەوە دەکرێتە دەرەوە
3- فرمێسک ۷٥٪ی لە ڕێگەی بۆری فرمێسکەوە دەرئەدرێتە دەرەوەی چاو و ئەوی تری لە ڕێگەی بە هەڵم بوونەوە دەڕژێتە دەرەوەی چاوەکە.
4- فرمێسک ۹۸٪ی ئاوە، ئەوی تری پڕۆتین و ئەلیکترۆلایت و ڤیتامین A و C و چەندین ماددەی ترە، فرمێسک پڕۆتینی لایزۆزایم و لاکتۆفیڕینی تێدایە کە دژە بەکتریان. هەروەها ماددەی بەرگری (IgA, IgG) تێدایە.
5- فرمێسک پڕۆتینی سیستاتین و لایپۆکاڵینی تێدایە کە ڕووکاری دەرەوەی گلێنە دەپارێزێت.
6- فرمێسک بڕێکی باش چەوری تێدایە کە لەلایەن چەوریەڕژێنەکانی لێواری پێڵوەوە دەڕژێت بەسەر گلێنەدا و وەکو گریس وایە بۆ ئەوەی لە کاتی چاوتروکاندا گلێنەی چاوەکە نەڕووشێت.
ئیشەکانی فرمێسک:
- ماددەیەکی چەورکەرە بۆ ئەوەی تروکاندنی پێڵووی چاو گلێنەی چاو نەڕووشێنێت.
- وەکو بەربەستێک وایە بۆ ئەوەی هەوای ڕاستەوخۆ زیان بە گلێنە نەگەیەنێت.
- ماددەی دژەبەکتریای تێدایە بۆ پاراستنی چاو لە میکرۆب.
- هەر چڵک و تەپوتۆزێک لەسەر گلێنە هەبێت ڕادەماڵێت.
- ئۆکسجین دەگەیەنێت بە گلێنە.
د. ماکۆک محمد
پزیشکی نەشتەرگەری و نەخۆشیەکانی چاو
PM:05:37:09/08/2020
ئهم بابهته 1988
جار خوێنراوهتهوه