‌نەخۆش چی لە پزیشک دەوێت ؟

وێستگە ستایل-


1- ڕێز: ڕێزگرتن یەکەم قۆناغی چارەسەری هەموو نەخۆشێکە، ڕێزگرتن بناغەی متمانەی نێوان پزیشک و نەخۆشە، بەبێ متمانەش هیچ چارەسەرێک سوودی نیە، ئەگەر سوودیشی هەبێت لای نەخۆشەکە قەدری نیە.

2- کات: گوێگرتن بۆ نەخۆش و کاتپێدانی بۆ ئەوەی دەردەدڵی خۆی بکات، لەوانەیە بەس بێت بۆ چارەسەری گرفتەکەی.

3- ڕاستگۆیی: ئاساییە پزیشک نەتوانێت چارەسەری نەخۆشێک بکات، بەڵام پێویستە بە ڕاشکاوی و ڕاستگۆیانە پێی بڵێ چارەسەری لای ئەو نیە و ڕێنمایی بکات بۆ لای پزیشکێکی تر.

4-  ویژدان: ڕاستە هەموو کەس حەزی لە پارەیە و لە پێناوی بەرژەوەندی خۆی ئیش دەکات، بەڵام دەبێت بەشێوەیەک بێت زەرەر لە مافی بەرامبەرەکەت نەدەیت، وە ئەگەر شتێک پێویست نەبوو بۆی نەکەیت، وە ئەگەر کارێکیشت بۆ کرد زیاد لە حەقی خۆتی لێ وەرنەگریت.

5- نهێنی پارێزی: نەخۆش وەکو کەسی پلە یەکی خۆی تەماشای پزیشک دەکات لە ڕووی متمانە و نهێنی پارێزییەوە.

6- زانست: دوا شت کە نەخۆش پێویستی پێیەتی زانیاری و ئەزموونی پزیشکە، بەلای نەخۆشەوە گرنگ نیە پزیشک چەندە زانیاری زۆرە، گرنگ ئەوەیە ئەو زانیارییە سوودی هەبێت بۆ نەخۆشییەکەی ئەو.

دکتۆر ماکۆک محمد 
پزیشکی نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی چاو


PM:12:34:16/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 5404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌