‌گورگ ماڵی دەبێت؟

وێستگە ستایل-

زۆرکەس لەبەر هۆکاری کۆمەڵایەتی، حەزێکی تایبەتی خۆی یان خۆشەویستییەکی زۆر و سەرنجڕاکێشی بۆ ئاژەڵە دڕندەکان، پرسیار ده‌كه‌ن ئایا گورگ بەخێوکردن چۆنە؟ ئاساییە بەخێوی بکەین؟

گورگ سەر بە خێزانی Canidae لە زانستی زیندەزانیدا.،ئەم خێزانە کۆمەڵێك ئاژەڵ دەگرێتەوە ناسراوترینیان (گورگ، سەگ بە هەموو جۆرەکانییەوە، ڕێوی، جاکاڵ...هتد)

تایبەتمەندی ئەم خێزانە ئەوەیە کە هەمیشە بە کۆمەڵ دەژین، و گەلیان هەیە و لەناوخۆیان پەیوەستن، لەوانەیە بپرسیت، سەگیش لە هەمان خێزانە و یەکێكە لە دۆستە نزیکەکانی مرۆڤ. گورگ بۆ ئاسایی نییە؟

وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە یەك شتە، DNA و شریتە ڕەفتارییەکانی ئەو ئاژەڵە، مێژووی سەگ دەگەڕێتەوە بۆ ٣٦ هەزار ساڵ پێش ئێستا.
واتە سەگ کە سەرەتا گورگ بووە، و ئەو سەگەی کە ئێستا دەیبینین چەند ژیکەڵە و ماڵییە، ٣٦ هەزار ساڵی بەسەرداچووە هەتا هەموو شریتی DNA ـەکانی بووە بەو ئاژەڵەی ئێستا.

کاتێك تۆ گورگێك بەخێودەکەیت، هەتا ئەگەر لە بچووکترین تەمەنیشییەوە بێت، ناتوانیت متمانە ببەخشیتە گورگەکە بۆ ئەوەی ببێتە دۆستت، ئەوە تاوانی ئەو نییە، بونیەتی DNA و پێکهاتەکانی ڕێگەنادات بەوە، مێژووی ماڵیبوونی نییە.

زۆر دەبینین لە ئینتەرنێت کە گورگیان هەیە و بەخێوی دەکەن،بەڵام ئەوە تەنها لە %١٠ ئەگەر بەخێوکردنی ناوماڵ بێت وەك سەگ یان پشیلە،یان ئەوانەی کە مەترسی لەناوچوونیان هەیە، زۆرکەم لەوانەی کە دەیانەوێ گورگ لە کوردستان بەخێوبکەن، مەبەستیان ڕزگارکردن و هێشتنەوەی ئەو ئاژەڵەیە.

هەم لەبەر تەندرووستی خۆت، هەم لەبەر تێکنەدانی ژینگەی ئاژەڵەکە و ژیانی، گورگ هەڵبژاردنێکی هەڵەیە بۆ ناو ماڵ و باخچەکەت، ئەوانە دەبێت بە گەل و کۆمەڵ بژین لەگەڵ گورگەکانی تر، وەك سەگ ناتوانن هەست بە تەنیایی نەکەن کاتێك لەگەڵ تۆن.

وتەیەك هەیە دەڵێت "دڕندەیی لە هیچ شتێكدا جوان نییە تەنها لە سرووشتدا نەبێت"،گورگ، شێر، پڵنگ...هتد ئاژەڵی زۆر نایاب و جوانن لە سرووشتدا، با تەنها چێژیان لێوەربگرین و نە‌هێڵین لەناوبچن!

 س: KAGO


AM:08:46:17/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 7312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌