‌شەوی یەڵدا لە چییەوە هاتووە؟

وێستگە ستایل-


شەوی یەلدایە، یا دەیجوورە ئەم شەو
كەدیدەم دورلە تۆ بێ نورە ئەمشەو؟
دڵم وەك حاكمی مەعزولە، قوربان!
خەڵاتی وەسڵی تۆی مەنزوورەئەمشەو
نالی

شەوی یەڵدا شەوێکی تایبەتە بۆ هەندێک ناوچە وەک کوردستان و ئێران، ئەو شەوەیە کە تیایدا خۆروەگەڕی زستان روودەدات، لە کەلتوری فارسدا جەژنێکە لە درێژترین و تاریکترین شەودا، بەڵام لە کوردیدا بە شەوی یەڵدا یان چلە ناسراوە و یەکێکە لە جەژن و بۆنە مێژووی کۆنەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوبەشە لەنێوان نەتەوەکانی هیند و ئاری نەتەوەکانی میزۆپۆتامیا. لەدواین شەوی پایزدا لەنیوەی باکوری گۆی زەوی بە درێژترین شەوی ساڵ دادەنرێت، لەو شەوە بەدواوە شەو کورت دەبێت و ڕۆژ درێژدەبێتەوە، بەشێک لە شاعیرانی کورد و فارسیش ئاماژەیان بەو شەوە کردووە


لە هەندێک ناوچەکانی فارس خەڵکی بە جۆش و خرۆشەوە خۆیان ئامادەدەکەن بەرلەهاتنی خەلکی کەلوپەل و خواردنی تایبەتی دەکڕن یەکێک لە تایبەترین خواردنەکان شوتیە بۆ خەلکی تاران.

بەشێوەیەکی گشتی بەیەکەم شەوی زستان دەوترێت یەڵدا، لەم شەوەدا 14 کاتژمێر تاریکی نیوەی گۆی زەوی دەگرێتەوە، لەلایەکی دیکەوە کورتترین ڕۆژی ساڵ دەبێت، لە کۆندا بارینی بەفر لەو شەوەدا بەنیشانەی ساڵێکی پڕ خێر و بەرەکەت دادەنرا.


لەلای ئایینی زەردەشتیش خەڵک لەو شەوەدا لە لای یەک کۆدەبوونەوە و بە خواردن و خواردنەوە و گۆرانی وتن و ھەڵپەڕکێ شەونخونیان دەکێشا و چاوەڕوانی ھەڵھاتنی خۆر دەبوون، ئەو سفرەیەی لەو شەوەدا دەڕازێنرایەوە لە لای زەردەشتیەکان بە "مەیزەد" ناسرابوو چەرەسەکەش پێی دەوترا "لۆرک". لە نەزرگە و پەرستگەکانی میترایی نزا دەکرا بۆ سەرکەوتنی ڕووناکی بە سەر تاریکی و ئەھریمەندا ئەو نزایەش پێ دەوترا "نی یەد". خەڵک کە بە ئاھەنگ گێران و شەونخونی شەوی یەڵدایان بەسەر دەبرد، یەکەم ڕۆژی زستان یان خۆرە روز، یان ڕۆژی پیرۆزییان دەرکردە پشوو.


بە پێی ھەندێک سەرچاوە ڕۆژی خۆر، ڕۆژی یەکسانی مرۆڤەکان بوو، پادشاکان بەرگێکی سپی و سادەیان لەبەردەکرد و لەو رۆژەدا نە پادشا و نەھیچ کەسێکی تر فەرمانی بەکەسانی تر نەدەکرد و سەرجەم کاروبارەکان بە بێ فەرمانکردن و بە شێوەیەکی ئارەزومەندانە رادەپەڕێنران. لەو رۆژەدا ھەر جۆرە خوێنڕشتنێک، تەنانەت سەربڕینی ئاژەڵ و پەلەوەرەکانیش قەدەغە کرابوو.

 ھۆکارێکی تری پشووی ئەو رۆژە جیا لە شەونخونی و بە ئاگابوونی خەڵک لەو شەوەدا بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە پێشگیری بکرێت لە ئەنجامدانی ھەر گوناھ و خراپەیەک، چوون بە پێی "ئایینی روناکی" بچوکترین خراپەکاری لە رۆژی لەدایکبوونی خۆر بەگەورەترین تاوان ھەژمار دەکرا.


AM:08:55:20/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 2637 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌