‌خراپ مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ منداڵ ئه‌گه‌ری توشبوونی به‌م نه‌خۆشییه‌ له‌ ته‌مه‌نی كامڵ بونیدا زیاد ده‌كات

وێستگە ستایل-

بەدمامەڵەکردنی منداڵان ئەگەرەکانی توشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەکان و ناکارایی سێکسی لە کامڵبووندا زیاددەکات، بەڵام زانیاری زۆر کەم بەردەستە لەبارەی چۆنیەتی روودانی ئەو کاریگەرییانە.

 تیمێک توێژەری نێودەوڵەتی بنەمای دەماریی ئەو پەیوەندەییەیان دۆزییەوە. توێژینەوەکە، کە لە ژمارە ١ی حوزەیرانی 'جۆرناڵی ئەمەریکی نەخۆشییە دەروونییەکان'دا بڵاوکراوەتەوە، دەریدەخات ئەو منداڵانەی بەدمامەڵەی سێکسی کراون لەگەڵ ئەو منداڵانەی لەڕووی هەست وسۆزەوە خراپ مامەڵەکراون گۆڕانکاری دیاریکراو و بەرچاو لە بونیادی مێشکیاندا تێبینیکراوە کە ڕەنگدانەوەی ئەو جۆری بەدمامەڵەکردنانەن.

توێژەرەکان گریمانەی ئەوەیانکرد کە گۆڕانکاری لە توێژاڵی مێشکدا لە قۆناغەکانی بەدمامەڵەکردندا رۆڵدەبینێت. 

بۆ توێژینەوە لەم گۆڕانکارییە پێشبینی کراوانە، توێژەران 'وێنەی تیشکیی موگناتیزی MRI'یان بەکارهێنا بۆ پشکنینی مێشکی ٥١ ژن کە لە منداڵیدا دوچاری بەدمامەڵەی جۆراوجۆر بووبوون.

ئەنجامەکان ئەوەیان دەرخست کە پەیوەندی هەیە لە نێوان جۆری تایبەتی بەدمامەڵە و تەنکبوونی توێژاڵی مێشک ڕێک لەهەمان ئەو شوێنانەی مێشک کە پەیوەندییان هەیە بە تێگەیشتن یان لێکدانەوەی جۆری بەدمامەڵەکە. بەتایبەتی توێژاڵی هەستی جەستە لەو شوێنەدا کە بەرپرسە لە چێژوەرگرتن لە ئەندامی مێینەدا زۆر تەنکتترە لەو ژنانەدا کە لە منداڵیدا دوچاری بەدمامەڵەی سێکسی بوونەتەوە. بەهەمان شێوە، قوربانیانی مامەڵەی خراپی سۆزداری توێژاڵی مێشکیان تەنکتر بۆتەوە لەو شوێنانەدا کە تایبەتن بە خودئاگایی و خۆهەڵسەنگاندن و ڕێکخستنی هەستوسۆزەوە.

'د. نیمیرۆف'، یەکێک لە توێژەرەکان و بەڕێوبەری ناوەندی بەساڵچوونیشە، ووتی "ئەمە یەکێکە لە یەکەمین توێژینەوەکان بۆ تۆمارکردنی گۆڕانکاری درێژخایەن لە ناوچەی تایبەتی مێشکدا وەک دەرەنجامی بەدمامەڵەکردن و پەراوێزخستنی منداڵ. ئەو دۆزینەوەیەی کە جۆری تایبەتی زەبری دەروونی لە سەرەتاکانی ژیانی منداڵدا کاریگەری فرەلایەن و درێژخایەنیان هەیە کە هۆکاری هەندێک نەخۆشی دەروونین لە گەورەکاندا، هەنگاوێکی گرنگە لە بەرهەمهێنانی چارەسەری تازە بۆ کەمکردنەوەی قورساییە دەروونییەکانی ئەم جۆرە زەبرانە."

زانستکاران وەهای بۆدەچن کە تەنکبوونەوەی ناوچەیی لە توێژاڵی مێشکدا لەوانەیە وەک میکانیزمێکی بەرگری بەکاربهێنرێت لەلایەن منداڵەکەوە کە دەستبەجێ دەپارێزێت لە ئەزموونی بەدمامەڵەکردن بە ڕێگرتن لە هەستکردن بەو بەدمامەڵەکردنە. بەڵام ئەم تەنکبوونی توێژاڵە لەوانەیە ببێتە بنەمەیەک بۆ دەرکەوتنی کێشە ڕەفتارییەکان لە کاتی کامڵبووندا.

سه‌رچاوه‌: سایه‌نس ده‌یلی


PM:12:40:25/11/2018


ئه‌م بابه‌ته 1881 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌