‌جوڵه‌ی‌ زۆر و كه‌می سه‌رنج له‌ منداڵدا نه‌خۆشیه‌؟

وێستگە ستایل-


 فرەجوڵەیی و کەمی سەرنج نەخۆشیەکە لە تەمەنی منداڵی دەردەکەوێت، و کەسی توشبوو دوچاری بێ ئۆقرەیی، هەڵچون و کەمی سەرنج دەبێت.

نیشانەکانی نەخۆشیەکە، زیاتر لەتەمەنی پێش شەش ساڵیدا دەردەکەوێت، بەڵام دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکە لە تەمەنی ٦ ساڵی و دواتر دەبێت، هەروەها پێویستە نیشانەکان پێش تەمەنی ١٢ ساڵی دەرکەوتبن.
نەخۆشیەکە یەک لە سەدی دانیشتوان دەگرێتەوە، و لە ڕەگەزی نێر بەڕێژەی ٣-٥ ئەوەندە زیاتر دەبینرێت.
سەبارەت بە هۆکارەکان، هەریەک لە لایەنی بۆماوەیی، ژینگەیی و کۆمەڵایەتی ڕۆڵی هەیە.

هۆکارەکان:

هۆکاری بۆماوەیی یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان، و توانای بۆماوەیی نەخۆشیەکە ٨٠% ە. چەند جینێک لەسەر کرۆمۆسۆمەکان دەستنیشان کراون کە لە توشبوون بە نەخۆشیەکە ڕۆڵیان هەیە وەک DRD2 و .DATI دوانەیەکی لێک چوو نەخۆشیەکەیان زیاتر تێدا دەردەکەوێت وەک لە دوانەیەکی لێک نەچوو، و ئەمەش بەتەواوی ڕۆڵی بۆماوەیی دەردەخات.

یەکێکی تر لەو هۆکارانەی کە ئەگەری نەخۆشیەکە زیاد دەکات بریتییە لە جگەرە کێشان لە کاتی سكپڕی یاخود جگەرەکێشی ناچالاک. هەروەها میدیاکان و یارییە ئەلیکترۆنیەکان کاریگەرییان هەیە لەسەر ڕەفتاری منداڵ.

نیشانەکان:

نیشانەکانی فرەجوڵەیی
١. ناتوانێت لە جێگای خۆی دانیشێت
٢. ناتوانێت بەسەر شڵەژانەکەی خۆی زاڵ بێت
٣. زۆر قسەئەکات
٤. کاتێک ئەتەوێت پرسیارێکی لێ بکەیت، وەڵامت ئەداتەوە، پێش ئەوەی پرسیارەکە تەواوکەیت.
٥. ناتوانێت نۆرەبگرێت بۆ کارێک سەرەگرتنی بوێت و نۆرەبڕی ئەکات.
٦. خۆی هەڵئەقورتێنێت لە کاروباری دەور و بەر.
٧. توڕەبوون

نیشانەکانی کەمی سەرنج:
١. ناتوانێت سەرنج بداتە کارەکان
٢. کاتێک سەرنج لە کارێک ئەدات ناتوانێت کاتی پێویست مێشکی لای بێت. 
٣. کاتێک قسەی لەگەڵ ئەکەیت، وادەرئەکەوێت کە گوێ ناگرێت و خەیاڵی لای شتێکی ترە.
٤. کاتێک بەرپرسیاریەتیەکی پێ ئەسپێریت ناتوانێت بیکات، یان بە کەم و کوڕی تەواوی ئەکات.
٥. توانای ڕێکخستنی نیە، شتەکان لە شوێنی خۆی دانانێت و کاتەکانی ڕێک ناخات.
٦. لەهەرکارێک پێویست بە سەرنجی ورد یان ماوەدرێژ بکات، خۆی بەدور ئەگرێت.
٧. شتی بیرئەچێت
٨. بە ئاسانی خەیاڵی ئەڕوات
٩. چالاکیەکانی ڕۆژانەی بیرئەچێت.

چارەسەر:

لەهەندێک نەخۆش، بونیادنانەوەی ژینگەیەکی دروست و چارەسەری ڕەفتاری بە تەنها کاریگەرە، هەروەها ڕێنمایکردنی دایک و باوکی منداڵەکە لەسەر چۆنیەتی مامەڵکردن لەگەڵ نەخۆشەکە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە. ئەمە دەربارەی کۆمەڵێک نەخۆش کە بەتەنها چارەسەری دەرونی و ژینگەیی پێویستە، بەڵام لە نەخۆشەکانی تر جگە لەو ڕێگە چارەسەرانە منداڵەکە پێویستی بە دەرمان دەبێت. دەرمانەکان بەپێ ی توندێتی حاڵەتەکە و کێشی منداڵەکە دیاری دەکرێت، وەک دەرمانی ریتالین و ستراتێرا.

چەند تێبینیەک دەربارەی نەخۆشیەکە
-دەبێت نیشانەکان پێش تەمەنی ١٢ ساڵی دەرکەون.
-نیشانەکان دەبێت لانی کەم لە دوو شوێن یان زیاتر هەبێت.
-نەخۆشیەکە دەبێت پەککەوتەیی دروستکردبێت لەڕوی کۆمەڵایەتی، ئەکادیمی و کارەوە.
-نیشانەکان بەشێک نەبن لە حاڵەتە دەرونیەکانی وەک دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، و کاریگەری دەرمان.
-نەخۆشیەکە ئەگەری توشبوون بە ئالودەبوونی دەرمان، وەسواسی، خەمۆکی و دڵەڕاوکێ زیاتر دەکات، بۆیە هەرچی زوتر وەرگرتنی چارەسەر ئەم ئەگەرە کەم دەکاتەوە.

د.هێمن فاتح حمەکریم
پزیشکی پسپۆڕی دەرونی


AM:10:41:18/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 6131 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌