‌منداڵ له‌ چ ته‌مه‌نێكه‌وه‌ ئاساییه‌ ته‌ماشای تیڤی بكات؟

وێستگە ستایل-


منداڵ ده‌بێت لە چ تەمەنێکەوە ته‌ماشای تەلەفزیۆن بکات؟ ڕۆژانە چەند كاتژمێر ؟ ئایا زیانەکانی زۆر ته‌ ماشاكردنی tv چیە؟ چۆن بتوانین ڕێگری بکەین لەو زیانانە؟

تا تەمەنی ۲ ساڵ باش نیە منداڵ ته‌ماشای شاشە بکات (تەلەفزیۆن ، ئایپاد ، مۆبایل )ـ لەدوای ئەو تەمەنەوە منداڵ باشترە یەک بۆ دوو کاتژمێر زیاتر لە ڕۆژێکدا ته‌ماشای ئەم ئامێرانە نەکات، لە جیاتی ئەوە کاتەکانی بە یاری کردن بباتەسەر چونکە لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە کە مێشکی منداڵ باشتر گەشە دەکات بە یاری کە خۆی بیکات لەوەی بە یاریەک کە لەڕێگەی ئەو ئامێرانەوە بیکات.

زیانەکانی یاری و ته‌ماشاكردنی ئەم ئامێرانە :

1- قسەکردنی دوادەکەوێت.

2- ئەو منداڵانەی کە ئەگەری توشبوونیان بە نەخۆشی ئۆوتیزم هەیە (ئەو منداڵانەی کە لەڕێگەی بۆ ماوەییەوە و لەخێزانەکانیاندا ئەگەری توشبوون هەیە) ڕێژەی تووشبونەکە زیاد ئەکات.

3- قەڵەوی، کێشی زیاد ئەکات چونکە جوڵەی کەم دەبێتەوە.

4- شێوازی خەوی تێک دەچێت و خەوی کەم دەبێتەوە.

5-کێشەی هەڵسوکەوتی بۆ دروست دەبێت.

6- لاوازبوونی لایەنی کۆمەڵایەتی، واتە گۆشەگیر دەبێت و هاوڕێییەتی کەس ناکات.

7- فێری ڕەفتاری توندو تیژ دەبێت، بەتایبەتی که‌ ته‌ماشای فیلم و یاریەک بکات کە توندو تیژی تێدا بێت.

8- کاتی بۆ یاری نامێنێت ، لەبەر ئەوەی زۆربەی کاتەکانی بە ته‌ماشاكردنی  ئەو ئامێرانە بەسەر دەبات.

هەندێک ڕێنمایی بۆ دایک و باوکان:

ا- هەوڵ بدە خۆت پێشتر ته‌ماشا ئەوکەناڵانە یان یاریانە بکە کە مناڵەکەت ده‌یه‌وێت ته‌ماشایان بکات چونکە هەندێ کەناڵ و یاری زیانی زۆریان هەیە.

ب- هەوڵ بدە ئەو یاری و کەناڵانە لە شوێنێ بن لە ناو ئامێرەکە کە مناڵەکە بە ئاسانی دەستی پێ نەگات.

ج- هەوڵ بدە نزیک بیت لە مناڵەکە لە کاتی ته‌ماشاكردنی تەلەفزیۆن یان ئامێرە ئەلکترۆنیەکە.

د- ناوبەناو پرسیار لەمناڵەکەت بکە کە سەیری کام بەرنامە دەکات کە لەماڵەوەیە، یان کام یاریە دەکات.

ها-کاتێک لەگەڵ منداڵەکەو سەیری بەرنامەو یاریەک ئەکەیت هەوڵ بدە بۆی ڕوون بکەیتەوە ناوەرۆکەکەی.

چۆن بتوانین سنور بۆ بەکارهێنانی ئەو ئامێرانە دابنێین:

۱-ده‌بێت کاتێکی دیاری کراویان بۆ دابنێین.

۲-هەوڵ بدەین بەرنامە بۆ ئامێرەکە دابنێین کە کات دیاری بکات بۆ بەکارهێنانی.

۳-نابێ لەژووری نوستن شوێنی شەحن کردنەوەی ئەو ئامێرانە بێت.

٤-نابێ لەژووری نوستن تەلەفزیۆن هەبێت.

ئامادەکردنی :

د. پشدەر عبداللە اسماعیل
پزیشکی پسپۆری نەخۆشیەکانی منداڵان
بۆرد(دکتۆرا) لە نەخۆشیەکانی منداڵان و تازە لەدایک بووان
بەکالۆریۆس لەپزیشکی هەناوی و نەشتەرگەری گشتیدا


PM:04:42:15/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 4454 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌