بێگەرد تاڵەبانی: دەمانەوێت كشتوكاڵ بكەینە كۆڵەكەی زێڕینی ژێرخانی ئابووری هه‌رێم

‌بێگەرد تاڵەبانی

وێستگه‌ نیوز ـ
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، دەیانەوێت لە پاڵ نەوت، كشتوكاڵ بكەنە كۆڵەكەی زێڕینی ژێرخانی ئابووری ھەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەشدا، بە روونی ھەستیان بە تێڕوانینی ئەرێنی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت كردووە، لەپێناو بوژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ.


لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسێكی تایبەت بە كشتوكاڵ كە لە ھەولێر بەڕێوەدەچێت، بێگەرد تاڵەبانی وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێم وتی: "دەمانەوێت لە پاڵ نەوت، كشتوكاڵ بكەینە كۆڵەكەی زێڕینی ژێرخانی ئابووری وڵاتەكەمان و زەمینەیەكی لەبار ھەیە بۆ كشتوكاڵ كە بە نەوتی ھەمیشەیی ناودەبرێت، ئەوەش وایكردووە كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە كارنامەی خۆیدا ئاماژەیەكی گرنگ و روون بدات بە سەرچاوەی جێگرەوەی نەوت، كە كشتوكاڵ یەكێكە لەو سەرچاوە گرنگانە حكومەت دەیەوێت بۆ ژێرخانی ئابووری ھەرێمی كوردستان پشتی پێ ببەستێ".

وتیشی: "لە ماوەی دەستبەكاربوونم لە پۆستی وەزیری كشتوكاڵ زۆر بە روونی ھەستمان بە تێڕوانینی ئەرێنی جەنابی كاك مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و كاك قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێم كردووە، بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ، دڵنیاین كە بە ھەموو تواناوە ھاوكار دەبن، بۆ پێشخستنی ھەوڵەكان لەپێناو بوژاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵ".

وەزیری كشتوكاڵ ئاماژەی بەوەشدا: "بەھۆی شەڕی دراوسێكان لە ناوچە سنوورییەكان زیانی زۆر بە رەزوباخ و كشتوكاڵی ھەرێمی كوردستان كەوتووە، جگە لەوەش لەكاتی پێگەیشتنی بەروبوومی جوتیارانی ھەرێمی كوردستان نرخی بەرھەمە ناوخۆییەكان ھەرزان دەبێت".

هــ. ر


AM:11:35:08/08/2019


ئه‌م بابه‌ته 2372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو