په‌رله‌مان واده‌ی متمانه‌دانی به‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت دیاری كرد

‌دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان.. فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگه‌ نیوز ـ
پەرلەمانی كوردستان بانگهێشتی پەرلەمانتارانی كوردستان دەكات بۆ كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ كه‌ تیایدا متمانه‌ به‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌درێت.


ئەمڕۆ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بانگهێشتی گشت ئەندامانی پەرلەمانی كرد  بۆ ئامادەبوون لەدانیشتنی ژمارە 13ی ئاسایی، لە كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی رۆژی چوارشه‌ممه‌ 10ی ته‌مموزی 2019.

ئەو بانگێشتنامەیەی سەرۆكی پەرلەمان لە كاتێكە مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنفرانسێكی میدیاییدا رای گەیاند، هەوڵ دراوە سەرجەم لایەن و پێكهاتەكانی كوردستان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتدا بەشداری بكەن و كاندیدی سەرجەم حزبە بەشدارەكان رادەستی مەسروور بارزانی كراوە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، سیڤی سەرجەم كاندیدەكان رەوانەی پەرلەمان كراوە و تا رۆژی چوارشەم پەرلەمان متمانە بە كابینەی نۆیەمی حكوومەت دەدات.

وتەبێژی پارتی لەبارەی پرسی كەركوك دووپاتی لەوە كردەوە، ئەو پرسە بە كابینەی نوێی حكومەت و بە پاڵپشتی پارتی و یەكێتی و لایەنەكان یەكلا دەكرێتەوە.

لەبارەی ناوی كاندیدەكانی پارتی بۆ پۆستە حكومییەكان دووپاتی كردەوە، كاتێك لە پەرلەمان متمانە بە كاندیدەكانمان درا، ئەوكات ناوەكان ئاشكرا دەبن و لەبارەی ئەو ناوانەی لە میدیاكان بڵاو بوونەتەوە ئاماژەی بۆ ئەوە دا، تەنیا ئەو لیستەی لەكاتی متمانەدان لە پەرلەمان ئاشكرا دەبێت، لیستی فەرمی پارتییە.

هــ. ر


PM:12:02:08/07/2019






ئه‌م بابه‌ته 2996 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو