جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەسەر پاشەکەوتی مووچە کۆدەبنەوە


وێستگە نیوز-

بۆ گفتوگۆکردن لەسەر سیستمی پاشەکەوتکردنی مووچە، بڕیارە ئەمڕۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان و سەرۆکی چوار لیژنەی پەرلەماندا کۆببێتەوە.

لە بانگهێشتنامەیەکدا کە ئیمزای جەعفەر ئێمێنکی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی لەسەرە، داوا لە سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و سەرۆکی لیژنەکانی کاروباری یاسایی، دارایی و ئابوری و وەبەرهێنان، دەستپاکی و پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەکان کراوە لە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەماندا ئامادەبن.

لە بانگهێشتنامەکەدا باس لەوە کراوە، کۆبوونەوەکە بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر، چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ سیستمی پاشەکەوتکردنی مووچە و ئامادەکاریی بۆ دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان.

هاوکات فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمان ڕایگەیاند، یاداشتێکیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری نایاسایی پاشەکەوتکردنی مووچەی فەرمانبەران و گێڕانەوەی موچە پاشكەوتكراوەكەیان لەگەڵ دامەزراندنی سندوقی كوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازییەكان پێشکەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە بۆ ئەوەی لە دانیشتنی داهاتوودا بخرێتە بەرنامەی كارەوە.

لە سەرەتای ساڵی 2016ەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان سیستمی پاشەکەوتی مووچەی ڕاگەیاند و بەپێی سیستمەکە بەشێک لە مووچەی فەرمانبەران لەلایەن حکومەتەوە پاشەکەوت دەکرێت.


AM:08:53:18/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 2900 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو