رووداوێکی دەستدرێژی سێکسی لە موسڵ وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ دەهێنێتە سەرخەت

‌لە ڤیدیۆکە وەرگیراوە

وێستگه‌ نیوز ـ
روانگەی مافی مرۆڤی عیراق داوای لە دەسەڵاتدارانی عیراق کرد، پەلەبکەن لە لێکۆڵینەوە لەو سەربازانەی سوپای عیراق کە تاوانێکی دەستدرێژی سێکسی بە کۆمەڵیان لە یەکێک لە خاڵەکانی پشکنینی شاری موسڵ ئەنجامداوە، وەزارەتی بەرگریش داوای دەستگیر کردنی ئەو سەربازانە دەکات.


رێکخراوەکە ئاشکرایکرد، لە چەند رۆژی رابردوودا ئەو سەربازانە لە تۆمارێکی ڤیدیۆیی راستەوخۆدا دەریدەخات کە یەکێک لە سەربازەکان لە تەنیشت منداڵێکی پێنج ساڵانەوە دانیشتووە و گێچەڵی سێکسی پێ دەکات، دواتریش ئافرەتێک و منداڵێکی شیرەخۆرە نیشان دەدات کە لە بەربەستە گڵییەکەی خاڵی پشکنینەکە نزیک بووەتەوە و یەکێک لە سەربازە عیراقیەکان بۆ هاوڕێکانی دەگێڕیتەوە کە چۆن بە کۆمەڵ دەستدرێژی سێکسیان کردووەتە سەر ئەو ئافرەتە.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو تۆمارە ڤیدیۆیەی سەربازە عیراقییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قسە وباسێکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، دواتریش وەزارەتی بەرگری عیراق لەسەر زاری عوسمان غانمی سەرۆک ئەرکانی سوپا داوایکرد لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی نەینەوا، ئەو کەسانە دەستگیر بکەن کە لەتۆمارە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەون.

دواتریش وەزارەتی ناوخۆیی عیراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، دوان لەو سەربازانە دەستگیر کراون و لەبەردەم دادگا وتەیان لێوەرگیراوە و رێوشوێنی یاساییان لە بەرامبەر گیراوەتە بەر.

روانگەی مافی مرۆڤی عیراق ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو سەربازە عیراقییانە تاوانی دەستدریژی سێکسی و گێچەڵی سێکسیان ئەنجامداوە بە منداڵ و دایکێک، ئەوە جگە لە پابەند نەبوون بە ئەرکی سەربازیی، چونکە ئەرکی سەرباز و هێزی ئەمنی پاراستنی گیانی هاوڵاتیانە، نەک دەستدریژی کردنە سەر دانیشتوان.

ئەو سەربازانەی ئەو  تۆمەتانەیان دراوەتە پاڵ، ئەگەر لە دادگا تۆمەتەکانیان بەسەردا ساغبێتەوە ئەوا لە سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی دەیانگرێتەوە تا لەسێدارەدان.

بە گوێرەی بڕگەی یەکەمی مادەی 393 لە یاسای سزادانی عیراقی ژمارەی 111ی ساڵی 1979، زیندانی دەکرێت هەر کەسێک بە سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی یان کاتی ئەگەر یەکێک بە بێ رەزامەندی خۆی دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەر کەسێکی تر.

لە بڕگەی دووەمی یاساکەدا ئاماژە بەوە کراوە، سزا دەدرێت بە زیندانیکردنی هەتا هەتایی یان لەسێدارەدان ئەگەر کەسێک دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەر منداڵان.

هــ. ر


PM:02:47:31/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 35040 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو