په‌رله‌مانی عێراق گفتوگۆ له‌سه‌ر چوار پڕۆژه‌ یاسا ده‌كات


وێستگه‌نیوزـ

ئەمڕۆ شەممە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق کۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر سێ پرۆژەیاسا دەدات و خوێندنەوەى یەکەم بۆ پرۆژەیاسایەکى دیکە دەکات.


بە گوێرەى کارنامەى کۆبوونەوەکە، پێشنیازەیاساى هەموارى یەکەمى یاساى بەرەنگاربوونەوەى لەشفرۆشى، پرۆژەیاساى هەموارى یەکەمى یاساى رێکخستنى بەکرێدانى زەوى کشتوکاڵى و رێککەوتنى لابردنى ڤیزا بۆ هەڵگرانى پاسپۆرتى دیپلۆماسى لە نێوان عێراق و کۆریاى باشوور دەنگیان لەسەر دەدرێت.

لە بڕگەیەکى دیکەشدا خوێندنەوەى یەکەم بۆ پرۆژە یاساى گەڕاندنەوەى موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان دەکرێت کە ژمارەیەک لە بڕیارەکانى ئەنجوومەنى سەرکردایەتىی شۆڕشى هەڵوەشاوە گرتوونیەتییەوە.

یەکێک لەو پرۆژەیاسایانەى دەنگى لەسەر دەدرێت، پێشنیازەیاساى هەموارى یەکەمى یاساى بەرەنگاربوونەوەى لەشفرۆشى کە مشتومڕى لە ناوخۆ و دەرەوەى عێراق لەسەر دروستبووە، نیگەرانیى ژمارەیەک لە وڵاتانى  جیهانى لێکەوتووەتەوە و دیپلۆماتکارانیان گوشاریان خستووەتەسەر حکومەتى عێراق بۆ رێگرى لە پەسەندکردنى لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق.

یاساى بەرەنگاربوونەوەى لەشفرۆشى لە ساڵى 1988 دەرچووە و ژمارەیەک پەرلەمانتار پێشنیازەیاسایەکیان بۆ هەموارکردنەوەى پێشکەشکردووە، بە گوێرەى پێشنیازەیاساکە سزاى زیندانى هەتاهەتایی و لەسێدارەدان دیاریکراوە بۆ ئەو کەسانەى تۆمەتبار دەکرێن بە لادانى سێکسى، هاوڕەگەزخوازى و ئاڵوگۆڕى هاوسەر بۆ کارى لەشفرۆشى، هەروەها سزاى حەوت ساڵ زیندانى دیاریکراوە بۆ ئەو کەسانەى بانگەشە بۆ لادانى سێکسى دەکەن.


PM:12:09:27/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت