مه‌لا به‌ختیار: ئەو بەڵێنانەی لە هەڵبژاردنەكان به‌ خه‌ڵكمان داوه‌ بە حكومەتێكی كارامە جێبەجێ دەكرێت

‌مەلا بەختیار

وێستگه‌ نیوز ـ

لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بۆچوونی خۆی له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌ت و رێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی راگه‌یاند، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌ نێوان لایه‌نه‌كان ئه‌نجامدرا ده‌بوو سێ چوار مانگ پێش ئێستا بكرایا.


مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، لەشاری خانەقین رایگەیاند، "رێككەوتنی نێوان لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت درەنگ ئەنجامدرا، دەبوو سێ بۆ چوار مانگ لەمەوبەر بكرایە، چونكە شاڕێگەكانی پێكهێنانی حكومەت رۆشنە، تولەڕێگەكان ناتوانن چارەنوسی ئێستامان باشتر بكەن، ناتوانن دەستەبەری حكومەتێكی باشمان بۆ بكەن تاوەكو بەرامبەر مەترسیەكان بوەستێتەوە".

وتیشی: "هەموو ئەو بەڵێنانەی لە هەڵبژاردنەكان داومانە، بە حكومەتێكی كارامە جێبەجێ دەكرێت، ئومێدەوارم ئەم رێككەوتنە پەیوەندیەكانی نێوان پارتی و یەكێتی و گۆڕان و لایەنەكانی دیكەش بگۆڕێت بۆ قۆناغێكی باڵاتر لەبەرپرسیارێتی مێژویی لەم هەلومەرجەدا كە ئەگەری رووداوگەلی زۆر چاوەڕێمانە".

لەبارەی وردەكاریی رێككەوتنی پارتی و یەكێتیش، مەلا بەختیار رایگەیاند: "خۆتان دەزانن لەناو دانوستانەكە نیم تا وردەكاریەكەی باس بكەم، جگە لەوەش دوا دانیشتن و رێككەوتن نەكراوە تا وردەكاریەكەی بپرسم یان بڵاوبكرێتەوە، بەڵام مادەم هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی دانیشتون و بڕیاری رێككەوتنیان داوە، دیارە بەدڵیان بوە بۆیە بڕیاری رێككەوتنیان داوە".

راشیگه‌یاند: "ئەگەر گرێیەكیش مابێت بكرێتەوە، دەبێت هەم پارتی باش بزانێـت تا گرێكان بكەینەوە بۆ پەیوەندیەكانمان و بۆ گەلەكەمان باشترە بۆ ئەزمونەكەمان باشترە، ئاشكراشە نە پارتی دەتوانێت تەجاوزی مافی یەكێتی بكات، نە یەكێتیش دەتوانێت تەجاوزی پارتی بكات، ئەم هاوسەنگیە لەكوردستاندا پرۆسەیەكە جارێ ماوە تەواو بێت، ئەمە نە بە موزایەدەی ناو یەكێتی، نە بە عەقڵیەتی حاكمیەتی هەندێكی ناو پارتی، نە بە ئۆپۆزسیۆنێكی نابابەتی، ئەم پرۆسەیە ناگۆڕێت".

لەبارەی رێككەوتنی نێوان هەرێم بەغدا و رۆڵی عادل عەبدولمەهدی لەچارەسەركردنی كێشەكاندا، مەلا بەختیار وتی: "من پێموایە جەنابی سەرۆك وەزیرانی ئێستا یەكێكە لەشیاوترین سیاسیەكانی ئێستای عیراق، ئەمە باش دەزانم چونكە 41 ساڵە هاوڕێمە، 50 ساڵ زیاتر هاوڕێی جەنابی مام جەلال بوە. كەم عیراقی هەیە وەك جەنابی سەرۆك وەزیران لەكێشەی كورد تێبگات، كاتی خۆشی لە رۆژنامەی ئیتیحاد زنجیرەیەك وتاری نووسی و وتی فیدرالیزم  هیچ ناكۆك نیە لەگەڵ نەتەوەی عەرەب و داخوازیە سیاسیەكانی، تەنانەت لەگەڵ مێژوی ئیسلامدا فیدرالیزم ناكۆك نیە".

لەبارەی مادەی 140وە مەلا بەختیار رایگەیاند: "مادەی 140 دەقێكی یاسایی دەستوریە، هیچ سەرۆك وەزیرانێك بە خراپەكانیشەوە نەیانتوانیوە ئەم دەقە بگۆڕن، بێگومان جەنابی سەرۆك وەزیرانی ئێستا، لەوان باشتر دەكات. ئایا دەتوانێت تەواوی داخوازیەكانی ئێمە بەدیبهێنێت یان نا، ئەوە وابەستیە بەكۆمەڵێك فاكتەرەوە، وەك فاكتەری ناوچەكە، فاكتەری گەشەكردنی عەقڵیەتی حكومڕانی لە عیراق، كەمبونی فشاری شۆڤێنیەت و عەقڵیەتی تایەفەگەری لەسەر جەنابی سەرۆك وەزیران، ئینجا پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغدایش دەبێت شایستەبێت بە ئیستیحقاقاتی قۆناغەكە، ئەمانە هەموو كاریگەریان هەیە تاوەكو جەنابی سەرۆك وەزیران بتوانێت باشتر لە سەرۆك وەزیرەكانی پێشوو رۆڵ بگێڕێت بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140، بەڵام ئایا هەموو مادەكەو كۆی پرۆسەكە بە كەركوك و شنگال و خانەقین و ناوچەكانی تر هەموو دێتە سەر كوردستان لەم چوار ساڵە، ئەمە هیمەتێكی زۆری دەوێت".

لەبارەی هێزی هاوبەشی عیراق و پێشمەرگە لەناوچە دابڕێنراوەكان، مەلا بەختیار وتی: "جارێ حكومەتەكە لەبەغدا تەواو نەبوە، ئەوە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتەكانی تر هێشتا جۆرەها كێشەی لەسەرە، شیعەكان و سوننەكان بەتەواوی رێكنەكەوتون، كوردستانیەكان بەتەواوی رێكنەكەوتوون ئەمانە هەموویان كاریگەریان هەیە".

راشیگه‌یاند: "بەڵام قسەی من ئەوەیە دەوڵەتی عیراق ئەگەر دەیەوێت هەرێمی كوردستان بەپێی ئەركەكانی ئەم قۆناغە پەیوەندیەكی گونجاوی هەبێت لەگەڵ بەغدا، یەكێك لەكێشەكان كە دەبێت چارەسەری بكات، كێشەی نەهێشتنی حكومەتی سەربازیە لەم ناوچانە و هێزی هاوبەش لەگەڵ پێشمەرگەو ئاسایش بێنەوە ئاسایشی ئەم ناوچانە بگرنەدەست و حكومەتێكی مەدەنی بگەڕێتەوە بۆ ئەم ناوچانە".

مه‌لا به‌ختیار ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن، ئێستا یەكێتی شەش كورسیمان هەیە لەكەركوك، ماقوڵ نیە هێزێكی تر لەكوردستاندا بانگەشەی ئەوە بكات كە كەركوك بەڕێوەببات، نەشمبیستوە هیچ هێزێك ئەمەی وتبێت، لەبەغداش هیچ هێزێك ناتوانێت فەرامۆشی ئەو راستیە بكات، كە یەكێتی چ رۆڵێكی هەیە، خانەقین تەنیا یەكێتی ئەندام پەرلەمانێكی چوه‌تە بەغدا و لەئەنجومەنی پارێزگای دیالە توانیویەتی سەركەوتن بەدەستبهێنێت، شنگال و مەخمور مەعلومە كە برادەرانی پارتی سەركەوتنیان هەیە، دەبێت لەمانە باش تێبگەین و چارەسەر بۆ كێشەكان بدۆزینەوە بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن".

لەبارەی ئەو پرۆژەیەی كە بۆ یەكێتی نوسیوە، مەلا بەختیار رایگەیاند: "تائێستا پرۆژەكەم ئاڕاستەی مەكتەبی سیاسی نەكردوە من پێش دوو مانگ لەمەوبەر دەبوو پێشكەشی بكەم، بەڵام كە زانیم دانوستانی نێوان یەكێتی و پارتی گیروگازی تێكەوت، بەشبەحاڵی خۆم نەمویست لەدەرەوەی كۆبونەوەكان بچوكترین كێشە بۆ وەفدی دانوستانكاری یەكێتی دروست بكەم، نەشمدەویست پرۆژەكەی من ببێتە مایەی لێكدانەوەی نابەجێ و نەگونجاو، بشوترێت مەلا بەختیار كێشەی هەیە لەناو یەكێتی".

وتیشی: "پرۆژەكەم هەڵگرتوە كە حكومەت پێكهات و سەرۆكایەتی پەرلەمان بچێتە قاڵبی خۆیەوەو ئەو كێشەو بێشانە بەجێبهێڵین، ئەوكات پرۆژەكەم پێشكەش دەكەم".

لە بارەی ئەنجامدانی كۆنگرەی یەكێتیشەوە مەلا بەختیار رایگەیاند: "كێشەكانی پێكهێنانی حكومەت و پەرلەمان و پارێزگای كەركوك چارەسەربكرێت، ئەوكات ئەركە حزبیەكانی هەموومان دەبێت كاركردن بێت بۆ بەستنی كۆنگرە".

هــ. ر


PM:02:58:07/04/2019


ئه‌م بابه‌ته 2764 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو