ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان: لابردنی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ ده‌ستكه‌وتی مه‌سرور بارزانییه‌


وێستگه‌ نیوز ـ
ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، لابردنی بڕیاری پاشەكەوتی مووچە پەیوەندی بە رێكەوتنی بزووتنه‌وه‌كه‌ی و پارتیەوە هەیە و دەستكەوتەكەی نە هی نێچرڤان بارزانی و نەهی قوباد تاڵه‌بانیه‌ بەڵكو هی مەسرور بارزانیه‌.


خەلیل سەركانی، ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان به‌ دەنگی ئەمریكای راگه‌یاند: "لابردنی پاشەكەوتی مووچە دەسكەوتی نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی نییه‌، به‌ڵكو دەسكەوتی سەرۆكی كابینەی نوێ (كاك مەسرور)ه‌ چونكە لابردنی پاشەكەوتی مووچەی پێ خۆش بووە، لەگەڵ حزبەكانی لە كابینەی نۆ بەشدار دەبن".

ئەو سەركردەیەی بزووتنەوەی گۆڕان وتیشی: "لابردنی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران پەیوەندی بە رێكەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانەوە هەیە، ئەگەر پەیوەندی بەوەوە نیە ئەی بۆ پێشتر لایان نەدا؟ ئەو سزایەیان سەپاند بەسەر خەڵكدا".

راشیگه‌یاندووه‌: خۆ پێشتر داهاتی ناوخۆ هەرهەبووە، نەوت رۆیشتووە، گومرگ هەبووە بەشی نەك پاشەكەوتی مووچە و ئەو شتە "بێ مەعنایانە" بەڵكو بەشی هەموو خزمەتگوزارییەكان و ژیانی خەڵكی كردووە، بۆیە كەزانیان یەكەم كاری ئێمە لەكابینەی حكومەت لابردنی پاشەكەوتی مووچە دەبێت بۆیە ویستیان بیكەن بە دەسكەوتی خۆیان بەپەلە لایانبرد".

خەلیل سەركانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: "بەڵام بەڕاستی نە دەسكەوتی "نێچیرە نە هی قوبادە" بەڵكو دەستكەوتی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، ئەگەر دەسكەوتی ئەوان بووایە بۆ هەر دایاندەنا، "نەوەڵا "دەسكەوتی ئەوان "نێچیر و قوباد" نیە دەسكەوتی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمە كە حزبەكانی تیادا بەشدارە".

وتیشی: "راستە كاك مەسرور سەرۆكی كابینەكەیە بەدڵنیای پێی خۆشە لادانی پاشەكەوتەكە چونكە هەموو كەس حەز دەكات سەركەوتوو بێت بەڵام دەسكەوتی ئەو حزبانەشە كە لەكابینەی نۆ بەشدار دەبن لەسەرویانەوە بزوتنەوەی گۆڕان".

رۆژی هەینی 8ی ئازاری 2019، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا و دواتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاشەکەوتی مووچەی راگەیاند، كه‌ ماوه‌ی سێ ساڵ بوو له‌ هه‌رێمی كوردستان په‌یڕه‌و ده‌كرا.

هــ. ر


PM:06:34:13/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 5624 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو