سه‌عد حه‌دیسی: ده‌بێت هه‌رێم پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی بداته‌وه‌


وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار
وتەبێژی حكومەتی عیراق جەخت لەوە دەكاتەوە كە پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نادەنەوە و قەرزە لەسەر حكومەتی هەرێم، ئەوەش لە كاتێكدایە پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبه‌رانی هەرێم گەیشتووه‌تە حەوت ملیار دۆلار.


سەعد حەدیسی، وتەبێژی حكومەتی عیراقی تایبەت بە هه‌فته‌نامه‌ی "ئاژانس"ی نزیك له‌ یه‌كێتی راگه‌یاندووه‌: "حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرپرسە لە چاره‌سەری كێشەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و دەبێت كات و شێوازی دانەوەیان بۆ فەرمانبەرانی هەرێم ئاشكرا بكات".

حه‌دیسی ئه‌وه‌شی وتووه‌: "حەیدەر عەبادی پەیوەستە بەو بەڵێنەی كە داویه‌تی بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە پاش رادەستكردنەوەی سەرچاوەكانی داهاتی هەرێم، بەڵام ئێمە بەرپرسن نین لە دانەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ‌و ئەوە لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانە".

د. شێركۆ جه‌وده‌ت، سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران پاشه‌كه‌وتكراوه‌، گه‌یشتووه‌ته‌ حه‌وت ملیار دۆلار و حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌نده‌ به‌ دانه‌وه‌ی.

وتیشی: "ئێمه‌ داوامان كردووه‌ میكانیزمێك بۆ دانه‌وه‌ی ئه‌و پاشه‌كه‌وته‌ دابنرێت و چیدی قه‌رز نه‌بێت له‌سه‌ر حكومه‌ت و كه‌ڵه‌كه‌ نه‌بێت، به‌ڵام تا ئێستا هیچ میكانیزمێك دانه‌نراوه‌".

هاوكات عیزەت سابیر، سەرۆكی لیژنەی دارایی ‌و ئابووریی پەرلەمانی كوردستان رایگه‌یاندووه‌: "حكومەتی هەرێم پلانی هەیە حسابی بانكی بۆ فەرمانبەران بكاتەوە، كە ئەو پاشەكەوتە بە شێوەی ژمارە بچێتە سەر ئەو حسابە تا پارەی ئاو و كارەبا و زەریبە‌ و باج ‌و رسووماتی پێ بدەنەوە".



PM:10:38:22/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 41341 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو