ژمارەیەک بڕیار لە بەرژەوەندی کوردانی كه‌ركوك دەرکران

‌دیمەنێک لە شاری کەرکوک

وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار
لیژنەی تایبەت بەچارەسەرکردنی کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکوک چەند بڕیارێکی لە بارەی چارەنووسی ئەو زەوییانە دەرکرد پەرلەمانتارێکیش ناوەڕۆکی بڕیارەکان ئاشکرا دەکات.


مەریوان نادر، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی یەکێتی به‌ وێستگه‌ نیوزی راگەیاند: "لیژنەی تایبەت بەچارەسەرکردنی کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکوک کە لە نوێنەری نەتەوەکانی (کورد، عەرەب، تورکمان و نوێنەری ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و وەزارەتی کشتوکاڵ و داد ئەنجومەنی باڵای دادوەری) پێکھاتووە، ئەمڕۆ لەشاری بەغدا سێیەم کۆبوونەوەیان ئەنجامدا و چه‌ند بڕیارێكیان ده‌ركرد".

وتیشی: "بڕیاردراوە زەوییەکانی سنووری ناحیەکانی (شوان، قەرەھەنجیر، پردێ، قەزای حەویجە) بگەڕێنەوە بۆ خاوەنەکانی پێشووی خۆیان، ھەروەھا ئەو زەوییانەی کە بەبڕیاری ژمارە 117ی تایبەت بە (ئیسڵاحی زراعی) لە ساڵی 1975 دراوە بە نەتەوەی عەرەب، وەردەگیرێتەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان".

مه‌ریوان نادر روونیشیكرده‌وه‌: "بڕیاردراوە سەرجەم ئەو بڕیارانەی دادگا رابگیرێت کە دژی جووتیارانی کورد لە دادگاکانی کەرکوک تەمیز دەکرێتەوە، ئەمە جگەلەوەی بڕیار دراوە پڕۆسەی بە بازاڕکردن زەوییە کشتوکاڵیەکانی کەرکوکیش بگرێتەوە".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی یه‌كێتی باسی لەوەشکرد، "لیژنەکە بڕیاریداوە کە دەبێت لەماوەی ھەفتەیەکدا فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکوک گرێبەستی سەرجەم زەوییە کشتوکاڵیەکانی سنووری(داقوق، تازە، بەشیر، لەیلان و دوبز) ئامادە بکات و بڕیاری کۆتاییان لەبارەوە بدرێت و بگەڕێنەوە بۆ خاوەنەکانیان، ھەروەھا جێبەجێکردنی تەرعریب لە بەشێک لەگوندەکانی کەرکوک رابگیرێت کە لەسەردەمی پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت ئەنجام دەدرێت".



PM:09:04:20/02/2019


ئه‌م بابه‌ته 5036 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو