كۆمه‌ڵی ئیسلامی مه‌رجه‌كانی خۆی بۆ به‌شداریكردن له‌ حكومه‌تی نوێی هه‌رێم ئاشكراكرد

‌قومرییە محەمەد، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی

وێستگه‌ نیوز ـ
ئەندامێکی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی رایگەیاند، ئەگەر لە دوو وەزارەت کەمتریان پێبدرێت بەشداری لە کابینەی نوێی حکومەتدا ناکەن.


قومرییە محەمەد، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی لە دیدارێكی له‌ به‌رنامه‌یه‌كی كه‌ناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕتی وتی: "ئەگەر پشکی کۆمەڵی ئیسلامی لە دوو وەزارەت کەمتر بێت نامانەوێت و بەشداری لە کابینەی نوێی حکومەتدا ناکەین".

قومرییە محەمەد چۆنییەتی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ئاشکراکرد و وتی، بەپێی زانیارییەکانی ئەوان بۆ سوککردنی باری سەرشانی حکومەت وەزارەتەکانی کابینەی نوێ کەمدەکرێنەوە و ئەو کاتەش ئەوان بەپێی ئەو وەزارەتانە مامەڵە دەکەن و دوو وەزارەت یان زیاتریشیان دەوێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی رێکكەوتنی نێوان پارتی و یەكێتیییەوە حساب بۆ لایەنەكانی تر ناكرێت.

دەربارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حزبەکاندا وتی، "كۆمەڵ نایەوێت گرژی لەگەڵ هیچ لایەنێك هەبێت و دەیەوێت پەیوەندی لەگەڵ حزبەكان ئاسایی بێت".

قومرییە محەمەد لەسەر پەیوەندییەکانی کۆمەڵ و پارتی ئاماژەی بەوە دا، كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و كۆمەڵ بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندیەكانیان بووە و پێویستیان بەوەیە لەگەڵ پارتی كاری هاوبەش بكەن.

ئەندامەکەی سەرکردایەتی کۆمەڵ رەخنەی لە خواستەکانی یەکێتی گرت لە کابینەی نوێی حکومەتدا و ئەوەی خستەڕوو، یەكێتی زیاتر لە كورسییە بەدەستهاتووەكانی داوای پۆست دەكات، بەڵام كۆمەڵ بە گوێرەی بەدەستهێنانی كورسیەكانی ناتوانێت داوای پۆست  بكات.

جەختی لەوەش کردەوە پاشکۆی هیچ لایەنێک نین و چاوەڕوانی کەسیش ناکەن بۆ بڕیاردان.

هــ. ر


AM:08:46:13/02/2019


ئه‌م بابه‌ته 1604 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو