حكومه‌تی عیراق بودجه‌ی ساڵی 2019ی په‌سه‌ند كرد

‌ماڵپەری ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق

وێستگه‌ نیوز ـ
بودجه‌ی گشتی عیراقی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2019، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق په‌سه‌ندكرا و ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كرا، سكرتێری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێمیش ده‌ڵێت، "به‌رپرسیارێتی رێگریی له‌تێپه‌ڕاندنی مادده‌كانی ئه‌و پڕۆژه‌ بودجه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان یه‌كناگرنه‌وه‌ كه‌وته‌ ئه‌ستۆی نوێنه‌رانمان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق".


به‌پێی‌ هه‌واڵێكی‌ ئه‌میندارێتی‌ گشتی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عیراق، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 28ی تشرینی یه‌كه‌می ‌2018، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق بودجه‌ی گشتی عیراقی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2019 په‌سه‌ند كرد و ره‌وانه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كرد.

ئامانج ره‌حیم، سكرتێری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌ نووسینێكیدا له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبوك رایگه‌یاندوه‌: "به‌رپرسیارێتی رێگریی له‌ تێپه‌ڕاندنی ماده‌كانی ئه‌و پڕۆژه‌ بودجه‌یه‌ی 2019 كه‌ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان یه‌كناگرنه‌وه‌ كه‌وته‌ ئه‌ستۆی نوێنه‌رانمان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، ئه‌مه‌ش به‌رپرسیارێتیه‌كی گران و زه‌حمه‌ته‌ له‌ چاو قۆناغی ره‌شنووسی بودجه‌كه‌ له‌ وه‌زاره‌تی دارایی".

ئامانج ره‌حیم، ئه‌وه‌شی وتووه‌: "ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه‌ بكه‌وێته‌ به‌ر نه‌شته‌ری زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ له‌ ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران مافی هه‌مواركردنی ژماره‌ی خشته‌كانی ته‌رخانكراوه‌كانی خه‌رجییه‌كانی بودجه‌ی نییه‌ و بژارده‌كه‌یان ته‌نها ناردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ قانونه‌كه‌یه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران".

له‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2019، داهاتەكان بە زیاتر لە 105 تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە، خەرجییەكانیش بە زیاتر لە 128 تریلیۆن دینار و كورتهێنانی بودجەش زیاتر لە 22 تریلیۆن‌ و بودجەی بەكاربەریش بە زیاتر لە 95 تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە.

له‌ بودجه‌كه‌دا پشكی پارێزگاكانی سلێمانی‌ و هەولێر و دهۆك بە لە (12,67%) خەمڵێنراوە كە نزیكەی نۆ تریلیۆن دینارە، بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانی هەرێمیش بە زیاتر لە 126 ملیار دینار خەمڵێنراوە.

هــ. ر


PM:02:31:28/10/2018


ئه‌م بابه‌ته 4644 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو