د. ئه‌حمه‌د سه‌فار: داوامان كردوه‌ ماف و ئیمتیازی‌ پێشمه‌رگه‌ وه‌ك سوپای‌ عیراقی لێ بكرێت

‌هێزەکانی پێشمەرگە لە بەرەکانی جەنگی دژی داعش.. فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار
ئه‌ندامێكی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق رایگه‌یاند، هه‌وڵی‌ زۆر ده‌درێت له‌ بودجه‌ی‌ گشتی عیراق پشكی‌ پیشمه‌رگه‌ هاوشێوه‌ی‌ سوپای‌ عیراق و حه‌شدی شه‌عبی زیاد بكرێت.


د. ئه‌حمه‌د سه‌فار، ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: "له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی‌ كورد له‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ و به‌ تایبه‌ت وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ عیراق هه‌وڵی‌ زۆر دراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ داواكارییه‌كانی‌ كورد بۆ مووچه‌ و بودجه‌ جێبه‌جێ بكرێن".

سه‌فار وتیشی‌: "ئه‌و ڕێژه‌یه‌ی‌ كه‌ بۆ بودجه‌ی‌ كورد دیار كراوه‌ له‌ %12 نامێنێت و زیاد ده‌كرێت و وه‌زیری‌ دارایی‌ هه‌واڵی‌ باشی‌ به‌ ئێمه‌ داوه‌ كه‌ رێژه‌كه‌ زیاتر ده‌كرێت".

ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو:  "ئێستا له‌ هه‌وڵداین داواكاریه‌كانی‌ تر جێبه‌جێ بكرێن كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ پێشمه‌رگه‌، ده‌مانه‌وێت وه‌ك سوپای‌ عیراق حیسابیان بۆ بكرێت و ماف و ئیمتیازیان هاوتا بكرێت".

ئه‌وه‌شی وت: "په‌رله‌مان نووسراوی‌ بۆ حكومه‌ت كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ زووترین كات حكومه‌ت بێنه‌ په‌رله‌مان و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ل لیژنه‌ی‌ دارایی‌ بكه‌ن له‌ باره‌ی‌ داواكاریه‌كانی‌ كورد و لایه‌نه‌كانی‌ تر تا بودجه‌ په‌سه‌ند بكرێت".

بودجه‌ی‌ گشتیی له‌ لایه‌ن حكومه‌تی‌ عیراقه‌وه‌ پێداچوونه‌وه‌ی‌ بۆ ده‌كرێت و دواتر ره‌وانه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی عیراق ده‌كرێته‌وه‌، بودجه‌كه‌ پێشتر ناڕه‌زایی‌ زۆری‌ له‌سه‌ر بوو به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ پشكی‌ كورد تیایدا له‌ %17 كرابووه‌ % 12 و كه‌موكوڕی زۆریشی تیابوو.

ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی پارتی ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: ده‌بوو لیژنه‌كه‌ی حكومه‌ت كه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ بودجه‌دا ده‌كه‌ن به‌ زوویی هه‌وڵه‌كانیان بخستایه‌ته‌كار بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی دارایی كۆببنه‌وه‌ و بودجه‌ بێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان، چونكه‌ كاته‌كه‌ی دره‌نگ بووه‌.



PM:07:35:11/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 3272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو