ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید: هه‌ركه‌س بڕوای به‌یه‌ك پارچه‌یی خاكی عیراق نه‌بێت سیفه‌تی په‌رله‌مانی نامێنێ
ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید
وێستگه نیوز ـ
ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید، سه‌رۆكی فڕاكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان له‌په‌رله‌مانی عیراق ده‌ڵێت، "له‌دوای ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌وه كه بۆ خه‌ڵك و په‌رله‌منتارم روونكرده‌وه ئه‌گه‌ر سوێندی ده‌ستووری بخۆیت و بڕوات به‌یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق نه‌بێت، ئه‌وا له رووی یاساییه‌وه سیفه‌تی په‌رله‌مانتاری هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و له‌ڕوی شه‌رعیشه‌وه حه‌رامی كردووه".
ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید له‌میانه‌ی گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ده‌رباره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی كورد بۆ به‌غدا له‌دوای ریفراندۆم و به‌شداریكردنیان له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق وتی: "ئێمه پێش حه‌وت مانگ ده‌مانزانی كه ریفراندۆم بۆ په‌رده‌پۆشكردنی گه‌نده‌ڵیه‌كانه،بۆیه هه‌رزوو دوای ریفراندۆم یه‌كێك بوین له‌و هێزانه‌ی كه‌به‌زووی گه‌ڕاینه‌وه بۆ به‌غدا".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: "ئێمه كاتی خۆی وه‌ك كۆمه‌ڵی ئیسلامی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رای ئاشكرامان هه‌بوو سه‌باره‌ت به‌ڕیفراندۆم بۆیه هیچ ئیشكالیه‌تێك نه‌بوو سه‌باره‌ت به ئێمه، ئێستاش كه‌كاندید كراوین به‌پێچه‌وانه‌وه له‌لایه‌ن هه‌ندێك هێزی سیاسی عه‌ره‌به‌وه ده‌ستخۆشی كراوه كه كۆمه‌ڵ و گۆڕان كه‌سانێكیان كاندید كردووه كه بۆچوونیان روونه به‌وه‌ی سه‌قفی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ده‌ستوور بێت".
وتیشی: "هه‌ندێك هێزی سیاسی كه بۆ موزایه‌ده تائێستاش سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ریفراندۆمێكی دۆڕاو بكه‌نه بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌و هێزانه موحریجن به‌رامبه‌ر عیراق ئه‌گه‌رنا ئێمه هیچ ئیحراجیه‌كمان نیه و هیچ هێزێكی سیاسی عیراقی كێشه‌ی له‌گه‌ڵمان نه‌بووه".
به‌پێی مادده 50 له‌ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عیراقی،كاتێك كاندیدێك رێژه‌ی ده‌نگی پێویست ده‌هێنێت بۆ بوون به ئه‌ندام په‌رله‌مانی ده‌بێت سوێندی ده‌ستووری به‌م شێوه‌یه بخوات"سوێند بێت به‌خوای مه‌زن، ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی یاسایم به‌لێبڕاوانه و دڵسۆزانه جێ به‌جێ بكه‌م و پارێزگاری له‌سه‌روه‌ری عیراق بكه‌م و به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌كه‌ی له‌به‌رچاو بگرم و شه‌ونخونی بكه‌م بۆ سه‌لامه‌تی زه‌وی و ئاسمان و ئاو ه سامان و رژێمه دیموكراتیه‌كه‌ی و فیدراڵیه‌كه‌ی و كاربكه‌م بۆ پارێزگاری كردن له ئازادیه گشتی و تایبه‌تیه‌كان و سه‌ربه‌خۆیی دادگا و پابه‌ندبوون به‌جێ به‌جێ كردنی یاساكان به ئه‌مانه‌ت و بێلایه‌نیه‌وه، خواش شاهێده له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌یڵێم".
ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید، له‌باره‌ی ئه‌و سوێنده ده‌ستوریه‌ی په‌رله‌مانتارانه‌وه وت: "یبێگومان ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی بڵێ من سوێندم وا نه‌خواردووه ئه‌وه درۆی له‌گه‌ڵ خۆی و خه‌ڵكی عیراق و ده‌ستوور كردووه، چونكه ئێمه له‌كاتی سوێند خواردندا به‌كوردی و عه‌ره‌بی ئه‌و سوێنده‌مان خوارد سوێندمان خوارد یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق بپارێزین".
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه د. موسه‌نا ئه‌مین، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌میانه‌ی وتووێژێكی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا وتی: "سه‌روه‌ری خاكی عیراق واته یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق نا، له‌هیچ شوێنێكی ئه‌و سوێنده باسی یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق ناكات، من سوێند ده‌خۆم خاكی عیراق بپارێزم له دوژمنه ده‌ره‌كیه‌كان نه‌ك له‌گه‌لانی عیراق خۆی كه ماڵی خۆیانه خانه له خاوه‌ن ماڵ ناپارێزرێت، عیراقیه‌كان ویستیان بیكه‌نه دوو پارچه سێ پارچه ماڵی خۆیانه، من عیراق له‌عیراقیه‌كان ناپارێزم و بڕوام به‌یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق نیه."
به‌ڵام ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید جه‌خت ده‌كاته‌وه له‌سوێنده ده‌ستوریه‌كه‌ی په‌رله‌مانتارانی كورد به‌هه‌ردوو زمانی عه‌ره‌بی و كوردی سوێندیان خواردووه یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق بپارێزن ده‌شڵێت: "له سوێنده ده‌ستوریه‌كه‌دا باسی یه‌كپارچه‌یی عیراق هاتووه له‌وه روونتر چی بڵێ كه ده‌ڵێ سه‌لامه‌تی خاكی عیراق و ئاو و ئاسمان و سامانه‌كه‌ی.بون به ئه‌ندام په‌رله‌مانی به‌و سوێنده‌یه ئه‌وه‌ی ئه‌و سوێنده‌ی خوارد و پێچه‌وانه‌ی سوێنده‌كه‌ی كرد ئه‌وا بوون به په‌رله‌مانتاریه‌كه‌ی هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه".
سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ئاماژه‌ی به رووی دینی ئه‌و سوێنده كرد و وتی: "له‌ڕووه دینیه‌كه‌شیه‌وه بێگومان ئه‌و سوێنده كه‌وتووه و حه‌رامه سزاكه‌شی لای خوای گه‌وره‌یه،هه‌ندێك سوێند كه‌كه‌وت ده‌توانی كه‌فاره‌ت بده‌ی و تاوانه‌كه‌ی لاچێت له‌سه‌ر، به‌ڵام ئه‌و جۆره سوێنده ناتوانرێت كه‌فاره‌تی بده‌ی چونكه سزاكه‌ی هه‌ڵگیراوه بۆ دواڕۆژ ئه‌وه پێی ده‌وترێت (یمینی غموز)."
ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شی ئه‌وه‌شی وت"له‌ڕووی دینیه‌وه ئه‌و سوێنده مه‌گه‌ر ته‌وبه‌ی لێ بكات یا بڵێت له‌نه‌زانیندا ئه‌و سوێنده‌م خواردووه سه‌ربه‌خۆیی و سیاده واتای یه‌كپارچه‌یی نه‌بووه،ئه‌گه‌ر كه‌سێك سوێند بخوات به‌ڵام نه‌یزانیبێت به‌حوكمی ئه‌م سوێنده ئه‌وه جیایه ئه‌گه‌رنا بزانێت حوكمی جیاوازه، وه هه‌ركه‌س دوای ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌م لێره كه ئه‌م بابه‌ته‌م به‌یاسا و شه‌رع ڕونكرده‌وه بۆ خه‌ڵك و په‌رله‌مانتار سوێنده ده‌ستوریه‌كه بخوات و بڕوای به یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق نه‌بێت ئه‌وا یه‌كه‌م له‌ڕووه ده‌ستوریه‌كه‌وه سیفه‌تی په‌رله‌مانتاری هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه،دوه‌م له‌ڕووی دینیه‌وه حه‌رامی كردووه و تاوانه و سوێنده‌كه‌شی كه‌وتووه و ناشتوانێت كه‌فاره‌تی بدات."
ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید، له درێژه‌ی گفتوگۆكه‌دا باسی له‌وه‌شكرد، "من بۆ خۆم له‌كاتی ریفراندۆمه‌كه كێشه‌م ئه‌وه‌بوو وتم ئه‌گه‌ر سه‌دجار بڕوامان به‌ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان بێت به‌ڵام مادام ئه‌و سوێنده ده‌ستورییه‌مان خواردووه كه‌واته نابێت ده‌نگ بده‌ین."
ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید، هۆشداری دایه كاندیده كورده‌كان بۆ په‌رله‌مانی عیراق و وتی: "كه‌سێك نه‌چێت بڵێت من ده‌چم له‌به‌غدا ئه‌و سوێنده ده‌خۆم و كه‌فاره‌ت ده‌ده‌م، چونكه وك وتم ناتوانرێت كه‌فاره‌تی بده‌ی له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وه به‌درۆ خواردنی سوێندێكه كه‌كه‌فاره‌تی نیه و سزای قیامه‌تی هه‌یه".
ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید وتیشی: "كه‌سێك كه ده‌ڵێت بڕوام به‌یه‌ك پارچه‌یی خاكی عیراق نیه، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده بوێر و ئازایه بانه‌یه‌ته په‌رله‌مانی عیراقه‌وه كه ئه‌وه‌نده ئازایه په‌رله‌مانی عیراقی بۆچیه؟ ئه‌وه موزایه‌داتی سیاسیه كه‌هه‌ندێك ده‌ڵێن سوێندمان نه‌خواردوه یا هه‌ندێك په‌رله‌مانتار ده‌ڵێن یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق ناپارێزین،ئه‌گه‌ر ئازایه بابێت له‌به‌غداد له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی وابڵێت،جا بزانه سیفه‌تی په‌رله‌مانتاری لێده‌سه‌نرێته‌وه یانا؟هه‌رجاری پێشوو ئێمه‌ی په‌رله‌مانتاره كورده‌كان ته‌كلیفمان كرد ئه‌گه‌رنا ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی پشگیری ڕیفراندۆمیان كرد ده‌دران به‌دادگا".
هــ. ر
PM:12:36:23/04/2018
ئه‌م بابه‌ته 4592
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت