سه‌رۆكی دادگای فیدڕاڵی و باڵیۆزی ئه‌مریكا باسیان له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كرد
وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی دادگای باڵای فیدڕاڵی و باڵیۆزی ئه‌مریكا له به‌غدا باسیان له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كرد و جه‌ختیان كرده‌وه كه "هه‌موو رێگه‌چاره‌یه‌كی پێویست بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بدۆزێته‌وه".
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی دادگای باڵای فیدڕاڵی، عێراق، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، 6/5/2024، دادوه‌ری جاسم محه‌مه‌د عه‌بود سه‌رۆكی دادگا پێشوازی له ئیلێنا ڕۆمانۆسكی باڵیۆزی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له به‌غدا كرد و له دیدارێكدا په‌رۆشی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندی دووقۆڵی له‌گه‌ڵ دادگا ده‌ستوورییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ ئاڵوگۆڕی شاره‌زایی یاسایی له بواری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌ستوری بۆ په‌ره‌پێدانی و سود وه‌رگرتن له ئه‌زموونه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی دادگا ده‌ستوریه‌كان به شێوه‌یه‌ك كه به‌شداربێت له بنیاتنانی دیموكراسی دروست و پاراستنی ماف و ئازادییه گشتی و تایبه‌ته‌كان خسته‌ڕوو.
له میانی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، جه‌ختكرایه‌وه له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی دروستی ده‌ستوور سه‌باره‌ت به ده‌سه‌ڵاته دارایی و كارگێڕییه‌كانی ئه‌و پارێزگایانه‌ی كه له هه‌رێمێكدا ڕێكنهخراون، به‌گوێره‌ی ماده‌ی (122/دووه‌م)ی ده‌ستوور و ئه‌وه‌ی له ماده‌ی (121/یه‌كه‌م)دا هاتووه، كه ده‌سه‌ڵاتی به‌خشیوه به هه‌رێمه‌كان بۆ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و جێبه‌جێكردن و دادوه‌ری.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، له دیداره‌كه‌دا پرسی ھه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ھه‌رێمی كوردستان تاووتوێ كرا و پێویستی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری پێویست بۆ به‌ڕێوه‌چوونی به‌شێوه‌یه‌ك كه ببێته هۆی ئه‌نجامدانی ھه‌ڵبژاردنێكی دادپه‌روه‌رانه و ده‌سته‌به‌ركردنی به‌شداری كاریگه‌ر تێیدا له‌لایه‌ن ھه‌موو لایه‌كه‌وه دووپاتكرایه‌وه.
لای خۆیه‌وه باڵیۆزی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه وڵاته‌كه‌ی هه‌وڵده‌دات په‌یوه‌ندی پته‌و له‌گه‌ڵ لایه‌نی عێراقی له ئاسته جیاجیاكاندا دروست بكات، به‌تایبه‌تی له بواری دادوه‌ری ده‌ستوریدا، ستایشی سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری عێراق و ڕۆڵی دادگای باڵای فیدراڵی كرد له چه‌سپاندنی بنه‌ما ده‌ستوری و دیموكراسیه‌كان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی بنیاتنانی سیسته‌مێكی په‌رله‌مانی له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌روه‌ری یاسا.
PM:07:48:06/05/2024
ئه‌م بابه‌ته 824
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت