به‌غدا بودجه‌ی هه‌رێم راده‌گرێت و مووچه‌ ده‌نێرێت


وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار

ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق روونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر لێدوانی په‌رله‌مانتارێكی عیراق له‌ باره‌ی راگرتنی بودجه‌ی هه‌رێمه‌وه‌ له‌ به‌غدا ده‌دات و ده‌ڵێت: "به‌غدا ته‌نیا بودجه‌ی راگرتووه‌و مووچه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت".


ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید، ئەندامی لیژنەی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: عەبدولهادی موحان، پەرلەمانتاری عیراق رایگەیاندووە كە سەرۆك وەزیران نوسراوێكی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عیراق كردوە بۆ ئەوەی شایستە داراییەكانی هەرێم رابگیرێت، تائەو كاتەی نەوتەكەی تەسلیمی سۆمۆ دەكات.

وتیشی: "قسەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە كردوە‌و تەئكیدی كردوه‌تەوە كە نوسراوەكەی بینیووە، بەڵام شایستە داراییەكانی هەرێم زۆر بوار دەگرێتەوە كە بریتین لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان‌ و بەكاربردن‌ و وەبەرهێنان، بۆیە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ناگرێتەوە و بەدەرە لەو بڕینە".

ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید وتیشی: "بەگوێرەی یاسای بودجەی ساڵی 2019ی عیراق، ئەگەر هەرێمی كوردستان پابەند نەبێت بە هەناردەكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتەوە، ئەوا بەپێی نرخی رۆژ كە كۆمپانیای سۆمۆ دیاری دەكات، پارەی ئەو 250 هەزار بەرمیلە لە شایستە داراییەكانی هەرێم دەبڕدرێت. بەڵام بەغدا لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت كە بڕەكەی مانگانە 522 ملیار دینارە".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتارانی عیراق له‌ كوتله‌ شیعه‌كان هه‌ڵمه‌تێكیان ده‌ستپێكردووه‌ دژی كابینه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق و ده‌یانه‌وێت مووچه‌و بودجه‌ی هه‌رێم رابگرن.


AM:11:09:25/04/2019


ئه‌م بابه‌ته 9488 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو