دیاریكردنی‌ رۆژی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن کە هاوکاتە لەگەڵ یادی ئەنفال، گه‌رمیانییه‌كان نیگه‌ران ده‌كات

‌ئەنفال زامێکی ساڕێژ نەبوو

وێستگه‌ نیوز- پشتیوان جه‌مال
ژماره‌یه‌ك رێكخراوی‌ مه‌ده‌نی‌ له‌ ده‌ڤه‌ری‌ گه‌رمیان نیگه‌رانن له‌ دیاریكردنی‌ رۆژی‌ 14ی‌ نیسانی‌ 2018 وه‌ك رۆژی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق كه‌ هاوكات له‌گه‌ڵ رۆژی‌ ئه‌نفال.


بێستون ژاڵه‌یی‌، چالاكوانی‌ مه‌ده‌نی‌ له‌ ناوچه‌ی‌ گه‌رمیان به‌ وێستگه‌ نیوزی‌ راگه‌یاند، رێكخراوه‌كانی‌ جینۆساید و ئه‌نفال و ئێن جی ئۆكانی گه‌رمیان ده‌رباره‌ی دیاریكردنی رۆژی‌ 14ی‌ نیسانی‌ 2018 به‌ ڤۆژی ده‌ستپێكی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق نیگه‌رانن.

بێستون ژاڵه‌یی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد، له‌كاتێكدا ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق كه‌ له‌پاڵ ھێزه‌ عه‌ره‌به‌ شیعه‌ و سونه‌كاندا نوێنه‌رانی چه‌ند حزبی كوردیشی تیادایه‌ ئیدانه‌ ده‌كه‌ن، هاوكات زۆر جێی سه‌رسوڕمانه‌ به‌لایانه‌وه‌ كه‌ ئه‌و كوردانه‌ی له‌و كۆمسیۆنه‌دان به‌سه‌ریاندا تێپه‌ڕێنراوه‌ و سه‌ركزانه‌ رازی بوون رۆژی كۆست و ماته‌مێكی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی كورد بكرێته‌ سه‌ره‌تای بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و رۆژی شایی و كه‌رنه‌ڤاڵ و میهره‌جانی هه‌ڵبژاردن.

ناوبراو وتی‌: "گۆڕینی رۆژی ده‌ستپێكی هه‌ڵبژاردن له‌ 10ی‌ نیسانه‌وه‌ بۆ 14ی‌ نیسان ئاماژه‌یه‌كی تری ئه‌و سه‌رده‌می شكست و ریسواییه‌یه‌ كه‌ هێزه‌ سیاسیه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كورد له‌ عیراقدا به‌سه‌ر كوردیاندا هێناوه‌ و نیشانه‌ی كه‌له‌ڕه‌قی و بوغرایی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غداشه‌ له‌هه‌مبه‌ر مافه‌ ره‌واكانی گه‌لی كوردستاندا كه‌ له‌جیاتی داوای لێبوردن له‌م تاوانه‌، دوای 30 ساڵ به‌رده‌وام زامی كه‌سوكاره‌كانیان ده‌كولێننه‌وه‌".

بێستون ژاڵه‌یی‌ هۆشداری‌ دایه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و روونیكرده‌وه‌، ئه‌وان وه‌ك رێكخراوه‌كانی ئه‌نفال و جینۆساید و ڕێكخراوه‌ ئێن جی ئۆكانی گه‌رمیان هۆشداری ده‌ده‌نه‌ حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ به‌هیچ جۆرێك ڕێگه‌ به‌ ده‌ستپێكی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌م ڕۆژه‌دا له‌ كوردستان نه‌درێ، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ هه‌ڵوێستی دیكه‌یان ده‌بێت.

هــ. ر


AM:11:39:02/04/2018


ئه‌م بابه‌ته 1944 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو