وتەبێژی پارتی: سەرۆك بارزانی بەشداری بانگەشەی هەڵبژاردن دەكات


وێستگە نیوز ـ پشتیوان جەمال
وتەبێژی پارتی لە سلێمانی رایدەگەیەنێت، مەسعود بارزانی سەرۆكی حزبەكەیان بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات، داوای لە دەزگا ئەمنییەكانیش كرد ئەركی ئەمنییەكانی سلێمانی لە كاتی بانگەشەدا بپارێزن.


عەتا شێخ حەسەن، وتەبێژی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی- هەڵەبجە بە وێستگە نیوزی راگەیاند، بەرنامەی هەڵبژاردنیان بۆ پەرلەمانی كوردستان بەشێوەیەكی مەدەنییە، وەك چۆن لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق گرێی دەروونییان بۆ كەس دروست نەكردووە، ئەمجارەش بەهەمانشێوە دەبن.

ناوبراو وتی: "باسی یەكتڕسڕینەوە ناكەین، بەڵكو كار لەسەر قوڵكردنەوەی پێكەوەژیان دەكەین، داوا دەكەین لێكتێگەیشتن دروست ببێت بۆ دیزاینێكی نوێی سیاسی بۆ بەڕێوەبردنی كوردستان، لەناو ئەندام و لایەنگرانمان و لەهەموو شوێنێك بانگەشە دەكەین، ئەمجارە جەنابی سەرۆك بارزانیش بەشداری بانگەشەی هەڵبژاردن دەكات".

زۆرجار پارێزگای سلێمانی بەیەكلاییكردنەوەی كێبڕكێی لایەنەكان ناودەبرێت، وتەبێژی پارتی لە سلێمانی داوایەكی لە دەزگا ئەمنییەكان بۆ كاتی بانگەشە كرد و وتی: "دەزگا ئەمنییەكان ئەركیان پاراستنی هێمنی و ئەمنیەتی شارە، بانگەشەی هەڵبژاردن كێبڕكێی ئاقڵانەیە بۆ بردنەوەی دەسەڵات و دروستكردنی دیزاینی نوێی سیاسی، ئەركی ئەوان دابینكردنی ئاسایشی سیاسی و كۆمەڵایەتییە بەتایبەتیش كە تائێستا ژینگەكە مەترسی تیرۆری لەسەرە".

رۆژی 30ی ئەیلول هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە و رۆژی سێشەممەش 11ی ئەیلول یەكەم رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنە و رۆژی 28ی ئەیلول كۆتا رۆژی بانگەشە دەبێت.

هــ. ر


PM:05:13:09/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 2112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو